ئەورپییەکان ترسی دەستوەردانی ئەمریکیان لە شەڕدا هەیە و لەگەڵ ئێرانییەکان دانوستانی ئەتۆمی ئەنجام دەدەن، ئەمریکا داوای خۆ بەدەستەوەدان لە ئێران دەکات، تارانیش خۆ بە دەستەوەدان رەتدەکاتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئەڵمانییەوە بڵاویکردەوە، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا پلانیان هەیە رۆژی هەینی لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەیان لە جنێڤ دانوستانی ئەتۆمی ئەنجام بدەن.
بڕیارە سەرەتا وەزیرەکان لەگەڵ کاجا کاڵاس دیپلۆماتکاری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئەڵمانیا لە جنێڤ کۆببنەوە و دواتر دیدارێکی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام بدەن.
ئامانجی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەوروپییەکان کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ڕازیکردنی ئێرانە بۆ ئەوەی بە توندی گەرەنتی ئەوە بکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنی بەکاردەهێنێت.
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئامانجی ئەو وڵاتە نەهێشتنی توانای تارانە بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران رەتیدەکاتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی سەربازی بێت.
ئەم دەستپێشخەرییە ئەوروپییە لە کاتێکدایە،. ترسی زیادبوونی ئاڵۆزیییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەوەیش دوای ئەوەی ئیسرائیل لە هەفتەی رابردوودا هێرشی سەربازی بەرفراوانی کردە سەر ئێران و ئێرانیش وەڵامی دایەوە.
ئەوەی وایکردووە، ترسی زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر بێت ئەوەیە، تا ئێستا ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکی رونی بۆ بەشداریکردن و نەکردن لە شەڕەکەدا نییە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەسەر زاری چەند کەسێکی ئاگادار لە گفتوگۆکان رایگەیاند، ترەمپ پلانی هێرشکردنە سەر ئێرانی پەسند کردووە.
ئەو کەسانەی قسەیان بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە رایانگەیاندووە، ترەمپ هەرچەندە پلانەکەی پەسند کردووە، چاوەڕێ دەکات بزانێت تاران واز لە پرۆگرامی ئەتۆمییەکەی دەهێنێت یان نا.
رۆژی 17ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هێرشکردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە وتی،"رەنگە بیکەم، رەنگە نەیکەم".
ترەمپ داوای خۆبەدەستەوەدانی بێمەرجی ئێرانی کرد و رایگەیاند، "هەفتەی داهاتوو چارەنووسساز دەبێت. رەنگە کەمتریش لە هەفتەیەک."
ئیسرائیل، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی داوای دەستبەرداربوونی ئێرانیان لە چەکی ئەتۆم کردووە، بەڵام عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران پێشتر رایگەیاندبوو وڵاتەکەی خۆی رادەست ناکات و هۆشداری دا هەر دەستوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
لە رۆژی 13ـی حوزەیرانەوە جەنگی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران بە هێرشی راستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
ئێران لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی نۆیەمدایە بۆ وڵاتانی خاوەن
تەکنەلۆژیای مانگی دەستکرد، لەم جەنگەدا پشتیوانییەکی گەورەی سوپاکەی دەکات دژی
ئیسرائیل
زاناکانی ئێران لە 50 ساڵی رابردوودا هەوڵی پەرەپێدانی پیشەسازی بۆشایی
ئاسمان و دروستکردنی مانگی دەستکردی جۆراوجۆریان بۆ وڵاتەکەیان داوە و ئێستا وڵاتەکە
لە 10 وڵاتە یەکەمەکەی جیهانە بۆ تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمان.
