شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت و
مووچە گەیشتوون بەرێککەوتن، رێککەوتنەکە تەنها ئەوەی ماوە سودانی ئیمزای
لەسەربکات، لە کۆبونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ئیمزاکردن یان رەتکردنەوەی
رێککەوتنەکە یەکلایی دەبێتەوە.
چەند رۆژێکە شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لە
گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێگەچارەیەک بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هەرچەندە تائێستا ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە
بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام هەردولا رێککەوتوون لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و
رادەستکردنی نیوەی داهاتی ناخۆ لەلایەن هەرێمەوە بە بەغدا، لەبەرامبەردا بەغدا مووچەی
هەرێم دەنێرێت.
مەسرور بارزانی، سەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای
کۆتاییهاتنی کۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە، هەرێم هەموو نەرمییەکی
نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی
داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
بەنوەی سەرۆکی حکومەت، ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا
نەوتییەکان، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاریان لە گەل حکومەتی فیدڕال پێشان داوە
بۆ هەناردە کردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاسا و بیانووانەی کە بەغدا
بەکاریهێناون بۆ نەناردنی مووچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت
رایگەیاند، چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو
لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی
نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە
بەپێی زانیارییەکان، سێ رۆژە شاندی بەغدا و هەرێم لەسەر
رەشنوسێک رێککەوتوون، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا لە کۆبونەوەی 1ـى تەموز
ئونجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر رەشنوسەکە بدات، بەڵام سودانی دەیەوێت
رەزامەندی لایەنەکان چوارچێوەی هەماهەنگی وەربگرێت.
ئەمشەو چوارشەممە کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەسڕە
ئەنجام دەدەرێت و سودانی بەشدار دەبێت و رەشنوسی رێککەوتنەکە لەگەڵ خۆی دەباتە سەر
مێزی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ واژۆ کردن و وەرگرتنی رەزامەندی.
لە ئەگەری رەزامەندی
چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوا سودانی ئیمزا لەسەر رێککەوتنەکە دەکات و دەچێتە بواری
جێبەجێکردنەوە، هەرچەندە تائێستا رووننییە هەناردەکردنوەی نەوت پێش ناردنی موچە
دەکەوێت، یان پێش هەناردەکردنەوەی نەوت موچە لەلایەن بەغداوە دەنێردرێت.
لەپاش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، توانا کارگێڕیی و یاساییەکانی
فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە عێراق زیاتر لە دەرکەوتوون، دەستوەردانەکانی
لەبوارە جیاجیاکان و دەستوپەنجە و سیناریۆکانی زیاتر بە دۆخی عێراقەوە دەردەکەون.
کەس نەیدەزانی، بەس فایەق دەیزانی
رۆژی 19ی 6ی 2025، لە دادگای فیدراڵی عێراق، 9 ئەندام لەکۆی 13 ئەندام
دەستیان لەکارکێشایەوە، چەند کاتژمێرێک بەرلەوەی دادگاکە کۆببێتەوە بۆ دەرکردنی
فەرمانسالاریی لەبارەی بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ وەستاندنی پارەناردن
بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها دۆسیەی خۆر عەبدوڵا.
سەرەتا کەس نەیدەزانی ئەو
ئەندامانە بۆچی دەستیانلەکارکێشاوەتەوە، تەنانەت دادوەرێکی کوردی ئەندامی دادگاکە
بەناوی جاسم
جەزا، بە دیجیتاڵ میدیای MICـى وت: دەستم لە ئەندامێتی دادگای فیدڕاڵی
نەکێشاوەتەوە و نازانم هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامەکانی دیکەی
دادگاکە چییە.
دواتر لە میدیاکانەوە
ژێربەژێر باسی ئەوە دەکرا کە بەهۆی فشاری لایەنە عێراقییەکان لەسەر ئەندامانی
دادگاکە بۆ دۆسیەی خۆر عەبدوڵا، یان فەرمانسالاری بۆ پرسی موچەی فەرمانبەرانی
هەرێم و بابەتی دیکە.. دادوەرەکان دەستیانلەکار کێشاوەتەوە و
کاری دادگاکە راگیراوە.
هێشتا سیناریۆکە ئاشکرا نەکرابوو
لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام دادوەر فائیق زێدان، جموجوڵەکانی دەستپێکردبوون و دیاربوو
شتێک لەژور سەریدایە.
