هەواڵ

12 ساڵە بەردەوامە.. هاوپەیمانان هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە رادەگرن

Mic
2025-08-02


دوای 12 ساڵ لە بەردەوامی هاوکارییەکان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، ساڵی داهاتوو هاوکارییەکان رادەگیرێت و لێکتێگەیشتنی نێوان هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە کۆتایی دێت.

لە سەروبەندی شەڕی داعشەوە لە ساڵی 2014ەوە، بەپێی لێکتێگەیشتنێکی نێوان وەزارەتی پێشەمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، مانگانە لەگەڵ هاوکاری داراییدا، هاوپەیمانان لە رووی چەک و مەشقەوە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.

بەپێی بەدوواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای مایک، هاوپەیمانان دەمێکە هاوکاریکردنی پێشمەرگەیان لە رووی چەکەوە راگرتووە و هەموو کارەکانی خۆیان لە رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا چڕکردووەتەوە.

بەوتەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم: مانگی 9ـی 2026، لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ئەمریکا کۆتایی دێت.

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە، لەوانەیە بە کۆتایهاتنی ئەم لێکتێگەیشتنە ئەو 18 ملیار دینارەی کە ئەمریکا دەیدات بە پێشمەرگە ببڕدرێت.

بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی 12 ساڵ پێش ئێستا لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان کراوە، هاوپەیمانان جگە لە هاوکاری دارایی لە رووی پێدانی چەک و پێداویستی لۆجستی و مەشق و هەواڵگیریی و هێزی ئاسمانییەوە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.

کۆتاییهاتنی لێکتێگەیشتنەکە لەکاتێکدایە، بەرپرسانی هەرێم و هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام باس لە مەترسییەکانی داعش و شانە نوستووەکانیان دەکەن.

More News

Most Popular

هەواڵ

97 پەرلەمانتار هەشت مانگە سوێندیان خواردووە و دەوام ناکەن

Mic
2025-08-02

هەشت مانگ بەسەر سوێندخواردنی 97 ئەندامانی خولی شەشەی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت و تائێستا هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان بەرێوەنەچووە.

ڕۆژی 2ـی 12ـی 2024 دوای نزیکەی دوو مانگ ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام دوای هەشت مانگ پەرلەمان هیچ دانیشتنێکی نەکردووە، پەرلەمانتاران دەوام ناکەن و مووچەش وەردەگرن.

دەبوو لە ڕۆژی سوێندخواردنی ئەندامانی ئەم خولە، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاریبکرایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێککەوتنی پێشوەختە لەسەر سەرۆکایەتیی پەرکەمان، حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نەکرابوو دانیشتنەکە بە کرواوەیی هەڵگیر.

گرفتی بەردەم کۆنەبوونەوەی پەرلەمان، ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستەنە لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی پەرلەمان، حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

دوای نزیکەی دوو ساڵ لەوەی هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاسایدابوو، دواجار لە 20ـی 10ـی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. 

نزیکەی 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەم تێدەپەڕێت، تا ئێستا پەرلەمان کۆ نەبووەتەوە و سەرۆکایەتی هەڵنەبژاردوە، پڕۆسەی سیاسیی بەشێوەیەکی نا پەیڕوەی، نا یاسایی و نا دەستوری پەکیکەوتووە.

تا ئەمڕۆ بەشێوەیەکی کرداری هیچ هەنگاوێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێ نەنراوە و تا ئێستاش حکومەت هەر کاربەڕێکەرە.

ئەوە لە کاتێکدایە زیاد له‌ دوو ساڵه‌ هه‌رێم له‌ بۆشایی یاساییدایه‌، دامەزراوە فەرمییەکانی پەکیان کەوتووە و ململانێکانی نێوان هەولێر و بەغداش تا دێت گرژی زیاتریان تێدەکەوێت کە هەمووی لەسەر حیسابی بودجە و قوت و گوزەرانی هاوڵاتییانە.

 قه‌یرانگه‌لێکی زۆر به‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی گرتووه‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ براوه‌کانیش بەتایبەت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان خه‌مساردن و له‌پێناو ده‌سکه‌وتی حزبیان له‌ ململانێ و ناکۆکییه‌کانیان به‌رده‌وامن.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ بە 15 کورسییان بەدەستهێنا.

بەپێی بڕگەی 12ـی ماددەی 10 لە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2005 کە ناسراوە بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان- هەموار کراو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ناونانی سەرۆک وەزیران لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە زۆرینە ئامادەبووان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەسپێرێت کابینەکەی لە ماوەی 30 ڕۆژدا پێکبهێنێت.

یاساکە هیچ وردەکارییەکەی زیاتری لەسەر ڕاسپاردنی کاندید بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت نەخستوەتەڕوو، بەڵام بەو پێیەی دەنگدانەکە پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبوانە دەرفەتی بە لایەنەکان داوە بکەونە کێبڕکێی ناو پەرلەمانەوە.

ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە جۆرێکە هیچ لایەنێکی سیاسی خاوەنی (50+1) نییە، تەنانەت ئەو لایەنانەشی نزیک لە یەکترەوە ناتوانن (50+1) کۆبکەنەوە، بۆیە پارتی و یەکێتی بەبێ یەکتر و لایەنەکانی دیکە ناتوانن حکومەت پێکبهێنن.

هەرچەندە لە ڕابردودا پارتی و یەکێتی چەند جوڵەیەکی سیاسییانکرد و ژمارەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، بەڵام تا ئێستا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

لەم ڕۆژانەی دوایدا بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتی لە دیدارە دیبلۆماسی و لێدوانە کانیاندا جەختیان لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە وابڕیارە لە 11ــی 11ـی 2025 بەڕێوە بچێت کابینەی نوێ پێکبهێنن.

 بە پێی بەدواداچوونێکی دیجیتاڵ میدیای MIC ناتوانرێت لە پێش ئەو وادەیە کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت، چونەکە ڕێکارەکان کاتی زیاتر لەو وادەیەی دەوێت کە لەبەردەم هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقە، بۆیە هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوەن پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر پێشهاتی نوێ ڕوونەدەن.