نۆ ئەندامی سەرەکی و یەدەکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەستیان
لەکارکێشایەوە، ئەوەش دوای ئەو فشارە زۆرەی لەسەریان بوو بۆ پەشیمانبونەوە لە
بڕیاری بە نادەستوری ناسادنی رێککەوتی خۆر عەبدوڵا، کە 12 ساڵ پێش
ئێستا لە نێوان عێراق و کوەیت ئەنجامدرا.
رێککەوتنی خۆر عەبدوڵا کە تایبەتە بە جوڵەی سنوری دەریاوانی عێراق و
کوەیت، 12 ساڵە پرسێکی جێگەی مشتومڕی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراقە، رێککەوتنەکە
لە سەردەمی کابینەکەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2013 کراوە، شیعەکان
نیگەرانن و پێیان وایە، لە رێككەوتنی خور عەبدوڵا، مافی خاوەندارێتی سنوری ئاویی لەناوخۆی
عێراقدا دراوە بە كوەیت، هەر ئەوکات، نوری مالیکی بەوە تۆمەتبارکرا سازشی لەسەر
مافی عێراق لە ڕێڕەوی دەریایی خۆر عەبدوڵا کردووە.
ناکۆکییەکان کاریگەرییان
لەسەر بڕیاری جیاوازی دامەزراوەکانی عێراق بۆ کارپێکردن و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە
هەبووە، پەرلەمان پەسەندیکردووە و دادگای فیدراڵی پەکیخستووە.
لەسەرەتای
ئەمساڵەوە، لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق
داوایان لە دادگای فیدراڵی کردووە، لە بڕیارەکەی بۆ راگرتنی کارکردن بە رێککەوتنەکە
پاشگەز ببێتەوە.
سکاڵاکاران، سکاڵاکەیان
لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمارکردووە و داوایان کردووە، دادگاى باڵاى فیدراڵى
لە بڕیارێکى پاشگەزبێتەوە بۆ بە نادەستورى دانانى یاساى ژمارە 42ى ساڵى 2013 کە رێککەوتنامەى
نێوان عێراق و کوەیت بۆ رێکخستنى دەریاوانى لە بەندەرى خۆر عەبدوڵای نێوانیان.
ساڵی 2013، بە
ئامانجی رێکخستنى جوڵەى دەریاوانى هەردوو حکومەتی عێراق و کوەیت رێککەوتنی خۆر عەبدوڵایان
کرد و بەندەرەکە لە نێوانیان دابەشکرا کە لەسەر ئاوى کەنداوە.
ئەگەرچی ساڵی
2013، پەرلەمانی عێراق رێککەوتنەکەی پەسەند کرد، بەڵام ساڵی 2023 دادگای فیدراڵی رێككەوتنی
خور عەبدوڵا بە نادەستوری ناوبرد، ئەوەیش
بەپاساوی پێشێلكردنی بڕگەكانی ماددەی (61/ بڕگەی 4)ی دەستور و رایگەیاند، پەسەندكردنی
رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان بەیاسایەك ڕێكدەخرێت، كە بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمان،
پەسەندكرابێت.
ئەو بڕیارەی
دادگای فیدراڵی بە نادەستووریبوونی رێککەوتنەکە، مانای وایە عێراق تاکلایەنە رێککەوتنەکەی
هەڵوەشاندەوە، هەر بۆیە بڕیارەکە نیگەرانی کوەیتی بە دوای خۆیدا هێنا و رایگەیاند،
بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا
هیچ بەهایەكی نییە، بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە سنوورەكانی نێوانیان یەكلاكەرەوەن.
ئەمڕۆ، بڕیاربوو
دادگای فیدراڵی کۆببێتەوە و فەرمانسالاری دەربکات بۆ ناردنی موچەی موچەخۆرانی
هەرێم، بەڵام لە پڕ نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی دەستیان لەکارکێشایەوە.
دەستلەکارکێشانەوەی
ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی کارەکانی ئەو دادگایە پەکدەخات
و ناتوانێت کۆببێتەوە تا ئەوکاتەی شوێنی ئەو ئەندامانەی وازیانهێناوە پڕنەکرێنەوە.
لەگەڵ
بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی لە کۆی 13 ئەندام،
هەواڵی ئەوە بڵاوکراوەتەوە، کە ئەندامانی دادگا لەگەڵ ئەوەی ناڕازیبوون لە مامەڵەی
سەرۆکی دادگاکە، لە هەمانکاتدا هۆکاری سەرەکی ئەو فشارەزۆرەیە لەسەریان بۆ پاشگەزبونەوە
لە بڕیاری بە نادەستوری ناساندننی رێککەوتنیی خۆر عەبدوڵا.