گرنگیی دادگای فیدراڵیی
دادگای فیدراڵی، باڵاترین
دادگایە لە عێراقدا، کە ئەرکی "پشکنین و چاودێرییکردنی دەستوورییبوونی یاسا و
رێساکانی کارپێکراوە لە عێراقدا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەیە کە لەگەڵ بڕگەکانی
دەستووردا ناکۆکن و لە پەرلەمان پەسەندکراون".
بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنەکە،
"ئەو لیژنەیەی کە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی دادگا دیاری کراوە کە لە مادەی 3-یەکەم
و دووەمی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیدا هاتووە، رەزامەندی دەربڕی لەسەر رەوانەکردنی
سەرۆکی ئێستای دادگای باڵای فیدراڵی، دادوەر جاسم محمد عەبود، بۆ خانەنشین بوون بە
هۆکاری تەندروستی و کاندیدکردنی جێگری سەرۆکی دادگای فیدراڵی، دادوەر مونزیر ئیبراهیم
حسێن، لە شوێنی ئەو.
بەپێی مادەی ٣-یەکەم، دادگای
باڵای فیدراڵی لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و حەوت ئەندامی کارا و سێ ئەندامی یەدەگ
پێکدێت، سەرۆکی دادگا لەنیو دادوەرە کاراکاندا هەڵدەبژێردرێت، هەربۆیە تەنها کاتێک
لێشاوی دەستلەکارکێشانەوە دەستیپێکرد، ئەندامێکی کارا و دوو ئەندامی یەدەگ دەستیانلەکار
نەکێشابوویەوە و سیناریۆکە دیاربوو.
د. یەحیا کوبەیسی، چاودێری
سیاسی لە عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسی: "دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی
دادوەرەکان لە دادگای باڵای فیدراڵی "ناشەرعی"یە، لەوەدەچێت "ئۆردەر"ێکیان
پێگەیشتبێت بۆ دەستلەکارکێشانەوە!"
کوبەیسی پێشبینی ئەوە دەکات کە
دادگای داهاتووی فیدراڵی عێراق ملکەچی ئەنجومەنی دادوەری عێراق دەبێت و سەردەمێکی
نوێی دادگاکە دەستپێدەکات.
ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە بڕیارێکی
لەو جۆرە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی لەناکاوی ئەندامان، تەنها لەتوانای یەک کەسدایە،
کە مەبەستی "فائیق زێدان"ە.
«فـــائـــدة»:
— د. يحيىٰ الكبيسي (@DrYahyaAlkubisi) June 19, 2025
الإستقالة الجماعية لقُضاة المحكمة الإتحادية العليا «غير الشرعية» يعني أن ثمة «أوردراً» قد وصل إليهم بالإستقالة!
وذلك لإسقاط جاسم العميري ومحكمته! ولضمان أن تكون المحكمة الإتحادية العُليا القادمة «تابعة» لإقطاعية مجلس القضاء الأعلى بالكامل!
ولا يُمكن أن يصدر هكذا…
بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی
دادوەری کە زێدان سەرۆکایەتی دەکات، سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی، دادوەر مونزیر
ئیبراهیم حسێن:
ساڵی 1963 لە بەغداد
لەدایکبووە
1989 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە
1998 پەیمانگای دادوەریی تەواوکردووە
لە 2018ەوە لە دادگای فیدراڵی کاردەکات
جێگری سەرۆکی دادگای تەمیز و
سەرۆکی دەستەی سزاکانبووە تیایدا
ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای
فیدراڵیی بووە
بە پەسەندکردنی ناوی دادوەر
مونزیر بۆ پۆستی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی، کێبڕکێی نێوان حاکم زێدان و حاکم
جاسم بە سەرکەوتنی یەکەمیان کۆتایی هات و دووەمیان ناچاری خانەنشینبوونکرا و تەنها
لەماوەی یەک هەفتەدا هەموو مامەڵەکانی بۆتەواوکرا و جێگرەوەی بۆ دەستنیشانکرا.
هەربۆیە رۆژی 1ی تەموز، دادوەر
زێدان چووە بەشی سەرەوەی مێزە هێلکەییەکە و وەکو سەرۆکی سێبەری دادگای فیدراڵیی،
کۆبوونەوەیەکی بە 12 ئەندامەکەی دادگای باڵای فیدراڵی کرد و بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی
9 ئەندامەکەی هەڵوەشاندەوە و لەگەڵیاندا کۆبوویەوە.
