هەواڵ

کونسوڵی چین لە هەرێمی کوردستان: تەنها یەک چین لە جیهاندا هەیە و هەرێمی تایوان بەشێکە لە چین و وڵات نییە

Mic
2025-06-22

کونسوڵی چین لە هەرێمی کوردستان باسی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 2758 دەکات و دەڵێت، بڕیارنامەکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە تەنها یەک چین لە جیهاندا هەیە و هەرێمی تایوان بەشێکە لە چین و وڵات نییە.

لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، هەرێمی تایوان بەشێکی بێبەشنەکراوی خاکی چینە و حکومەتی کۆماری میللی چین تاکە حکومەتی شەرعییە کە نوێنەرایەتی تەواوی چین دەکات.

باسی لەوەشکردووە، بڕیارنامەی ژمارە 2758ـی نەتەوە یەکگرتوەکان هێزێکی یاسایی بەرفراوان و دەسەڵاتدار هەڵدەگرێت، و هەموو وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕێنمایی و پابەند دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە پەیوەندیدارەکانی تایوان بەپێی بنەمای یەک چین.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

پرسیار: بڕیارنامەی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 2758 چییە؟

لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: لە میانی بیست و شەشەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1971، ئەلبانیا، جەزائیر و  21 وڵاتی دیکە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان پێشکەش کرد بۆ گەڕاندنەوەی مافە ڕەواکانی کۆماری میللی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەرکردنی دەستبەجێ نوێنەرانی گرووپی چیانگ کای شێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ڕێکخراوەکانی پەیوەست بەوەوە. 

ئەم بڕیارنامەیە بە زۆرینەی رەهای دەنگ پەسەند کرا، ئەمە بڕیارنامەی ژمارە 2758 ی  ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە. دەقی بڕیارنامەکەش بەم شێوەیەی خوارەوەیە: 

ئەنجوومەنی گشتی، بەبیرهێنانەوەی بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی گەڕاندنەوەی مافە ڕەواکانی کۆماری میللی چین زۆر گرنگە بۆ پاراستنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو پرسەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە خزمەتی بکات بەپێی میساقەکە.

بە داننان بەوەی کە نوێنەرانی حکومەتی کۆماری میللی چین تاکە نوێنەری یاسایی چینن لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆماری میللی چین یەکێکە لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، بڕیار دەدات هەموو مافەکان بۆ کۆماری میللی چین بگەڕێنێتەوە و نوێنەرانی حکومەتەکەی وەک تاکە نوێنەری شەرعی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بناسێنێت و دەستبەجێ نوێنەرانی چیانگ کای شێک لەو شوێنە دەربکات کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە هەموو ڕێکخراوەکانی پەیوەست بەوەوە داگیریان کردووە.

ئەم بڕیارنامەیە هێزێکی یاسایی بەرفراوان و دەسەڵاتدار هەڵدەگرێت، و هەموو وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕێنمایی و پابەند دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە پەیوەندیدارەکانی تایوان بەپێی بنەمای یەک چین.

پرسیار : بۆچی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1971 بڕیارنامەی ژمارە 2758 ی پەسەند کرد؟

لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1945 دامەزراوە، چین یەکێکە لە ئەندامی دامەزرێنەر و یەکێکە لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ساڵی 1949 حکومەتی کۆماری میللی چین دامەزرا، جێگەی حکومەتی کۆماری چینی گرتەوە وەک تاکە حکومەتی یاسایی کە نوێنەرایەتی تەواوی چین دەکات. 
ئەمەش بریتی بوو لە گۆڕینی حکومەت بەبێ گۆڕینی چین وەک بابەتێکی یاسای نێودەوڵەتی. سەروەری چین و سنوورە خاکییە سروشتییەکانی نەگۆڕا. 

بەدڵنیاییەوە حکومەتی کۆماری میللی چین سەروەری تەواوی بەسەر چیندا هەیە و بەکاریدەهێنێت، لەنێوانیاندا سەروەری بەسەر تایواندا.