ئێستا داگای فیدراڵی کەوتووەتە دۆخێکەوە، نەتوانێت و کۆببێتەوە و
بڕیاربدات، ئەمەش لەگەڵ ئەوەی پرسە گرنگەکانی عێراق بە هەڵپەسێردراوی دەهێڵێتەوە،
لە هەمانکاتدا چارەنوسی موچەی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە.
ئێران لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی نۆیەمدایە بۆ وڵاتانی خاوەن
تەکنەلۆژیای مانگی دەستکرد، لەم جەنگەدا پشتیوانییەکی گەورەی سوپاکەی دەکات دژی
ئیسرائیل
زاناکانی ئێران لە 50 ساڵی رابردوودا هەوڵی پەرەپێدانی پیشەسازی بۆشایی
ئاسمان و دروستکردنی مانگی دەستکردی جۆراوجۆریان بۆ وڵاتەکەیان داوە و ئێستا وڵاتەکە
لە 10 وڵاتە یەکەمەکەی جیهانە بۆ تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمان.
جەنراڵ حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران کە رۆژی هەینی رابردوو لە
یەکەم هێرشی سوپای ئیسرائیل کوژرا، لە لێدوانێکی پێشتریدا لەبارەی توانای مانگە
دەستکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، دەڵێت:
ئەگەر سوپای بەهێزی جیهان پێگەیەکیان لە بۆشایی ئاسماندا نەبێت، ئەوا پلانی
بەرگریی گشتگیریان نابێت. بەدەستهێنانی ئەم تەکنەلۆجیایە، کە پێگەی ئێران بەرز دەکاتەوە
(تەکنۆلۆژیای هەڵدانی مانگی دەستکردی سەربازی)، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی
تواناکانی وڵات، دەستکەوتێکی ستراتیژییە. بەکارهێنانی مانگی دەستکردی نور تەنها لە
بەرگری و سەربازیدا سنوردار نابێت". ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی ئەم مانگە دەستکردە
فرە مەبەستە لە خولگەی زەویدا بەهای ستراتیژی زیادکراو لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری
و شەڕی زانیاریدا دەهێنێتە ئاراوە، هەروەها تواناکانی وڵات لە شەڕی زانیاریدا بەرز
دەکاتەوە”.
کاتێک ئەمریکا دەستوەردان لە جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا
بکات، راستەوخۆ هەوڵی لەکارخستنی مانگە دەستکردەکانی ئێران دەدات لە خولگەی
زەویدا، هەروەها بنکەی بۆشایی ئاسمانی ئێران تێکدەدات، هەروەک چۆن لە ساڵی 1990،
لە جەنگی کەنداودا یەکەم کاری فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی
بنکەی بۆشایی ئاسمانی عێراق بوو لە پارێزگای ئەنبار.
ئێران و ئیسرائیل لەڕێگەی بەکارهێنانی مانگە
دەستکردەکانەوە، زانیاریی وردیان دەستدەکەوێت لەبارەی نەخشەی وڵاتەکانی یەکتریی و
ئاڕاستەکردنی موشەک و فڕۆکە و تیمە شەڕکەرەکان، بەتایبەتی موشەکە بالیستی و
هایپەرسۆنیکەکانی ئێران بە سودوەرگرتن لەو تەکنەلۆژیا نوێیە ئاڕاستەدەکرێن
هەربۆیە ئەمریکا و ئیسرائیل، زۆر بەجدی چاودێری
پێشکەوتنەکانی ئێران دەکەن لەبواری بەکارهێنانی مانگی دەستکردەکانەوە.
ریزبەندی وڵاتانی خاوەن مانگی دەستکرد:
رووسیا
ئەمریکا
فەرەنسا
ژاپۆن
چین
بەریتانیا
هیندستان
ئیسرائیل
ئێران
تا ئێستا ئێران زیاتر لە 10 مانگی دەستکردی دیزاین کردووە و بەشێکیشیان رەوانەی
بۆشایی ئاسمان کردووە. لەم راپۆرتەدا رۆشناییمان بۆ دەخەینە سەریان:
جۆرەکانی مانگە دەستکردەکانی ئێران:
یەکەم/ سینا 1
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران لە ساڵی 2005 مانگی دەستکردی سینا 1ی لە
بۆشایی ئاسمانەوە خستە خوارەوە، پاش ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات ئەم مانگە دەستکردە لە
خولگەی خۆی لایدا و بەهۆی تێکچوونی تەکنیکییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زەویدا لەدەستدا.
سینا 1، بەگشتی دوو ئەرکی هەبوون، (هەستکردن لە دوورەوە و وەرگرتن و هەڵگرتن
و گواستنەوەی زانیاری پەیوەندییەکان).
