هەرێمی کوردستان
دڵنیایی بە ئێران دەدات کە لە سنورە هاوبەشەکانیانەوە هێرشی ناکرێتە سەر، ئەوەیش
وەک ئاماژەیەک بۆ رێگەگرتن لە هەر چالاکییەکی حزبەکانی رۆژهەڵات دژ بە ئێران.
هەرێمی کوردستان کە سنورێکی
فراوانی هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە، بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ شەڕی ئەو وڵاتە
لەگەڵ ئیسرائیل دەکات تا پریشکی ئاگری بەر نەکەوێت.
سەرۆکایەتی هەرێمی
کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو پەیامی جیاواز دڵنیاییان بە ئێران
داوە، کە لە هەرێمی کوردستانەوە هێرشی ناکرێتە سەر.
حکومەتی هەرێمی
کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ ئێران رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە،
فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامیی وسەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ
وڵاتێکی دراوسێ و هیچ لایەنێک .
دڵنیایی دانی هەرێمی
کوردستان بە ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە ماوەی رابردوو هەرێمی کوردستان
ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵ ئێران بەڕێکردووە، چەند جارێک کەوتوەتە بەر هێرشی راستەوخۆی
ئەو وڵاتە.
دوایین هێرشی ئێران
بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەوی 15ـی کانوونی دووەمی 2024 بوو، ماڵی پێشڕەو دزەیی
بازرگانی ناودار لە شاری هەولێر بە چەند موشەکێکی بالیستی کرایە ئامانج.
هێرشەکەی ئێران
قوربانی لێکەوتەوە، بەهۆیەوە 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 6 کەسی دیکەش برینداربوون،
بیانووی ئێران بۆ لێدان لە هەولێر بوونی چەند بنکە و بارەگایەکی مۆسادی ئیسرائیلی
بوو لە خاکی هەرێمدا.
پێشتریش لە ساڵی
2022، بە هەمان شێوە ئێران ماڵی شێخ باز بەرزنجی بە ئامانج گرت، کە یەکێک بوو لە
بازرگانە ناودارەکانی بواری نەوت و وزە لە هەرێمی کوردستان.
حزبەکانی رۆژهەڵاتیش
لە هەرێمی کوردستان لە هێرشی ئێران بێبەش نەبوون، ساڵی 2018 هێرشی مووشەکیی بۆ سەر
بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە نزیک کۆیە ئەنجامدرا، کە ژمارەیەک لە ئەندام و رێبەری ئەو
حیزبە گیانیان لەدەستدا.
ساڵی 2023ـش سوپای
پاسداران هێرشێکی مووشەکی بەربڵاوی کردە سەر بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی
کوردستان لە نزیک کۆیە، هەولێر و سلێمانی.
هەرێمی کوردستان
دوای ئەم هێرشانە پێداچوونەوەیەکی زۆری بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا کرد،
نیگەرانییەکانی ئەو وڵاتەی رەواندەوە و رێککەوتنێکی ئەمنی هاوبەشیشی لەگەڵ تاران و
بەغداد واژۆکرد.
رێککەوتنەکە تایبەت
بوو بە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە دواتر بە چەککردن و کەمپنیشینکردنی ئەو
حزبانە کۆتاییهات.
رۆژی 9ـی تشرینی
دووەمی 2024، مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ
باشترکردنی پەیوەندییەکان، یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتەکەی وەک سەرۆک کۆمار بۆ عێراق
و شارەکانی هەولێر و سلێمانی ئەنجامدا.
پزیشكیان بە زمانی
کوردی لە هەولێر و بەغداوە، بەڵێنی بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی
کوردستان دا، هەر بۆیەش لە دوو هێرشێ راستەوخۆی تاران بۆ سەر تەلئەڤیڤ هیچ پریشکێکی
ئاگر بەر هەرێمی کوردستان نەکەوت.
دوای دەستپێکردنی
شەڕی ئیسرائیل و ئێران لە 13ـی حوزەیرانی 2025، حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
راستەوخۆ پشتیوانی هێرشەکانی ئیسرائیلیان کرد.
هەڵوێستی حزبەکانی
رۆژهەڵات ترسی دروستکرد، هەر بۆیە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
راستەوخۆ پەیوەندی بە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە کرد و دڵنیایی پێدا.
بەپێی ئاژانسی
تەنسیم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بارودۆخی
نائاسایی ئێستا وا دەخوازێت حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕگەکانی ڕێککەوتنی
ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بە تەواوی جێبەجێ بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە خراپ
بەکارهێنانێک بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچە سنورییەکان.
دڵنیایییەکەی
نێچێرڤان بارزانی بەو ئاڕاستەیە بوو، کە هەرێمی کوردستان رێگە نادات ئەو حزبانە
ببنە مەترسی و لە هەرێمی کوردستانەوە هێرش ناکرێتە سەر ئێران.
یەکێک
لە بژاردەکانی ئێران بۆ هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل،
ئەوەیە کە گەروی هورمز بەتەواویی دابخات لەبەردەمی هەموو جموجوڵیکی بازرگانیی و هەناردەکردنی
نەوت، ئەوەش وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکا دوچاری تەنگەژەی ئابوریی جدی
دەکات.
لێکەوتەیەکی خراپی داخستنی گەروی
هورمز، هەڵاوسانی ئابوریی و تێکچونی پەیوەندی دیپلۆماسی ئێرانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو
(عومان، سعودییە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەینە، کوەیت و عێراق) و رەنگە روبەری
جەنگەکە فراوانتر بکات.