گێچەڵکردن بە حاکم جاسم
حاکم جاسم عەبودی، ساڵی 2020 لەسەردەمی دکتۆر بەرهەم
ساڵح، کە سەرۆککۆماری عێراق بوو، سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکاربوو، هەتا توانی
بڕیاری گرنگ و یەکلاکەرەوەی لە دادگای فیدراڵی دەرکرد و چەندین دۆسیەی گرنگی بۆ تیمی
دەسەڵات لە بەغداد یەکلاکردەوە.
یەکێک لەو بابەتانەی بۆ کاستی دەسەڵاتداری عێراق
ئەنجامیدا، چەسپاندنی چەمکی "سێیەکی لەکارخستن - الثلث المعطل" بوو، بۆ
ئەوەی رێگە نەدرێت براوەی هەڵبژاردن بتوانێت بە خواستی خۆی حکومەت پێکبهێنێت،
بەڵکو دەبێت بگەڕێتەوە ناو هاوپەیمانییەکی گەورە و مەرجەکانیان پەسەند بکات و
کاندیدێکی تەوافوقی سەربخرێت بۆ پۆستە باڵاکان، بە پێچەوانەوە سێیەکی ئەندامانی
پەرلەمان دەتوانن کۆبوونەوەکە پەکبخەن و دەنگ نەدرێت بە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی
وەزیران.
یەکێکی دیکە لە کارەکانی حاکم جاسم، بڕیاری راگرتنی
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو لەڕیگەی بۆری و بەندەری جەیهانی تورکیاوە،
ئەوەش کۆتاییهێنا بە بیرۆکەی ئابووری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان.
بڕیارێکی دیکەی گرنگی حاکم جاسم، فەرمانسالاری بەجێکردنی
موچەی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی
کوردستان بوو، کە ئێستا لێکدانەوەی جیاوازی بۆدەکرێت و هێشتا حکومەتی هەرێم و
حکومەتی بەغداد بە چەندین پاساو پابەند نەبوون پێوەی.
هەروەها حاکم جاسم چەندین بڕیاری گرنگی دیکەی بۆ
راستکردنەوەی دۆخی کارگێڕیی و یاسایی لە عێراق ئەنجامدا، بەڵام بەرلەوەی دوو
بڕیاری گرنگی دیکە دەربکات، تواناکانی لەکارخرا.
یەکەم/ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەرلەمان لەسەردەمی نوری
مالیکی-دا بۆ گەڕاندنەوەی خاکی خۆر عەبدوڵا بۆ وڵاتی کوەیت پەسەندکرابوو، هەر بۆیە
ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵیی بە دژایەتییەک دادەنرا بۆ نوری مالیکی، سەرۆکی
دەوڵەتی قانون و یەکێک لە سەرکردە شیعیەکان و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت.
دووەم/ دەرکردنی فەرمانسالاری بۆ حکومەتی عێراق بۆ
ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پاش ئەوەی وەزیری دارایی کە نزیکە لە
گروپێکی حەشدی شەعبی (قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق)، بڕیاریدابوو
ئیتر موچە نەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی هەرێم پشکی لە بودجەی 2025دا
نەماوە.
ئەو دوو بڕیارە بە دژایەتییەکی قوڵی سەرکردە باڵاکانی
شیعە لەقەڵەم دەدرا، هەر بۆیە سەری حاکم جاسمی خوارد و پێدەچێت لە داهاتوودا دۆخێکی
سەختتر بەڕێوەبێت بۆ بەلاداخستنی ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداد.
هێشتا نازانرێت ئەجێندای حاکم زێدان و سەرۆکە نوێیەکەی
دادگای باڵای فیدراڵیی چۆن دەبێت، بەڵام دەبێت هەرێم بزانێت کە ئایندەیەکی سەختی
یاسایی و دەستوریی لە پێشیدایە.
حاکم زێدان سەرسەختانە کار بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری
هەمیشەیی عێراق دەکات، بەمەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی لە دەستورەکەدا و
دەستکارییکردنی هەندێک بڕگە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە دەسەڵاتی هەرێمەکان و
خواستی پێکهێنانی هەرێمی دیکەیە لە سێ پارێزگادا.