لە چوارچێوەی سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بابەتێکی ئاسایی بوو کە حکومەتی کۆماری میللی چین نوێنەر بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی دەستنیشان بکات، و نوێنەرانی دەسەڵاتدارانی تایوان کە چیتر نەیانتوانی نوێنەرایەتی گەلی چین بکەن، دەربکات. بەڵام بەهۆی دەستوەردانی حکومەتی ئەمریکا، کورسی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تایوانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر داگیرکرا.

دوای دامەزراندنی کۆماری میللی چین، حکومەتی چین و گەلی چین خەریکی خەباتێکی یەکلاکەرەوە بوون بۆ گەڕاندنەوەی کورسی شەرعی خۆیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پشتیوانی زۆریان لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە گەلانی ئاشتیخواز و دادپەروەر بەدەستهێنا.

لە ساڵانی شەستەکاندا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پێگەی نێودەوڵەتی چین و چوونە ژوورەوەی بەردەوامی زۆرێک لە وڵاتانی تازە سەربەخۆ لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بۆ ناو نەتەوە یەکگرتووەکان، تا دەهات قورستر بوو بۆ ئەمریکا ڕێگری لە کۆماری میللی چین بکات لە وەرگرتنەوەی کورسی شەرعی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

وەک دەوترێت: “دۆزی دادپەروەرانە پشتگیری زۆری لێدەکرێت  لە کاتێکدا دۆزی نادادپەروەرانە پشتگیری زۆری لێناکرێت”. لە 25 ی تشرینی یەکەمی 1971دا، لە بیست و شەشەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی ڕەهای دەنگ بڕیارنامەی ژمارە 2758 پەسەند کرا: بە  76 دەنگی بەڵێ،  35 دەنگی نەخێر و 17 لایەن کە دەنگیان نەدا. 

لە بڕیارنامەکەدا بڕیاردرا سەرجەم مافەکانی کۆماری میللی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێنرێتەوە و نوێنەرانی حکومەتی کۆماری میللی چین وەک تاکە نوێنەری شەرعی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بناسرێت و نوێنەرایەتی و کورسی هەموو چین بە تایوانیشەوە بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەتی کۆماری میللی چین.

بۆ گەلی چین ئەمە دادپەروەرییەکی دواکەوتوو بوو، پرسی نوێنەرایەتی هەموو چین بە تایوانیشەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە تەواوی چارەسەر کرا.

پرسیار : گرنگی مێژوویی بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان چییە؟

لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: گرنگی مێژوویی بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوەدایە کە دەرئەنجامی هەوڵە بەکۆمەڵەکانی هەموو ئەو وڵاتانەیە کە ئاشتییان خۆشدەوێت و دادپەروەری لە سەرانسەری جیهاندا دەپارێزن. 

ئەوە ئاماژەیە بەوەی کە گەلی چین کە چارەکێکی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، گەڕانەوە سەر شانۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش وایکرد نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕاستی گشتگیرترین و نوێنەرایەترین و دەسەڵاتدارترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی حکومی بێت. 

ئەمە سەرکەوتنێکە بۆ گەلی چین و بۆ گەلانی جیهان، هەڵگری مانایەکی گەورە و کاریگەریی قووڵە هەم بۆ چین و هەم بۆ جیهان.

گەڕاندنەوەی کورسی شەرعی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لاپەڕەیەکی نوێی هەماهەنگی نێوان چین و نەتەوە یەکگرتووەکانی کردەوە. زیاتر لە 50 ساڵە کۆماری میللی چین بە بەردەوامی پابەندە بە بەڵێنەکانیەوە و جێبەجێی دەکات.

بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانی وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەئەستۆ گرتووە، بەرگری لە میساق و بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، پارێزگاری لە دەسەڵات و پێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پشتیوانی لە ڕۆڵی ناوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری نێودەوڵەتیدا کردووە، هەروەها ئەزمونکردنی فرەلایەنی و قووڵکردنەوەی هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان. 

بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە لە بەرزڕاگرتنی یەکسانی و دادپەروەری نێودەوڵەتی، بەرەوپێشبردنی ئاشتی و گەشەپێدانی جیهانی، بەهێزکردنی هەماهەنگی دۆستانە لە نێوان وڵاتان و پێشخستنی دۆزی پێشکەوتنی مرۆیی.

پرسیار: پەیوەندی نێوان بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەمای یەک چین چییە؟

لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: مانای سەرەکی بنەمای یەک چین سێ لایەن لەخۆدەگرێت: تەنها یەک چین لە جیهاندا هەیە، هەرێمی تایوان بەشێکی بێبەشنەکراوی خاکی چینە و حکومەتی کۆماری میللی چین تاکە حکومەتی شەرعییە کە نوێنەرایەتی تەواوی چین دەکات.

بنەمای یەک چین بنچینە و بنەمای سیاسی بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بە فەرمی بنەمای یەک چین دووپات دەکاتەوە و بە تەواوی بەرجەستەی دەکات. 

بڕیارنامەکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە تەنها یەک چین لە جیهاندا هەیە و هەرێمی تایوان بەشێکە لە چین و وڵات نییە. دووپاتی دەکاتەوە کە چین یەک کورسی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە و حکومەتی کۆماری میللی چین تاکە نوێنەری شەرعی تەواوی چینە، بە هەرێمی تایوانیشەوە. شتێک نییە بە ناوی “دوو چین” یان “یەک چین، یەک تایوان”.

دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی 2758، هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە "پارێزگایەکی چین" ئاماژەیان بە تایوان کرد. و لە بۆچوونە یاساییە فەرمییەکان کە لەلایەن بەشی کاروباری یاسایی سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بە ڕوونی باس لەوە دەکەن کە "نەتەوە یەکگرتووەکان تایوان بە پارێزگایەکی چین دەزانێت و هیچ  پێگەیەکی جیاوازی نییە". و "'دەسەڵاتداران' لە 'تایپە'دا هیچ جۆرە پێگەیەکی حکومییان نییە." ئەمە هەڵوێستی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە و ئەم هەڵوێستە بە ڕوونی پەسەند کراوە.

پەسەندکردنی بڕیارنامەی 2758 کاریگەری سیاسی بەرفراوان و قووڵی لەسەر پراکتیکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەبوو. بە شێوەیەکی کاریگەر بنەمای یەک چینی کردە ستاندەرێکی بنەڕەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کۆدەنگییەکی باو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. تا ئێستا 183 وڵات پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ چین لەسەر بنەمای یەک چین دامەزراندووە و پەرەیان پێداوە.

پرسیار: پەیوەندی نێوان بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ بەڵگەنامە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی وەک جاڕنامەی قاهیرە و جاڕنامەی پۆتسدام چییە؟

لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: سەبارەت بە دووپاتکردنەوەی بنەمای یەک چین، بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ڕۆحی بەڵگەنامە یاساییە نێودەوڵەتییەکان وەک جاڕنامەی قاهیرە، جاڕنامەی پۆتسدام و ئامرازە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا یەکدەگرێتەوە.

لە 1ی کانونی یەکەمی ساڵی 1943 حکومەتەکانی چین و ئەمریکا و بەریتانیا جاڕنامەی قاهیرەیان دەرکرد و تیایدا ئاماژەیان بەوەدا کە مەبەستیان ئەوەیە هەموو ئەو خاکانەی ژاپۆن لە چین داگیری کردووە وەک باکوری ڕۆژهەڵاتی چین و تایوان و دوورگەکانی پێنگو بگەڕێندرێنەوە بۆ چین. لە 26 ی تەمموزی 1945، جاڕنامەی پۆتسدام کە هەمان سێ وڵات واژۆیان کرد و دواتر یەکێتی سۆڤیەتیش واژووی کرد، دووپاتی کردەوە کە "دەبێت مەرجەکانی جاڕنامەی قاهیرە جێبەجێ بکرێت". 