گەروی ھورمز، پانییەکەی 50 کیلۆمەترە، بەڵام تەنها 40
کیلۆمەتری بۆ جموجوڵی بازرگانیی بەکاردەهێنرێت و ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژییە و
کەوتوەتە نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات کە کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان
زەریای ھیندی دەبەستێتەوە و پینجیەکی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لەم نۆکەندەوە
تێدەپەڕێت.
بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو بە (ئەن
کلۆس)، کە لە ساڵانی 1973 تا 1982 هاتوەتە ئاراوە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی
تێپەڕبونیان بەم گەروەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی
ئەم ڕێککەوتننامەیە.
جگە لەو ڕێککەوتننامەیە، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئێران و عومان بۆ بەڕێوەبردنی
گەروی هورمز هەیە، هەروەها ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو کە لە ساڵی 1981 دامەزراوە
بارەگاکەی لە ڕیازی پایتەختی سعودییە و ئەنجومەنەکە هەریەک لە کوەیت، بەحرەین و
عومان، قەتەر، سعودییە، ئیمارات لە خۆدەگرێت هەماهەنگی بۆ سیاسەتی دەریایی و وەزە
لە گەروی هورمز دەکەن.
گەرووەکە بەناوی دورگەی هورمزەوە ناونراوە کە دورگەیەکی
بچوکە و دەکەوێتی سنوری ئاوی ئێرانەوە و سەر بە پارێزگای هورمزگانە و روبەری دورگەکە
42 کیلۆمەترە و سێ هەزار کەس لێی نیشتەجێن.
شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیکی و چاودێرانی نێودەوڵەتی،
پێیان وایە ئێران هەم لە ڕوی سەربازی و هەمیش لە ڕوی جوگرافییەوە توانای داخستنی
گەروەکەی هەیە.
لە ئەگەری داخستنی گەروەکە، سعودییە، ئیمارات و عێراق چەند
وڵاتێکی دیکەی کەنداو زیانی گەورەی ئابورییان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەش دەبێتە
هۆی بەزربوونەوەی نرخی کاڵا و زیادبونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای
وڵاتانی ھاوردەکار.
ئێران دەتوانێت لەڕێگەی، هەردو دورگەی لارک و هێنگامی سەر
بە پارێزگای هورمزگان، گەروەکە دابخات، چونکە ئەو دورگانە باڵادەستن بەسەر ڕێڕەوی
کەشتیوانیی لە گەروەکەدا.
هەڵکەوتەی جوگرافی دورگەکانی لارک و هێنگامی لە دەیان ساڵی
ڕابردودا ڕۆڵی هەبووە لە چاودێرییکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی، بۆیە لەم
دوو شوێنەوە ئێران دەتوانێت بە بەکارهێنانی بەلەمی بچوک یان بەکارهێنانی مینی
دەریایی، یان هەڵدانی موشەک، ڕێگای هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان
بگرێت.
هەرچەندە هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا، ژمارەیەک
وڵاتی دیکە لە چوار چێوەیەکی هاوپەیمانێتییەکدا هێزیان لە چەند شوێنێکی گەروی
هورمز جێگیرکردوە و بۆ چاودێری و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان
دەکەن، بەڵام هێشتا ئێران مەترسییەکی جدییە لەسەر گەروەکە، چونکە لە ڕابردودا وەک
کارتی فشار دژی گەمارۆ ئابورییەکانی، تاران بە شێوەی کاتی دەستی بەسەر چەندین
کەشتی بازرگانیدا گرتوە.
داخستنی گەروی هورمز کاریگەریی ئابوریی گەورەی دەبێت لەسەر
هەناردەکردنی نەوتی، سعودییە، ئیمارات و عێراق و کوەیت، چونکە، هێڵی ترانزێتی
نەوتی جیهانە، هاوکات وڵاتانی هاوردەکار، چین، ژاپۆن، کۆریای باشور و ئەوروپاش
زیانیان بەردەکەوێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەی غازی شلی
قەتەرە بۆ جیهان، بڕی ئەو نەوتەی ڕۆژانە بە گەروەکەدا تێدەپەڕیت 20 ملیۆن بەرمیلە،
لە 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، قەبارەی ساڵانەی بازرگانی گەروی هورمز
ساڵانە 687 ملیار دۆلارە.
بەهۆی ئەوەی ئابوریی عێراق بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت
دەبەستێت زیانمەندی یەکەمی داخستنی گەروی هورمزە و، دەبێت بە ناچاری ڕوبکاتە
هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری هەرێم بۆ بەندەری جەیهان و توانای
بۆرییەکەش سنوردارە و تەنها دەتوانێت ڕۆژانە دەوروبەری ملیۆنێک بەرمیل نەوت
بگوازتەوە.
دوای داخستنی گەروەکە، لە یەکەم قۆناغدا بازاڕەکانی بۆرسەی
وڵاتان توشی شڵەژان و ناجێگیری دەبنەوە و هەڵاوسان دروست دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی
بەرزبونەوەی نرخ.
لەم حاڵەتەشدا ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان سودی نەبێت بۆ
کردنەوەی گەروەکە، بژاردەی سەربازی و جوڵە پێکردنی هێز دەبێتە بژاردەیەکی ناچاری و
دەستوەردانی ئەمریکا و و وڵاتانی ڕۆژئاوا.
گەروی هورمز ڕێگەیەکی هاوبەشی دەریایی ستراتییژییە لە
جیهاندا، لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، چەندین جار میدیاکان باسیان
لەوەکردوە ئێران هەڕەشەی داخستنی دەکات.