ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردنی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر
بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئێستا هەڵوێستی تاران یەکلایی کەرەوەیە و هەنگاوەکانی
بڕیار لەسەر هاوکێشەکانی داهاتووی شەڕەکە دەدەن.
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایدا بڕیارە
قورسەکەیدا و واشنتن بەشداری شەڕی ئێران و ئیسرائیلی کرد و فڕۆکەی B-2ـی ئەمریکی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی
بۆردومان کرد.
ئەمریکا هێرشەکەی بە فڕۆکەی جەنگی و موشەکە بەهێزەکانی
ئەنجامدا، هەریەک لە بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی بە ئامانج گرت.
هێرشەکە کاردانەوەی توندی ئێرانی لێکەوتەوە، تاران
هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی هێرشەکان دەکات، ئەوەیش لە رێگەی بە ئامانجگرتنی
بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران،
مەترسی تیشکدانەوەی ئەتۆمی دروستکردووە، بەڵام دەزگای سەلامەتی ئەتۆمیی ئێران
رایگەیاندووە، نیگەران مەبن و لە دەوروبەری بنکەکان ئاسایی بژین.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش رایگەیاندووە، هیچ
ئاماژەیەک نییە لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر بنکە
ئەتۆمییەکانی ئێران، ئاستی تیشکدانەوەی ئەتۆمی زیادبووبێت.
بەپێی پێگەی ئەمواجی بەریتانی، واشنتن پێشوەختە
ئێرانی لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان ئاگادارکردووەتەوە، وەک بەرپرسێکی
ئێرانیش بە ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانی راگەیاندووە، پێش هێرشەکە یۆرانیۆمی
پیتێنراومان لە فۆردۆ گواستووەتەوە.
هێرشەکانی ئەمریکا زوو کاردانەوەیان بە دوای خۆیاندا
هێنا، حکومەتی عێراق سەرکۆنەی کرد و رایگەیاند، ئەو پەرەسەندنە سەربازییە
"هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ئەمریکا ترسی هەیە
ئەمریکا لە دوای هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، ترسی
وەڵامدانەوەی هێرشەکانی لەلایەن تارانەوە هەیە، چونکە ئەو وڵاتە هەڕەشەی توندترین
وەڵام دەکات.
ئەمریکا وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ
وەڵامدانەوەی هێرشەکانی، لە یەکەم کاردانەوەدا ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە
بەغدا کەمتر کردەوە.
ئێستا ئێران لە دووڕیانێکدایە و دەتوانێت جەنگەکە
گەورەتر بکات یان بە شێوەیەکی تەواوەتی کۆتایی پێبهێنێت، وەڵامدانەوەی هێرشەکان
جەنگەکە گەورەتر دەکەن، یان بێدەنگ دەبن و کۆتایی پێدەهێنن.
چەند کاتژمێری داهاتوو بۆ جەنگی ئێران لەگەڵ
ئیسرائیل و ئەمریکا یەکلایی کرەوە دەبێت، هەڵوێستی تاران بڕیار لەسەر هاوکێشەکانی
داهاتووی شەڕەکە دەدات.
رۆژی 13ـی حوزەیران، ئیسرائیل لەناکاودا هێرشی
ئاسمانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، ئێرانیش وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و 10 رۆژە شەڕی
راستەوخۆی دوو وڵاتەکە دژ بە یەکتر بەردەوامە، بەڵام ئەمریکا هاوکار و پشتیوانێکی
راستەوخۆی ئیسرائیل بووە و ئەمڕۆ بووە بەشێک لە جەنگەکە.
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند،
لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گەروی هورمز دادەخەن، بە داخستنی گەرووەکە رێژەی رۆشتنت نەوتی عێراق نزیک دەبێتەوە لە سفر و
بەمەش سەرچاوەی داهاتی عێراق وشک دەکات.
دوای هێرشەکەی بەرەبەیان ئەمڕۆی ئەمریکا بۆسەر بنکەیی
ئەتۆمی فۆردۆ لە ئێران، ئەمڕۆ عەلی ڕەزا تەنکسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای
پاسداران رایگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گەروی هورمز دادەخەن، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەک
بۆ هێرشەکانی ئەمریکا.
لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و
پاشان ففراوانبوونی هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆسەر یەکتری، یەکێک لە بژاردەکانی
ئێران بۆ هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەبوو، کە گەروی
هورمز بەتەواویی دابخات، هەموو جموجوڵیکی بازرگانیی و هەناردەکردنی نەوت
ببوەستێنێت.
ئێستا ئەمریکا بەشداری جەنگەکەی کردووە و دوورنییە
بەردەوامبێت لە هێرشەکانی بۆسەر ئێران، رەنگە ئێران چەکە ئابورییە کاریگەرەکە
بەرامبەر بە ئەمریکا بەکاربهێنێت، کە ئەویش داخستنی گەرووی هورمزە.
گەروی ھورمز، پانییەکەی 50 کیلۆمەترە، بەڵام تەنها
40 کیلۆمەتری بۆ جموجوڵی بازرگانیی بەکاردەهێنرێت و ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژییە و کەوتوەتە
نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات، کە کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان زەریای
ھیندی دەبەستێتەوە و پێنجیەکی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لەم نۆکەندەوە تێدەپەڕێت.
بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو
بە (ئەن کلۆس)، کە لە ساڵانی 1973 تا 1982 هاتوەتە ئاراوە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان
مافی تێپەڕبونیان بەم گەروەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی
ئەم ڕێککەوتننامەیە.
گەرووەکە بەناوی دورگەی هورمزەوە ناونراوە کە
دورگەیەکی بچوکە و دەکەوێتی سنوری ئاوی ئێرانەوە و سەر بە پارێزگای هورمزگانە و
روبەری دورگەکە 42 کیلۆمەترە و سێ هەزار کەس لێی نیشتەجێن.
شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیکی و چاودێرانی نێودەوڵەتی،
پێیان وایە ئێران هەم لە ڕوی سەربازی و هەمیش لە ڕوی جوگرافییەوە توانای داخستنی گەروەکەی
هەیە.
لە ئەگەری داخستنی گەروەکە، سعودییە، ئیمارات و
عێراق چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداو زیانی گەورەی ئابورییان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەش
دەبێتە هۆی بەزربوونەوەی نرخی کاڵا و زیادبونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای
وڵاتانی ھاوردەکار.