لە ئەیلوولی ساڵی 1945 ژاپۆن واژۆ لەسەر بەڵگەنامەی خۆ بەدەستەوەدانی ژاپۆنی کرد و بەڵێنیدا "بە نیەتێکی باش بڕگەکانی جاڕنامەی پۆتسدام جێبەجێ بکات". ئەم بەڵگەنامە یاساییە نێودەوڵەتیانە لەوانەش جاڕنامەی قاهیرە، جاڕنامەی پۆتسدام و  بەڵگەنامەی خۆ بەدەستەوەدانی ژاپۆن هەموویان سەروەری چینیان بەسەر هەرێمی تایواندا پشتڕاستکردەوە. ئەم بەڵگەنامانە دەستکەوتی گەورەی شەڕی دژە فاشیستی جیهانین و وەک بەردی بناغەی یاسایی سیستەمی نێودەوڵەتی دوای جەنگ کاردەکەن. 

پرسیار: زاراوەی "کۆماری چین" و "تایوان" لە بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی پێناکرێت، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە بڕیارنامەکە پەیوەندی بە تایوانەوە نییە؟

لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: “حکومەتی کۆماری چین” ڕژێمێکی ڕووخێنراو بوو هەربۆیە چیتر حکومەتی شەرعی چین نەبوو. نەیدەتوانی نوێنەرایەتی چین بکات کە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. بۆیە نابێت لە بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 1971 پەسەندکرا، زاراوەی "نوێنەرانی حکومەتی کۆماری چین" بەکاربهێنرێت. 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و لە دەوڵەتانی خاوەن سەروەر پێکهاتووە و تەنیا نوێنەری ئەو وڵاتانە وەردەگرێت. و لەبەر ئەوەی تایوان بەشێکە لە چین و دەوڵەتێکی خاوەن سەروەر نییە، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگە بە تایوان نادات نوێنەر بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بنێرێت. بۆیە دەستەواژەی "دەرکردنی نوێنەرانی چیانگ کای شێک" بەکارهێنراە. کە ئەمەش دەستەواژەیەکی ورد و دروستە.

پرسیار: بۆچی لۆژیکی نییە بڵێین بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان "هیچ پەیوەندییەکی بە تایوانەوە نییە"؟

لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: تایوان لە کۆنەوە خاکی چین بووە. مێژووی چین کە 10 هەزار ساڵ کولتوور و زیاتر لە 5 هەزار ساڵ شارستانیەت لەخۆدەگرێت، شایەدی ئەوە دەدات کە باوباپیرانمان بۆ ژیان و گەشەکردن ڕوویان لە تایوان کردووە؛ کە هاووڵاتییانمان لە هەردوو دیوی گەرووی تایوان بە هاوبەشی بەرەنگاری دەستدرێژی دەرەکی بوون و تایوانیان وەرگرتەوە، و هاووڵاتیانی هەردوولا پێکەوە کاردەکەن بۆ نوێبوونەوەی نیشتمانی.

بەهۆی شکستی یەکەمین جەنگی چین و ژاپۆن لە ساڵی 1895، حکومەتی شانشینی چینگ (1644- 1911) ناچار بوو دوورگەی تایوان و دوورگەکانی پێنگو ڕادەستی ژاپۆن بکات. تایوان بۆ ماوەی نیو سەدە لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە داگیرکرا. 

جاڕنامەی قاهیرە لە ساڵی 1943 و جاڕنامەی پۆتسدام لە ساڵی 1945 بە ڕوونی ئاماژەیان بەو خاکانەی چین کردووە کە لەلایەن ژاپۆنەوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەوانەش تایوان و دوورگەکانی پێنگو، کە پێویستە بگەڕێندرێتەوە بۆ چین.

 لە 2ی ئەیلوولی 1945، ژاپۆن بەڵگەنامەی خۆ بەدەستدانەوەی واژۆ کرد، و بەڵێنیدا بە دڵسۆزیەوە ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکات کە لە بڕگەکانی جاڕنامەی پۆتسدامدا هاتووە. لە 25ی ئۆکتۆبەردا حکومەتی چین دەستپێکردنەوەی سەروەری بەسەر تایوان ڕاگەیاند و لە تایپە لە هەرێمی تایوان لە شانۆی جەنگی چینی زلهێزەکانی هاوپەیمانان مەراسیمی خۆ بەدەستدانەوەی ژاپۆن بەڕێوەچوو.  