جەنراڵ حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران کە رۆژی هەینی رابردوو لە
یەکەم هێرشی سوپای ئیسرائیل کوژرا، لە لێدوانێکی پێشتریدا لەبارەی توانای مانگە
دەستکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، دەڵێت:
ئەگەر سوپای بەهێزی جیهان پێگەیەکیان لە بۆشایی ئاسماندا نەبێت، ئەوا پلانی
بەرگریی گشتگیریان نابێت. بەدەستهێنانی ئەم تەکنەلۆجیایە، کە پێگەی ئێران بەرز دەکاتەوە
(تەکنۆلۆژیای هەڵدانی مانگی دەستکردی سەربازی)، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی
تواناکانی وڵات، دەستکەوتێکی ستراتیژییە. بەکارهێنانی مانگی دەستکردی نور تەنها لە
بەرگری و سەربازیدا سنوردار نابێت". ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی ئەم مانگە دەستکردە
فرە مەبەستە لە خولگەی زەویدا بەهای ستراتیژی زیادکراو لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری
و شەڕی زانیاریدا دەهێنێتە ئاراوە، هەروەها تواناکانی وڵات لە شەڕی زانیاریدا بەرز
دەکاتەوە”.
کاتێک ئەمریکا دەستوەردان لە جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا
بکات، راستەوخۆ هەوڵی لەکارخستنی مانگە دەستکردەکانی ئێران دەدات لە خولگەی
زەویدا، هەروەها بنکەی بۆشایی ئاسمانی ئێران تێکدەدات، هەروەک چۆن لە ساڵی 1990،
لە جەنگی کەنداودا یەکەم کاری فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی
بنکەی بۆشایی ئاسمانی عێراق بوو لە پارێزگای ئەنبار.
ئێران و ئیسرائیل لەڕێگەی بەکارهێنانی مانگە
دەستکردەکانەوە، زانیاریی وردیان دەستدەکەوێت لەبارەی نەخشەی وڵاتەکانی یەکتریی و
ئاڕاستەکردنی موشەک و فڕۆکە و تیمە شەڕکەرەکان، بەتایبەتی موشەکە بالیستی و
هایپەرسۆنیکەکانی ئێران بە سودوەرگرتن لەو تەکنەلۆژیا نوێیە ئاڕاستەدەکرێن
هەربۆیە ئەمریکا و ئیسرائیل، زۆر بەجدی چاودێری
پێشکەوتنەکانی ئێران دەکەن لەبواری بەکارهێنانی مانگی دەستکردەکانەوە.
ریزبەندی وڵاتانی خاوەن مانگی دەستکرد:
رووسیا
ئەمریکا
فەرەنسا
ژاپۆن
چین
بەریتانیا
هیندستان
ئیسرائیل
ئێران
تا ئێستا ئێران زیاتر لە 10 مانگی دەستکردی دیزاین کردووە و بەشێکیشیان رەوانەی
بۆشایی ئاسمان کردووە. لەم راپۆرتەدا رۆشناییمان بۆ دەخەینە سەریان:
جۆرەکانی مانگە دەستکردەکانی ئێران:
یەکەم/ سینا 1
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران لە ساڵی 2005 مانگی دەستکردی سینا 1ی لە
بۆشایی ئاسمانەوە خستە خوارەوە، پاش ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات ئەم مانگە دەستکردە لە
خولگەی خۆی لایدا و بەهۆی تێکچوونی تەکنیکییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زەویدا لەدەستدا.
سینا 1، بەگشتی دوو ئەرکی هەبوون، (هەستکردن لە دوورەوە و وەرگرتن و هەڵگرتن
و گواستنەوەی زانیاری پەیوەندییەکان).
دووەم/ ئومێد
ئومێد، یەکەم مانگی دەستکردە کە هەموو پارچەکانی لە ئێران دروستکراون و
لەلایەن تیمی ئێرانییەوە بەڕێوەدەبرێت.
دروستکردنی مانگی دەستکردی ئومێد لە ساڵی 2005 دەستیپێکرد و تا ساڵی 2008 بەردەوام
بوو و لە مانگی شوباتی هەمان ساڵدا لە بنکەی سێمنان لە باکوری ئێرانەوە ئاڕاستەی بۆشایی
ئاسمان کرا.
ئەرکی (ئومێد) پەیوەندیکردنە لەگەڵ وێستگەیەکی زەمینی بۆ ئەنجامدانی پێوانەکردنی
خولگەیی. لە هەر 24 کاتژمێرێکدا 15 جار بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، هەروەها لە
کاتی هەر خولگەیەکدا دوو جار لەلایەن وێستگەی زەمینیەوە زانیارییەکانی
لێوەردەگیرێت.
