ئەمریکا هێزی سەربازی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت، سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژە بە هێرشی فروانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن دژ بە ئێران.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روبەڕوی گرژییەکی نوێی سەربازی بووەتەوە، جوڵەکان بە ئاڕاستەی پێکدادانانی راستەوخۆی ئێران و ئەمریکان.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانی هەواڵگیری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئەگەری زۆرە ئەمریکا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا واتا تا مانگی شەش هێرشی سەربازی دژی ئێران ئەنجام بدات.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئیسرائیل خواستی خۆ بۆ پشتیوانیکردنی ئەمریکا و بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر ئێران دەربڕیووە.
سەرچاوە هەواڵگرییەکان کە قسەیان بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست کردووە، پیشبینیان کردووە هێرشە هاوبەشەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامانجی هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت، ئەو دوو وڵاتە دەیانەوێت ژێرخانی ئەتۆمی تاران پەکبخەن.
رۆژنامەی دەیلی مەیل وادەی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە وادەیەکی نزیکتردا پێشبنینی دەکات، وەک رۆژنامەکە بڵاویکردوەتەوە، بەرپرسانی واشنتن و تەلئەڤیڤ باسیان ئەنجامدانی هێرشی هاوبەش کردووە لە هەفتەکانی داهاتوودا.
ئەمریکا وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو هێرشە، هێزی زیاتری رەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و روون تر هێزەکانی خۆی نیشانی ئێران و حووسییەکان دەدات.
ئەمریکا کەشتى فڕۆکەهەڵگری کارڵ ڤینسۆنی بۆ یاوەری کەشتی یوئێس ئێس هاری ترومان، لە دەریای سور جێگیر کردوە، رەوانەکردنى ئەو کەشتییە لەپێناو پاراستنى سەقامگیری ناوچەکە و بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی ئاسمانی ئەمریکایە
چوار فڕۆکەی B-2 کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی هەیە نێردراونەتە بنکەی سەربازی ئەمریکی-بەریتانی لە دورگەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی.
شۆن پارنێڵ وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا-پێنتاگۆن- رایگەیاند، ئەگەر ئێران یان گروپە نزیکەکانی ئەو وڵاتە هەڕەشە لەسەر ئەمریکییەکان و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکە دروست بکەن، بەرگری لە هاوڵاتیانی ئەمریکی دەکەین و رێکاری توند دەگرێتەبەر.
ئەمریکا جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆی و هاوبەشەکانی دەکاتەوە کە پابەندن بە ئاسایشی ناوچەکانی ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەڕاست و باشوری ئاسیا، هەر بۆیە ئامادەیی بۆ وەڵامدانەوەی هەر وڵات و لایەنێک دەردەبڕن کە بیەوێت گرژییەکانی ناوچەکە زیاد بکات هەر ئەمەش کە وەک پاساو بە کاردەهێنێت بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ.
ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بێدەنگ نییە، ناو بە ناو بەرپرسانی باڵای ئێران لەناویاندا عەلی خامنەیی رابەری باڵای وڵاتەکە هەڕەشەی بەرپەرچدانەوەی توندی هەر هێرشێک دەکەن کە بکرێتە سەریان.
پرسی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دوای ئەوە هات، ئێران لە رێگەی عومانەوە، بە فەرمی وەڵامی نامەیەکی ترەمپی دایەوە کە تێیدا سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازیکردبوو گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بکەن، ئەگەر نا، بژاردەی دیکە لە دژی ئێران بەکاردێنێت.
ترامپ لە نامەکەیدا دوو مانگ مۆڵەتی بە ئێران دابوو بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی نوێ بکات، بە پێچەوانەوە دەکرێت ئەمریکا هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران.
ترامپ لەگەڵ ئەو هەڕەشەیەدا، بڕیاری لە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژی ئێران کردووتەوە و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت چۆک بە تاران دابدات.
ئێران سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمی ئاڕاستەی دەکرێن، بەرپرسانی ئێران ئەو فتوایەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بە بیر دەهێننەوە کە لە ساڵی 2003 لە سەروبەندی تۆمەتبارکردنی ئێران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆمبی ئەتۆمی حەرام کرد.
ئەگەرچی ئێران تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە، بەڵام زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نیشانی دەدات وڵاتەکە هەوڵی بە دەستهێنانی ئەو چەکە دەدات.
مانگی تشرینی دووەمی 2024، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاشکرای کرد "ئێران نزیکەی 204 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60٪ـی هەیە؛ دوای سێ مانگ، ژمارەکەی ئەپدەیتکردەوە و وتی ئێستا ئێران 275 کیلۆی هەیە." کە لە رووی زانستییەوە هەر بۆمبێكی ئەتۆمی پێویستی بە 40 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 90٪ هەیە.
یەکێک
لە بژاردەکانی ئێران بۆ هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل،
ئەوەیە کە گەروی هورمز بەتەواویی دابخات لەبەردەمی هەموو جموجوڵیکی بازرگانیی و هەناردەکردنی
نەوت، ئەوەش وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکا دوچاری تەنگەژەی ئابوریی جدی
دەکات.
لێکەوتەیەکی خراپی داخستنی گەروی
هورمز، هەڵاوسانی ئابوریی و تێکچونی پەیوەندی دیپلۆماسی ئێرانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو
(عومان، سعودییە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەینە، کوەیت و عێراق) و رەنگە روبەری
جەنگەکە فراوانتر بکات.