دووەم/ ئومێد
ئومێد، یەکەم مانگی دەستکردە کە هەموو پارچەکانی لە ئێران دروستکراون و
لەلایەن تیمی ئێرانییەوە بەڕێوەدەبرێت.
دروستکردنی مانگی دەستکردی ئومێد لە ساڵی 2005 دەستیپێکرد و تا ساڵی 2008 بەردەوام
بوو و لە مانگی شوباتی هەمان ساڵدا لە بنکەی سێمنان لە باکوری ئێرانەوە ئاڕاستەی بۆشایی
ئاسمان کرا.
ئەرکی (ئومێد) پەیوەندیکردنە لەگەڵ وێستگەیەکی زەمینی بۆ ئەنجامدانی پێوانەکردنی
خولگەیی. لە هەر 24 کاتژمێرێکدا 15 جار بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، هەروەها لە
کاتی هەر خولگەیەکدا دوو جار لەلایەن وێستگەی زەمینیەوە زانیارییەکانی
لێوەردەگیرێت.
تەلەفزیۆنی ئێران لەو کاتەدا رایگەیاندبوو کە مانگی دەستکردی ئومێد لەو
خولگەیەی کە تێیدا جێگیربووە، دوریەکەی لە نێوان 250 بۆ 500 کم لە رووی زەویەوەیە.
سێیەم/ رەسد
دووەم مانگی دەستکردی تەواو ئێرانیە، لە ساڵی 2011 لەلایەن ئاژانسی بۆشایی
ئاسمانی ئێرانەوە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی بەرگری رەوانەی ئاسمان کرا.
ڕەسەد هەر 90 خولەک جارێک بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە و بەشداری دەکات لە
خزمەتگوزارییەکانی سیخوڕی، دەستنیشانکردنی کارەساتە سروشتییەکان، ژینگە، کەشناسی،
پێوانەکردنی پلەی گەرمی، چاودێری و کۆنترۆڵکردنی ناو هەوا و دەریا.
بەپێی راگەیەندراوی حەمید فازلی، سەرۆکی پێشووی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران،
مانگی دەستکردی رەسەد یەکەم مانگی دەستکردی ئێرانە کە توانای گرتنی وێنەی هەیە.
ڕەسەد بە پانێڵی سۆلار و سودوەرگرتن لە وزەی خۆر کاردەکات و پاتری و هەڵگری
وزەی بۆ دابینکراوە.
چوارەم/ نەوید
یەکێکە لە مانگە دەستکردە پێشکەوتووەکان و ساڵی 2018، ئێران
مانگی دەستکردی نەوید-ی ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمانکرد، ئەرکی گرتنی وێنەی زەوییە، جگە
لە داتاکانی کەشوهەوا و ژینگە، مانگە دەستکردەکە لە خولگەیەکدا گێگیرکراوە کە 270
بۆ 375 کیلۆمەتر لە رووی زەویەوە بەرزە.
پێنجەم/ فەجر
ساڵی 2015، رێکخراوی پیشەسازیی فڕۆکەوانیی ئێرانی سەر بە وەزارەتی بەرگری،
ناردنی مانگی دەستکردی "فەجر - بەرەبەیان"ی بۆ بۆشایی ئاسمان راگەیاند و
لەسەر موشەکی (سەفیر فەجر) نێردراوەتە خولگەی زەوی.
شەشەم/ پەیام
لە ساڵی 2019 ئێران ئەم مانگە دەستکردەی ئاڕاستەی خولگەی زەوی کرد، بەڵام
بەهۆی ئەوەی نەتوانرا بگەیەنرێتە خولگەی خۆی، لەکارکەوت.
حەوتەم/ دۆستی
دوای شکستی "پەیام"، ئێران لە هەمان ساڵدا (2019) مانگی دەستکردی
"دۆستیی"ی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، بەڵام هەوڵەکە شکستی هێنا و نەگەیشتە
خولگەی خۆی.
هەشتەم/ زەفەر 1 و 2
ئێران لە ساڵی 2019 مانگی دەستکردی "زەفەر 1"ی لە وێستگەی بۆشایی
ئاسمانی ئیمام خومەینی لە شاری سێمنان لە رۆژهەڵاتی تاران رەوانەی ئاسمانی کرد، بەڵام
لە گەیشتن بە خێرایی پێویست بۆ دانانی لە خولگەدا تووشی کێشەیەک بوو.
دروستکردنی ئەم مانگە دەستکردە لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای تاران بوو، زانایانی
بۆشایی ئاسمانی ئێران دوو دانەیان دروستکرد کە بریتین لە مانگە دەستکردەکانی زەفەر
1 و 2.