تەلەفزیۆنی ئێران لەو کاتەدا رایگەیاندبوو کە مانگی دەستکردی ئومێد لەو
خولگەیەی کە تێیدا جێگیربووە، دوریەکەی لە نێوان 250 بۆ 500 کم لە رووی زەویەوەیە.
سێیەم/ رەسد
دووەم مانگی دەستکردی تەواو ئێرانیە، لە ساڵی 2011 لەلایەن ئاژانسی بۆشایی
ئاسمانی ئێرانەوە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی بەرگری رەوانەی ئاسمان کرا.
ڕەسەد هەر 90 خولەک جارێک بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە و بەشداری دەکات لە
خزمەتگوزارییەکانی سیخوڕی، دەستنیشانکردنی کارەساتە سروشتییەکان، ژینگە، کەشناسی،
پێوانەکردنی پلەی گەرمی، چاودێری و کۆنترۆڵکردنی ناو هەوا و دەریا.
بەپێی راگەیەندراوی حەمید فازلی، سەرۆکی پێشووی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران،
مانگی دەستکردی رەسەد یەکەم مانگی دەستکردی ئێرانە کە توانای گرتنی وێنەی هەیە.
ڕەسەد بە پانێڵی سۆلار و سودوەرگرتن لە وزەی خۆر کاردەکات و پاتری و هەڵگری
وزەی بۆ دابینکراوە.
چوارەم/ نەوید
یەکێکە لە مانگە دەستکردە پێشکەوتووەکان و ساڵی 2018، ئێران
مانگی دەستکردی نەوید-ی ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمانکرد، ئەرکی گرتنی وێنەی زەوییە، جگە
لە داتاکانی کەشوهەوا و ژینگە، مانگە دەستکردەکە لە خولگەیەکدا گێگیرکراوە کە 270
بۆ 375 کیلۆمەتر لە رووی زەویەوە بەرزە.
پێنجەم/ فەجر
ساڵی 2015، رێکخراوی پیشەسازیی فڕۆکەوانیی ئێرانی سەر بە وەزارەتی بەرگری،
ناردنی مانگی دەستکردی "فەجر - بەرەبەیان"ی بۆ بۆشایی ئاسمان راگەیاند و
لەسەر موشەکی (سەفیر فەجر) نێردراوەتە خولگەی زەوی.
شەشەم/ پەیام
لە ساڵی 2019 ئێران ئەم مانگە دەستکردەی ئاڕاستەی خولگەی زەوی کرد، بەڵام
بەهۆی ئەوەی نەتوانرا بگەیەنرێتە خولگەی خۆی، لەکارکەوت.
حەوتەم/ دۆستی
دوای شکستی "پەیام"، ئێران لە هەمان ساڵدا (2019) مانگی دەستکردی
"دۆستیی"ی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، بەڵام هەوڵەکە شکستی هێنا و نەگەیشتە
خولگەی خۆی.
هەشتەم/ زەفەر 1 و 2
ئێران لە ساڵی 2019 مانگی دەستکردی "زەفەر 1"ی لە وێستگەی بۆشایی
ئاسمانی ئیمام خومەینی لە شاری سێمنان لە رۆژهەڵاتی تاران رەوانەی ئاسمانی کرد، بەڵام
لە گەیشتن بە خێرایی پێویست بۆ دانانی لە خولگەدا تووشی کێشەیەک بوو.
دروستکردنی ئەم مانگە دەستکردە لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای تاران بوو، زانایانی
بۆشایی ئاسمانی ئێران دوو دانەیان دروستکرد کە بریتین لە مانگە دەستکردەکانی زەفەر
1 و 2.
ئاژانسی هەواڵی ئێران لەو کاتەدا رایگەیاندبوو، کە مانگی دەستکردی زەفەر بۆ
ئامادەکردنی نەخشەی وشکانی و نەخشەی بنکە و نەخشەی گەشەپێدانی شارەکان بووە. نەخشەی
کێڵگە کشتوکاڵییەکان، نەخشەی گۆڕانکارییەکانی ژینگەی سروشتی دارستان و زەویەکان، و
چاودێریکردنی پێشهاتەکانی دەریاچە وەرزی و هەمیشەییەکان.