لەو کاتەوە چین لە ڕێگەی کۆمەڵێک بەڵگەنامە کە کاریگەری یاسایی نێودەوڵەتییان هەیە، تایوانی بە شێوەیەکی یاسایی و واقیعی وەرگرتەوە. تایوان جگە لەوەی بەشێکە لە چین هیچ پێگەیەکی دیکەی یاسایی نێودەوڵەتی نییە.

بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 1971 پەسەندکرا،  لەسەر بنەمای ئەوەی چین دەوڵەتێکی تەواو و تایوان بەشێکە لە چین، ئەو پرسیارەی یەکلاکردەوە کە کێ نوێنەری شەرعی چینە. 

بڕیارنامەکە بە ڕوونی ڕایگەیاند کە "دەستبەجێ نوێنەرانی چیانگ کای شێک لەو شوێنانە دەربکرێن کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە هەموو ڕێکخراوەکانی پەیوەست بەوەوە داگیریان کردووە." 

چیانگ کای شێک لەو کاتەدا سەرۆکی دەسەڵاتدارانی تایوان بووە و "نوێنەرانی چیانگ کای شێک" ئاماژەیان بە نوێنەرانی دەسەڵاتدارانی تایوان کردووە. لە میانی ئەو گفتوگۆیانەی کە بوونە هۆی ڕاگەیاندنی بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا لەگەڵ چەند وڵاتێکدا یەکیان گرتبوو بۆ ئەوەی هەوڵی دروستکردنی "دوو چین" یان "یەک چین، یەک تایوان" بدەن و پاڵنانی پێشنیارێکی "دوو نوێنەرایەتی" بکەن. 

زۆرێک لە وڵاتان هەنگاویان نا و دژایەتی ڕوونی خۆیان دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو پێشنیارە "نایاساییە و ناتەبایە لەگەڵ واقیع و دادپەروەری و بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان".

 لە کۆتاییدا ئەو پێشنیارە نەیتوانی بگاتە دەنگدان و ڕەتکرایەوە. هەروەها "نوێنەری چیانگ کای شێک" دانی بەوەدانا کە "وڵاتانی دیکە هەمیشە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تایوان بەشێکە لە خاکی چین، و منیش بە تەواوی بەگەڵ ئەم بۆچوونەدام"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردەوە کە "خەڵکی تایوان لە ڕووی ڕەگەز و مێژوو و کولتوورەوە چینین."

لە دەق و گفتوگۆکانی بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە دانپێدانان بە نوێنەرانی حکومەتی کۆماری میللی چین و دەرکردنی "نوێنەرانی چیانگ کای شێک" لە یەک کاتدا لە چوارچێوەی یەک چیندا ڕوویداوە. 

هەندێک لە هێزەکان کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بڕیارەکە "هیچ پەیوەندییەکی بە تایوانەوە نییە" دوورن لە ڕاستی، ئەمەش یان بەهۆی نەزانینی مێژووییەوە یان پاڵنەرە نهێنییەکان.

پرسیار: بڕیارنامەی 2758 دان بەوەدا دەنێت کە "نوێنەرانی حکومەتی کۆماری میللی چین تاکە نوێنەری شەرعی چینن لە نەتەوە یەکگرتووەکان". "تەنها نوێنەری شەرعی" واتای چییە؟

لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری تەنیا بە یەک حکومەتی ناوەندی دەتوانێت نوێنەرایەتی بکرێت. بڕیارنامەکەش ڕوونی دەکاتەوە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا تەنها یەک کورسی بۆ چین هەیە، ئەویش کۆماری میللی چینە و لە جیهاندا تەنها یەک چین هەیە، بۆیە شتێک نییە بە ناوی “دوو چین” یان “یەک چین، یەک تایوان”. 

حکومەتی کۆماری میللی چین بە شێوەیەکی سروشتی سەروەری تەواوی بەسەر چیندا هەیە و بەکاریدەهێنێت، لەنێویاندا سەروەری بەسەر تایواندا.

