هەواڵ

ئیسرائیل توانای روبەڕوبوونەوەی بۆ موشەکی بالیستی کەمبووتەوە

Mic
2025-06-18

ئیسرائیل توانای روبەڕوبوونەوەی موشەکی بالیستی کەم دەبێتەوە، ئەمریکایش وەک هاوکاری هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، توانای ئیسرائیل لە ئامێرە بەرگرییەکاندا کەمبووتەوە، ئەوەیش نیگەرانی وڵاتەکەی بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستیکی دوور مەودا لە ئێرانەوە دروستکردووە ئەگەر بەم زووانە ململانێکان چارەسەر نەکرێن.

حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە، لە کۆی 370 موشەکی بالیستی ئێران کە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە، 30 موشەکیان گەیشتونەتە خاکی ئیسرائیل.

بەپێی رۆژنامەکە، ئەمریکا ئاگاداری تواناکانی ئیسرائیلە بۆیە بەرگرییەکانی ئیسرائیل بە سیستەمەکانی سەر زەوی و دەریا و ئاسمان زیاد دەکات.

ئەمریکا لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل کە لە 13ـی حوزەیرانەوە دەستیان پێکردووە، هێزی زیاتری سەربازی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. 

تۆم کاراکۆ، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرگری مووشەک لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی رایگەیاندووە،"نە ئەمریکا و نە ئیسرائیلییەکان ناتوانن بەدرێژایی ڕۆژ بەردەوام بن لە ڕێگریکردن لە مووشەکەکان".

 ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیلییەکان و هاوڕێکانیان پێویستە بە هەموو پەلەکردنێکی ئەنقەستەوە بجوڵێن بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بێت بیکەن".

ئیسرائیل بە سێ سیستمی جیاوازی بەرگری وەڵامی هێرشەکانی ئێران دەداتەوە، کە بریتین لە گومەزی ئاسنین (Iron Dome)، سیستمی قەڵخانی داود (David’s Sling) و سیستمی تیژڕۆ (Arrow System). 

More News

Most Popular

هەواڵ

داخستنی گەروی هورمز و کاریگەریی لە ڕوی ئابورییەوە

Mic
2025-06-18

یەکێک لە بژاردەکانی ئێران بۆ هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەیە کە گەروی هورمز بەتەواویی دابخات لەبەردەمی هەموو جموجوڵیکی بازرگانیی و هەناردەکردنی نەوت، ئەوەش وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکا دوچاری تەنگەژەی ئابوریی جدی دەکات.

لێکەوتەیەکی خراپی داخستنی گەروی هورمز، هەڵاوسانی ئابوریی و تێکچونی پەیوەندی دیپلۆماسی ئێرانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو (عومان، سعودییە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەینە، کوەیت و عێراق) و رەنگە روبەری جەنگەکە فراوانتر بکات.

گەروی ھورمز، پانییەکەی 50 کیلۆمەترە، بەڵام تەنها 40 کیلۆمەتری بۆ جموجوڵی بازرگانیی بەکاردەهێنرێت و ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژییە و کەوتوەتە نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات کە کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان زەریای ھیندی دەبەستێتەوە و پینجیەکی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لەم نۆکەندەوە تێدەپەڕێت.

بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو بە (ئەن کلۆس)، کە لە ساڵانی 1973 تا 1982 هاتوەتە ئاراوە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی تێپەڕبونیان بەم گەروەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە.

جگە لەو ڕێککەوتننامەیە، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئێران و عومان بۆ بەڕێوەبردنی گەروی هورمز هەیە، هەروەها ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو کە لە ساڵی 1981 دامەزراوە بارەگاکەی لە ڕیازی پایتەختی سعودییە و ئەنجومەنەکە هەریەک لە کوەیت، بەحرەین و عومان، قەتەر، سعودییە، ئیمارات لە خۆدەگرێت هەماهەنگی بۆ سیاسەتی دەریایی و وەزە لە گەروی هورمز دەکەن.

