120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ حکومەتی عێراق ئامادەکراوە، ئەگەر هەفتەی داهاتوو بەغدا یەک ئاماژە بدات هەرێمی کوردستان پارەکەی بۆ رەوانە دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، 120 ملیارەکەی داهاتی نانەوتی ئامادەیە، بەڵام وادەی ناردنی دیار نییە.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، ئەگەرێکی بەهێزە هەفتەی داهاتوو حکومەتی عێراق بڕیار لە ناردنی پارەی مووچە بۆ بەغدا بدات.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری وتی،" هەفتەی داهاتوو هەموو شت یەکلایی دەبێتەوە و ئەگەر هەیە ئێمەش پارەکە بنێرین".
ناردنی ئەو 120 ملیار دینارە لە داهاتی نانەوتی بۆ حکومەتی عێراق، بەپێی رێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کە ناوەڕاستی مانگی تەمووز پەسەندییان کردووە.
ئێستا هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق تا ئەو خاڵەی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت کە تایبەتە بە خەمڵاندنی داهاتی فیدراڵی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەگەر هەردوو حکومەت بگەنە رێککەوتنێکی نوێ لەسەر داهاتی نانەوتی، لەمەودوا هەرێمی کوردستان تەنها نیووەی داهاتی فیدراڵی دەداتە بەغدا کە بڕەکەی کەمترە لە 100 ملیار دیناری مانگانە.
خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکە پەیوەست بوو بە رادەستکردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام لەگەڵ رێککەوتنەکە زنیجرە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
هێرشە درۆنییەکان بەرهەمهێنانی نەوتییان لە زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان راگرت و هەرێمی کوردستان نەیتوانی ئەو بڕە نەوتە رادەست بکات.
رۆژی 1ـی ئابی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتنێکی نوێیان راگەیاند.
یەکێتی نیشتمانی
کوردستان داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و
چاکساز یەکڕیز بن و بەیەکڕیزی دەتوانن هاڵنگارییەکان تێ پەڕێنن.
دوای مانگێک لە
راگرتنی گفتوگۆکان رۆژی پێنجشەممە یەکێتی و پارتی کۆبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوی
کۆبوونەوەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕابوون هەوڵی جددی بدرێت لە مانگی داهاتوو
پەرلەمان کارا بکرێتەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا
جەخت لەوە کراوەتەوە دوای کارابوونی پەرلەمان، لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی
دەیەمی حکومەتی هەرێم بەردەوام بن.
هۆکاری کارانەکردنی پەرلەمانی
کوردستان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئەوەیە تائێستا هەردوو
حیزبی براوەی هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری 2024 لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
لەدوای
نزیکەی 10 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی 10ـی 2024 نەتوانراوە پەرلەمان
کاربکرێت، رەنگیشە کاراکردنی ئەو دامەزراوە گرنگە زیاتر بخایەنێت.
رۆژی شەممە بە بۆنەی 79ـهەمین ساڵیایدی
دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
پەیامێکی ئاراستەی پارتی کرد و تێیدا هاتووە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێکی کارا كە
ئەركی چاكسازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی بگرێتە ئەستۆ پێویستە یەک ڕیزبین.
لە شوباتی رابردوو یەکێتی
و پارتی لەسەر کارنامەی حکومەت رێککەوتن و ڕیککەوتنەکەشیان راگەیاند، بەڵام
دابەشکردنی پۆستەکان بووەنەتە بەربەستێکی گەورەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ و
تا ئێستا نەتوانراوە ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە.
گوفتوگۆکانی پێکهێنانی
کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان هەردوولا بەردەوامە و هەر
لایەکیان پێشنیاز و داواکاری خۆیی هەیە و بەپێی بەدواداچوونەکانی MIC هێشتا ناکۆکی لەسەر پۆستەکان هەیە و هەردو حیزب دورن لەیەکەوە.
هەرچەندە لەسەر ئاستی
باڵا لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ نێردە دیبلۆماسییەکان جەختیان لە پێکهێنانی کابینەی
دەیەم لە پێش بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووتەوە کە وابڕیارە لە تشرینی
دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام تائێستا ئەنجامێکی دڵخۆشکەر نییە و بەبڕوای چاودێران
قورسە فریا بکەون پێش هەڵبژاردن حکومەتی نوێ پێکبهێنن.
کۆبوونەوەی پێنجشەممەی ڕابدوو و وروژاندنی کاراکردنەوەی پەرلەمانیش ڕەنگە هەوڵی هەردو لابێت بۆ رزگاربوون لە فشارە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان، نەک هەوڵێکی جددی کردەیی بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمان.
بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە
هۆکاری پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ ئەوەیە هەردوو حیزب دەیانەوێت، پۆستەکان لە
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی داهاتووی عێراق بکەنە یەک پاکێج، بۆیە هەموو ئەگەرەکان
بۆ ئەوەن پێکهێنانی کابینەی نوێ دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.