پرسیار: بۆچی بەرەنگاری بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرەنگارییە بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم و دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان؟

لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: بڕیارنامەی 2758 بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە "بە ئاماژەدان بە بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان"، "گەڕاندنەوەی مافە ڕەواکانی کۆماری میللی چین زۆر گرنگە بۆ پاراستنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو پرسەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە خزمەتی بکات بەپێی میساقەکە."  ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی ڕوونی بڕیارنامەکەیە سەبارەت بە بەرزڕاگرتنی دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان ناوەندی نەزمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەمە. گەڕاندنەوەی کورسی شایستەی کۆماری میللی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گەڕانەوەی گەلی چین بوو کە نوێنەرایەتی چارەکێکی دانیشتوانی جیهان دەکەن بۆ سەر شانۆی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم بابەتە گرنگییەکی گەورە و فراوانی هەیە بۆ سەر چین و جیهان. 

هەر هەوڵێک بۆ بەرەنگاری بڕیارنامەی  2758 نەک تەنها بەرەنگارییە بۆ سەروەری چین و یەکپارچەیی خاکی چین، بەڵکو بەرەنگارییە بۆ دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها نەزمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم. پێچەوانەکردنەوەی ڕەوتی مێژوو بە ئاشکرا شتێکی بێمانایە و زۆر مەترسیدارە.

پرسیار: بۆچی هەندێک کەس لە ئەمریکا هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی زیانبەخش بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سیاسی بکەن؟  

لیو جیون کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان: ئەمریکا وەک واژۆکارێک لەسەر جاڕنامەی قاهیرە و جاڕنامەی پۆتسدام، بە تەواوی ئاگاداری ئەو ڕاستییە مێژوویی و یاساییە کە تایوان بەشێکە لە چین. بنەمای یەک چین بناغەی سیاسی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا پێکدەهێنێت. ئەمریکا لە سێ بەیاننامە هاوبەشەکەیدا کە لەگەڵ چین واژۆیان کردووە، بەڵێنی جددی لەبارەی پرسی تایوانەوە داوە. 

لایەنی ئەمریکی بە ڕوونی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە حکومەتی ئەمریکا حکومەتی کۆماری میللی چین وەک تاکە حکومەتی شەرعی چین دەناسێت و دان بە هەڵوێستی چیندا دەنێت کە یەک چین هەیە لە جیهاندا و تایوان بەشێکە لە چین. 

ئەم پابەندبوونە سیاسییە بناغەی سیاسی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا پێکدەهێنێت، و بریتییە لە جەوهەری سیاسەتی یەک چین کە ئەمریکا پەیڕەوی دەکات و بە تەواوی لەگەڵ ڕۆحی بڕیارنامەی 2758دا یەکدەگرێتەوە. لەو کاتەوە هەموو ئیدارەکانی ئەمریکا بەڵێنی ڕوونیان لەسەر پرسی تایوان داوە و دانیان بەوەدا ناوە کە پابەندبوون بە بڕیارنامەی 2758 ئەرکێکە کە ئەمریکا پێویستە وەک ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێی بکات.

لەم ساڵانی ڕابردوودا هەندێک کەس لە ئەمریکا هەڵوێستی خۆیان پێچەوانە کردۆتەوە و هەرایان لەسەر بڕیارنامەی 2758ی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بڕیارنامەکە ئاماژەی بە پێگەی سیاسی تایوانی نەکردووە. بەڵام ئەوەی پێی دەوترێت پێگەی دیارینەکراوی تایوان هیچی تر نییە جگە لە بوژانەوەی بابەتی "یەک چین، یەک تایوانی" ساڵی 1971. 
لە پشت ئەمەشەوە بیرکردنەوەی هەژمونگەرایی ئەمریکا و بیرکردنەوەی جەنگی ساردە کە چین وەک ڕکابەری ستراتیژی سەرەکی ئەمریکا و توندترین بەرەنگاری درێژخایەن دەبینێت. لە ژێر ڕۆشنایی ئەمەشدا، ئەمریکا بە بەکارهێنانی “کارتی تایوان” هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و سەرکوتکردنی چین دەدات.