گەروی ھورمز، پانییەکەی 50 کیلۆمەترە، بەڵام تەنها 40
کیلۆمەتری بۆ جموجوڵی بازرگانیی بەکاردەهێنرێت و ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژییە و
کەوتوەتە نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات کە کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان
زەریای ھیندی دەبەستێتەوە و پینجیەکی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لەم نۆکەندەوە
تێدەپەڕێت.
بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو بە (ئەن
کلۆس)، کە لە ساڵانی 1973 تا 1982 هاتوەتە ئاراوە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی
تێپەڕبونیان بەم گەروەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی
ئەم ڕێککەوتننامەیە.
جگە لەو ڕێککەوتننامەیە، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئێران و عومان بۆ بەڕێوەبردنی
گەروی هورمز هەیە، هەروەها ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو کە لە ساڵی 1981 دامەزراوە
بارەگاکەی لە ڕیازی پایتەختی سعودییە و ئەنجومەنەکە هەریەک لە کوەیت، بەحرەین و
عومان، قەتەر، سعودییە، ئیمارات لە خۆدەگرێت هەماهەنگی بۆ سیاسەتی دەریایی و وەزە
لە گەروی هورمز دەکەن.
گەرووەکە بەناوی دورگەی هورمزەوە ناونراوە کە دورگەیەکی
بچوکە و دەکەوێتی سنوری ئاوی ئێرانەوە و سەر بە پارێزگای هورمزگانە و روبەری دورگەکە
42 کیلۆمەترە و سێ هەزار کەس لێی نیشتەجێن.
شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیکی و چاودێرانی نێودەوڵەتی،
پێیان وایە ئێران هەم لە ڕوی سەربازی و هەمیش لە ڕوی جوگرافییەوە توانای داخستنی
گەروەکەی هەیە.
لە ئەگەری داخستنی گەروەکە، سعودییە، ئیمارات و عێراق چەند
وڵاتێکی دیکەی کەنداو زیانی گەورەی ئابورییان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەش دەبێتە
هۆی بەزربوونەوەی نرخی کاڵا و زیادبونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای
وڵاتانی ھاوردەکار.
ئێران دەتوانێت لەڕێگەی، هەردو دورگەی لارک و هێنگامی سەر
بە پارێزگای هورمزگان، گەروەکە دابخات، چونکە ئەو دورگانە باڵادەستن بەسەر ڕێڕەوی
کەشتیوانیی لە گەروەکەدا.
هەڵکەوتەی جوگرافی دورگەکانی لارک و هێنگامی لە دەیان ساڵی
ڕابردودا ڕۆڵی هەبووە لە چاودێرییکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی، بۆیە لەم
دوو شوێنەوە ئێران دەتوانێت بە بەکارهێنانی بەلەمی بچوک یان بەکارهێنانی مینی
دەریایی، یان هەڵدانی موشەک، ڕێگای هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان
بگرێت.
هەرچەندە هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا، ژمارەیەک
وڵاتی دیکە لە چوار چێوەیەکی هاوپەیمانێتییەکدا هێزیان لە چەند شوێنێکی گەروی
هورمز جێگیرکردوە و بۆ چاودێری و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان
دەکەن، بەڵام هێشتا ئێران مەترسییەکی جدییە لەسەر گەروەکە، چونکە لە ڕابردودا وەک
کارتی فشار دژی گەمارۆ ئابورییەکانی، تاران بە شێوەی کاتی دەستی بەسەر چەندین
کەشتی بازرگانیدا گرتوە.
داخستنی گەروی هورمز کاریگەریی ئابوریی گەورەی دەبێت لەسەر
هەناردەکردنی نەوتی، سعودییە، ئیمارات و عێراق و کوەیت، چونکە، هێڵی ترانزێتی
نەوتی جیهانە، هاوکات وڵاتانی هاوردەکار، چین، ژاپۆن، کۆریای باشور و ئەوروپاش
زیانیان بەردەکەوێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەی غازی شلی
قەتەرە بۆ جیهان، بڕی ئەو نەوتەی ڕۆژانە بە گەروەکەدا تێدەپەڕیت 20 ملیۆن بەرمیلە،
لە 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، قەبارەی ساڵانەی بازرگانی گەروی هورمز
ساڵانە 687 ملیار دۆلارە.
بەهۆی ئەوەی ئابوریی عێراق بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت
دەبەستێت زیانمەندی یەکەمی داخستنی گەروی هورمزە و، دەبێت بە ناچاری ڕوبکاتە
هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری هەرێم بۆ بەندەری جەیهان و توانای
بۆرییەکەش سنوردارە و تەنها دەتوانێت ڕۆژانە دەوروبەری ملیۆنێک بەرمیل نەوت
بگوازتەوە.
دوای داخستنی گەروەکە، لە یەکەم قۆناغدا بازاڕەکانی بۆرسەی
وڵاتان توشی شڵەژان و ناجێگیری دەبنەوە و هەڵاوسان دروست دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی
بەرزبونەوەی نرخ.
لەم حاڵەتەشدا ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان سودی نەبێت بۆ
کردنەوەی گەروەکە، بژاردەی سەربازی و جوڵە پێکردنی هێز دەبێتە بژاردەیەکی ناچاری و
دەستوەردانی ئەمریکا و و وڵاتانی ڕۆژئاوا.
گەروی هورمز ڕێگەیەکی هاوبەشی دەریایی ستراتییژییە لە
جیهاندا، لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، چەندین جار میدیاکان باسیان
لەوەکردوە ئێران هەڕەشەی داخستنی دەکات.