گەرووەکە بەناوی دورگەی هورمزەوە ناونراوە کە دورگەیەکی بچوکە و دەکەوێتی سنوری ئاوی ئێرانەوە و سەر بە پارێزگای هورمزگانە و روبەری دورگەکە 42 کیلۆمەترە و سێ هەزار کەس لێی نیشتەجێن.

شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیکی و چاودێرانی نێودەوڵەتی، پێیان وایە ئێران هەم لە ڕوی سەربازی و هەمیش لە ڕوی جوگرافییەوە توانای داخستنی گەروەکەی هەیە.

لە ئەگەری داخستنی گەروەکە، سعودییە، ئیمارات و عێراق چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداو زیانی گەورەی ئابورییان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەش دەبێتە هۆی بەزربوونەوەی نرخی کاڵا و زیادبونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای وڵاتانی ھاوردەکار.

ئێران دەتوانێت لەڕێگەی، هەردو دورگەی لارک و هێنگامی سەر بە پارێزگای هورمزگان، گەروەکە دابخات، چونکە ئەو دورگانە باڵادەستن بەسەر ڕێڕەوی کەشتیوانیی لە گەروەکەدا.

هەڵکەوتەی جوگرافی دورگەکانی لارک و هێنگامی لە دەیان ساڵی ڕابردودا ڕۆڵی هەبووە لە چاودێرییکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی، بۆیە لەم دوو شوێنەوە ئێران دەتوانێت بە بەکارهێنانی بەلەمی بچوک یان بەکارهێنانی مینی دەریایی، یان هەڵدانی موشەک، ڕێگای هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.

هەرچەندە هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا، ژمارەیەک وڵاتی دیکە لە چوار چێوەیەکی هاوپەیمانێتییەکدا هێزیان لە چەند شوێنێکی گەروی هورمز جێگیرکردوە و بۆ چاودێری و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن، بەڵام هێشتا ئێران مەترسییەکی جدییە لەسەر گەروەکە، چونکە لە ڕابردودا وەک کارتی فشار دژی گەمارۆ ئابورییەکانی، تاران بە شێوەی کاتی دەستی بەسەر چەندین کەشتی بازرگانیدا گرتوە.

داخستنی گەروی هورمز کاریگەریی ئابوریی گەورەی دەبێت لەسەر هەناردەکردنی نەوتی، سعودییە، ئیمارات و عێراق و کوەیت، چونکە، هێڵی ترانزێتی نەوتی جیهانە، هاوکات وڵاتانی هاوردەکار، چین، ژاپۆن، کۆریای باشور و ئەوروپاش زیانیان بەردەکەوێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەی غازی شلی قەتەرە بۆ جیهان، بڕی ئەو نەوتەی ڕۆژانە بە گەروەکەدا تێدەپەڕیت 20 ملیۆن بەرمیلە، لە 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، قەبارەی ساڵانەی بازرگانی گەروی هورمز ساڵانە 687 ملیار دۆلارە.

بەهۆی ئەوەی ئابوریی عێراق بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت زیانمەندی یەکەمی داخستنی گەروی هورمزە و، دەبێت بە ناچاری ڕوبکاتە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری هەرێم بۆ بەندەری جەیهان و توانای بۆرییەکەش سنوردارە و تەنها دەتوانێت ڕۆژانە دەوروبەری ملیۆنێک بەرمیل نەوت بگوازتەوە.

دوای داخستنی گەروەکە، لە یەکەم قۆناغدا بازاڕەکانی بۆرسەی وڵاتان توشی شڵەژان و ناجێگیری دەبنەوە و هەڵاوسان دروست دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخ.

لەم حاڵەتەشدا ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان سودی نەبێت بۆ کردنەوەی گەروەکە، بژاردەی سەربازی و جوڵە پێکردنی هێز دەبێتە بژاردەیەکی ناچاری و دەستوەردانی ئەمریکا و و وڵاتانی ڕۆژئاوا.

گەروی هورمز ڕێگەیەکی هاوبەشی دەریایی ستراتییژییە لە جیهاندا، لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، چەندین جار میدیاکان باسیان لەوەکردوە ئێران هەڕەشەی داخستنی دەکات.