ئاژانسی هەواڵی ئێران لەو کاتەدا رایگەیاندبوو، کە مانگی دەستکردی زەفەر بۆ
ئامادەکردنی نەخشەی وشکانی و نەخشەی بنکە و نەخشەی گەشەپێدانی شارەکان بووە. نەخشەی
کێڵگە کشتوکاڵییەکان، نەخشەی گۆڕانکارییەکانی ژینگەی سروشتی دارستان و زەویەکان، و
چاودێریکردنی پێشهاتەکانی دەریاچە وەرزی و هەمیشەییەکان.
نۆیەم/ نور 1
سوپای پاسداران لە ساڵی 2020دا "یەکەم مانگی دەستکردی سەربازی" ئێرانی
ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمان کرد، مانگی دەستکردی سیخوڕی بە سەرکەوتوویی گەیشتە خولگەیەک
کە 425 کیلۆمەتر لەروی زەویەوە بەرزە.
ئەم مانگە دەستکردە ئێرانییە لە هەر 90 خولەکدا جارێک بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە،
دەتوانرێت بۆ ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی، چاودێری لەدژی هێزەکانی رۆژئاوا، بەتایبەتی بنکە
سەربازییەکانی ئەمریکا، هێزە جێگیرکراوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەوانەی
لەدەرەوەی ناوچەکە جێگیرکراون سودی لێوەربگیرێت.
نور دەتوانێت چاودێری ئەو موشەکانە بکات کە لە بنکەکانی ئەمریکاوە لە کەنداوی
عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاڕاستەدەکرێن، ئاگاداری پێشوەختە دەنێرێتەوە بۆ
سەرزەویی لەبارەی هەڵدانی هەر جۆرە مووشەکێک لە ناوچەکەدا، تەنها چەند وڵاتێکی کەم
لە جیهاندا، لەوانەش رووسیا و ئەمریکا، خاوەنی ئەم سیستەمەن.
ئەم مانگە دەستکردە، شێوازی تێگرتن و ئاڕاستەکردنی موشەکە بالیستییەکانی ئێرانی
بەرەوپێش بردووە و لەکاتی خۆیدا سیاسەتمەدارانی ئەمریکای نیگەران کردووە،
لەبەرئەوەی لێدانی زۆر ورد بۆ هەر موشەکێکی ئێرانی دابین دەکات.
دەیەم/ خەیام
مانگی دەستکردی "خەیام" تەکنەلۆژیای نوێی تێدا بەکارهێنراوە بۆ هەستکردن
لە دوورەوە، لەلایەن کۆمپانیایەکی رووسییەوە لەسەر خواستی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی
ئێران دروستکراوە.
لە مانگی ئابی 2022 بە موشەکێکی سۆیوزی رووسی لە ناوچەیەکی کازاخستانەوە
نێردرایە خولگەیەکی نزمی خولگەی زەوی.
خەیام، توانای وێنەگرتنی هەیە بە روونی، تەنانەت وێنەگرتنی یەک مەتر لە
بەرزییەوە، بۆ یەکمجار وێنەی روونی مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف و مزگەوتی پێغەمبەری
لە مەدینە ناردەوە بۆسەر زەوی.
ئەم مانگە دەستکردە لە ئێران لە ناوەندی کۆنترۆڵی بۆشایی ئاسمانی ئاژانسی بۆشایی
ئاسمانی ئێران لە رۆژئاوای تاران چاودێری دەکرێت.
ساڵی رابردوو، لە 22ی ئابی 2024، حەسەن سالاریح،
سەرۆکی رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران، بە ئاژانسی دەنگوباسی میهری ئێرانی راگەیاندووە،
ئیران خاوەنی 14 مانگی دەستکردە، 30 مانگی دیکەش دروستدەکەن.
هەرکاتێک بەرەوپێشچونێک لەبواری بەکارهێنانی
تەکنەلۆژیای مانگی دەستکرد لە ئێران رویدابێت، وڵاتانی ئیسرائیل، ئەمریکا و
ئەوروپا و بەریتانیا نیگەرانییەکانی خۆیان خستووەتەڕوو، چونکە پێیان وابووە ئیتر
ئێران کار بۆ دابینکردنی کڵاوەی ئەتۆمیی و پەرەپێدانی موشە بالیستییەکانی دەکات.
لەم جەنگەی ئیسرائیل و ئێراندا، جگە لەوەی
ژێرخانی چەکی بالیستی، ئەتۆمیی و بۆشایی ئاسمانی ئێران زیانی زۆری پێگەیشتووە،
بەڵام هێشتا نەتوانراوە کارپێکردنی مانگە دەستکردەکانی ئێران رابگیرێن، کە هۆکاری
سەرەکییە بۆ سەرکەوتوویی ئێران لە پێکانی ناوچە ئاوەدانەکانی ئیسرائیل و وەشاندنی
گورزی بەهێز بەهۆی موشەکی بالیستییەوە.