نۆیەم/ نور 1
سوپای پاسداران لە ساڵی 2020دا "یەکەم مانگی دەستکردی سەربازی" ئێرانی
ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمان کرد، مانگی دەستکردی سیخوڕی بە سەرکەوتوویی گەیشتە خولگەیەک
کە 425 کیلۆمەتر لەروی زەویەوە بەرزە.
ئەم مانگە دەستکردە ئێرانییە لە هەر 90 خولەکدا جارێک بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە،
دەتوانرێت بۆ ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی، چاودێری لەدژی هێزەکانی رۆژئاوا، بەتایبەتی بنکە
سەربازییەکانی ئەمریکا، هێزە جێگیرکراوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەوانەی
لەدەرەوەی ناوچەکە جێگیرکراون سودی لێوەربگیرێت.
نور دەتوانێت چاودێری ئەو موشەکانە بکات کە لە بنکەکانی ئەمریکاوە لە کەنداوی
عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئاڕاستەدەکرێن، ئاگاداری پێشوەختە دەنێرێتەوە بۆ
سەرزەویی لەبارەی هەڵدانی هەر جۆرە مووشەکێک لە ناوچەکەدا، تەنها چەند وڵاتێکی کەم
لە جیهاندا، لەوانەش رووسیا و ئەمریکا، خاوەنی ئەم سیستەمەن.
ئەم مانگە دەستکردە، شێوازی تێگرتن و ئاڕاستەکردنی موشەکە بالیستییەکانی ئێرانی
بەرەوپێش بردووە و لەکاتی خۆیدا سیاسەتمەدارانی ئەمریکای نیگەران کردووە،
لەبەرئەوەی لێدانی زۆر ورد بۆ هەر موشەکێکی ئێرانی دابین دەکات.
دەیەم/ خەیام
مانگی دەستکردی "خەیام" تەکنەلۆژیای نوێی تێدا بەکارهێنراوە بۆ هەستکردن
لە دوورەوە، لەلایەن کۆمپانیایەکی رووسییەوە لەسەر خواستی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی
ئێران دروستکراوە.
لە مانگی ئابی 2022 بە موشەکێکی سۆیوزی رووسی لە ناوچەیەکی کازاخستانەوە
نێردرایە خولگەیەکی نزمی خولگەی زەوی.
خەیام، توانای وێنەگرتنی هەیە بە روونی، تەنانەت وێنەگرتنی یەک مەتر لە
بەرزییەوە، بۆ یەکمجار وێنەی روونی مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف و مزگەوتی پێغەمبەری
لە مەدینە ناردەوە بۆسەر زەوی.
ئەم مانگە دەستکردە لە ئێران لە ناوەندی کۆنترۆڵی بۆشایی ئاسمانی ئاژانسی بۆشایی
ئاسمانی ئێران لە رۆژئاوای تاران چاودێری دەکرێت.
ساڵی رابردوو، لە 22ی ئابی 2024، حەسەن سالاریح،
سەرۆکی رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران، بە ئاژانسی دەنگوباسی میهری ئێرانی راگەیاندووە،
ئیران خاوەنی 14 مانگی دەستکردە، 30 مانگی دیکەش دروستدەکەن.
هەرکاتێک بەرەوپێشچونێک لەبواری بەکارهێنانی
تەکنەلۆژیای مانگی دەستکرد لە ئێران رویدابێت، وڵاتانی ئیسرائیل، ئەمریکا و
ئەوروپا و بەریتانیا نیگەرانییەکانی خۆیان خستووەتەڕوو، چونکە پێیان وابووە ئیتر
ئێران کار بۆ دابینکردنی کڵاوەی ئەتۆمیی و پەرەپێدانی موشە بالیستییەکانی دەکات.
لەم جەنگەی ئیسرائیل و ئێراندا، جگە لەوەی
ژێرخانی چەکی بالیستی، ئەتۆمیی و بۆشایی ئاسمانی ئێران زیانی زۆری پێگەیشتووە،
بەڵام هێشتا نەتوانراوە کارپێکردنی مانگە دەستکردەکانی ئێران رابگیرێن، کە هۆکاری
سەرەکییە بۆ سەرکەوتوویی ئێران لە پێکانی ناوچە ئاوەدانەکانی ئیسرائیل و وەشاندنی
گورزی بەهێز بەهۆی موشەکی بالیستییەوە.