بەرەنگاری بڕیارنامەی 2758، ڕاستییە مێژوویی و یاساییەکان پشتگوێ دەخات و پێچەوانەی ئەو بەڵێنە سیاسییە جددیانەیە کە ئیدارەکانی ئەمریکا دوا بەدوای یەک لە سێ بەیاننامەی هاوبەشی نێوان چین و ئەمریکادا داویانە. 

ئەمەش دوو ستاندارد و کرداری هەژموونگەرانەی هەندێک لە هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکات کە یاسای نێودەوڵەتی و بنەما سەرەتاییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەو کاتەی بۆیان بگونجێت جێبەجێ دەکەن، و ئەو کاتەی لە بەرژەوەندی خۆیان نەبێت پشتگۆی دەخەن. سەردەمی هەژموون و دەسەڵاتی باڵادەست بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کۆتایی هاتووە، بەکارهێنانی "کارتی تایوان" و هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی چین پێچەوانەی ڕەوتە جیهانییە بنەڕەتییەکانە و بەدڵنیایەوە شکست دەهێنێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

دابخرێت عێراق ناتوانێت موچە دابەشبکات.. ئێران گەروی هورمز دادەخات

Mic
2025-06-22


فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گەروی هورمز دادەخەن، بە داخستنی گەرووەکە رێژەی رۆشتنت نەوتی عێراق نزیک دەبێتەوە لە سفر و بەمەش سەرچاوەی داهاتی عێراق وشک دەکات.

دوای هێرشەکەی بەرەبەیان ئەمڕۆی ئەمریکا بۆسەر بنکەیی ئەتۆمی فۆردۆ لە ئێران، ئەمڕۆ عەلی ڕەزا تەنکسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گەروی هورمز دادەخەن، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا.

لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و پاشان ففراوانبوونی هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆسەر یەکتری، یەکێک لە بژاردەکانی ئێران بۆ هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەبوو، کە گەروی هورمز بەتەواویی دابخات، هەموو جموجوڵیکی بازرگانیی و هەناردەکردنی نەوت ببوەستێنێت.

ئێستا ئەمریکا بەشداری جەنگەکەی کردووە و دوورنییە بەردەوامبێت لە هێرشەکانی بۆسەر ئێران، رەنگە ئێران چەکە ئابورییە کاریگەرەکە بەرامبەر بە ئەمریکا بەکاربهێنێت، کە ئەویش داخستنی گەرووی هورمزە.

گەروی ھورمز، پانییەکەی 50 کیلۆمەترە، بەڵام تەنها 40 کیلۆمەتری بۆ جموجوڵی بازرگانیی بەکاردەهێنرێت و ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژییە و کەوتوەتە نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات، کە کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان زەریای ھیندی دەبەستێتەوە و پێنجیەکی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لەم نۆکەندەوە تێدەپەڕێت.

بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو بە (ئەن کلۆس)، کە لە ساڵانی 1973 تا 1982 هاتوەتە ئاراوە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی تێپەڕبونیان بەم گەروەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە.

گەرووەکە بەناوی دورگەی هورمزەوە ناونراوە کە دورگەیەکی بچوکە و دەکەوێتی سنوری ئاوی ئێرانەوە و سەر بە پارێزگای هورمزگانە و روبەری دورگەکە 42 کیلۆمەترە و سێ هەزار کەس لێی نیشتەجێن.

شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیکی و چاودێرانی نێودەوڵەتی، پێیان وایە ئێران هەم لە ڕوی سەربازی و هەمیش لە ڕوی جوگرافییەوە توانای داخستنی گەروەکەی هەیە.

لە ئەگەری داخستنی گەروەکە، سعودییە، ئیمارات و عێراق چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداو زیانی گەورەی ئابورییان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەش دەبێتە هۆی بەزربوونەوەی نرخی کاڵا و زیادبونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای وڵاتانی ھاوردەکار.