هەواڵ

سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێم بازگە دادەنێت و رێگە بە هاتوچۆی هاوڵاتییان نادات

Mic
2025-04-07


رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، کە سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێم و بەدیاریکراوی لە سنوی برادۆست بازگەی داناوە و رێگە بە هاوڵاتییان نادات سەردانی ناوچەکانی خۆیان بکەن.

لە راگەیەندراوێکدا، رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی 31ـی ئازاردا، گوندنشینانی شارەدێی بەرمیزە لە قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر، بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە روویان کردە چیای ئاودەل کێوی و مێرگی سەرچەمان، لەسەر ڕێگای گوندنشینەکان سوپای تورکیا بازگەیەکی جێگیرکردووە و دوای ناسنامە و کارتی نیشتیمانی لێکردوون.

سی پی تی ئاماژەی بەوەکردووە، کە سوپای تورکیا ڕێگەیان بە گوندنشینانداوە بچن بۆ کردنەوەی گژوگیا لە سنورێکدا، کە سەربازەکان بۆیان دیاریکردبوون، بەڵام بە مەرجی ئەوەی کە وێنە و ڤیدیۆی ناوچەکە نەگرن.

وەک سی پی تی بڵاویکردووەتەوە، لەکاتی گەڕانەوەیاندا، سەربازانی سوپای تورکیا بە گوندنشینانیان ڕاگەیاند، کە تا رۆژی 7ـی نیسان مۆڵەت بە هیچ کەسێک نادەن بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا و لەو قۆرژەشدا تەنیا لە کاتژمێر 6ـی بەیانی تاوەکو 4ـی دوانیوەڕۆ رێگەپێدان هەیە.

لە راگەیەندراوەکەی سی پی تی دا هاتووە، کاتێک ئەمڕۆ، گوندنشینان بەڕێگاوەبوون بۆ مێرگی سەرچەمان بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە، سەربازانی تورک لە بازگەکەیان، رێگەیان لێگرتن و ڕێگەیان نەدا کە گوندنشینان تێپەڕببن.

بە پێی ئامارێکی رێکخراوی سی پی تی لە دوای پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان و راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە، ئێستا سوپای تورکیا لانی کەم 123 هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

لە سەرەتای 2025یشەوە تا ئێستا بە هۆی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا دوو هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و چوار هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.

More News

Most Popular

هەواڵ

بەیاسایەک خۆپیشاندان لە عێراق رێکدەخرێت

Mic
2025-08-02


وابڕیارە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای ئازادیی رادەربڕین و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتیانە پەسەند بکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان لەسەر ناوەڕۆکی پرۆژەکە وا بە ئاسانی پەسەند ناکرێت.

ئەمڕۆ 2ی ئابی 2025، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پێنج پڕۆژەیاسا و تاوتوێکردنی چوار پڕۆژەی دیکە.

یەکێک لەو پڕۆژەیاسایانەی بەگوێرەی کارنامەی ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، پڕۆژەیاسای ئازادیی رادەربڕین و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتیانەیە.

رۆژنامەی " الشرق الأوسط" بڵاویکردووەتەوە، پڕۆژەیاساکە لە 17 ماددە پێکهاتووە، لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق، لیژنەکە لە زۆرینەی ماددەکاندا تێبینیی خۆی بۆ لابردن یان گۆڕینیان نووسیوە.

پڕۆژەیاساکە بۆ رێکخستنی ئازادیی هاووڵاتییە لە رادەربڕین و نووسین و وێنەگرتن، لیژنەی مافی مرۆڤ پێشنیازی کردووە ئەو دەستەواژەیە لە پرۆژە یاساکەدا بسڕدرێتەوە، کە ئاماژەی بەوە داوە، نابێت ئەو ئازادیی رادەربڕینە زیان بە سیستم و ئادابی گشتی بگەیێنێت.

بانگەشەکردن قەدەغەکراوە بۆ "جەنگ، کاری تیرۆرستی، رقلێبوونەوەی نەتەوەیی و رەگەزپەرستی و ئایینی و تایفی،  تانەدان لە ئایین و مەزهەب و کەمکردنەوەیان"، لیژنەی مافی مرۆڤ داوای کردووە، کە ئەو بڕگەیە لاببرێت.

بەپێ پڕۆژەیاساکەدا رێگە دراوە بە کۆبوونەوەی جەماوەریی تایبەتی هاووڵاتییان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەخت، بەڵام بۆ کۆبوونەوەی گشتی پێویستە بەر لە پێنج رۆژ مۆڵەت لە یەکە کارگێڕییەکان وەربگیرێت.

لەئەگەری رەتکردنەوەی مۆڵەتدا، پرۆژەکە ئەوەی خستووەتەڕوو دەکرێت لە رێگەی دادگاوە سکاڵا لە دژی رێگرییەکە بکرێت، بەڵام لیژنەی مافی مرۆڤ پێشنیازی کردووە تەنیا لایەنە کارگێڕییەکان ئاگادار بکرێنەوە لەو کۆبوونەوەیە، نەک مۆڵەتیان لێ وەربگیرێت.

لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، نابێت ئەو کۆبوونەوانە لەسەر رێگەی گشتی بکرێن، رێگریش دەکات لە بەرزکردنەوە و گوتنەوەی ئەو دروشمانەی دژ بە سیستم و ئادابی گشتین، بەڵام لیژنەی مافی مرۆڤ داوای سڕینەوەی ئەو بڕگەیەی کردووە.

پڕۆژەیاساکە، کۆبوونەوەی گشتی لە نزیک قوتابخانە، پەرستگە، زانکۆ و فەرمانگەکانی دەوڵەت قەدەغەکردووە، ناشبێت چەک بە هەموو جۆرەکانییەوە یان ئامێری بریندارکەر لەو کۆبوونەوانە هەڵبگیرێت.

بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، هەر کەسێک بانگەشە بۆ "جەنگ و کاری تیرۆرستی و رقلێبوونەوەی نەتەوەیی و رەگەزپەرستی و ئایینی و تایفی" بکات، سزاکەی بەندکردنە، بەو مەرجەی لە 10 ساڵ تێنەپەڕێت.

چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنی یاسادانان لە مانگی تشرینی دووەمدا، پەرلەمان هەوڵ دەدات چالاکیەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ دەرکردنی یاسا جێی مشتومڕەکان، دوای ئەوەی بەهۆی نائارامی سیاسییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە کە لیستێکی درێژی یاسا بنچینەییەکانی پەکخست.

"پڕۆژەیاسای ئازادیی رادەربڕین و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتیانە" یەکێکە لەو پرۆژە یسایانەی مشتومڕی زۆری لەسەرەوە پێش گەیشتنی بە هۆڵی پەرلەمان پێشنیاری بەشیک لەمادەکان و گۆڕینیان کراوە و پێناچێت تێپەرآندنی ئاسان بێت.