توێژینەوەیەكی زانكۆی بەنێوبانگی ھارڤارد دەریخستوە كە تەندروستی ڕیخۆڵە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كار لە مێشكت دەكات.
پێكھاتەی مێشك تەواو ئاڵۆز و سەرسوڕھێنەرە، جگە لە ڕاییكردنی كارەكانی خۆی، سەرپەرشتی ڕێكخستنی كاری زۆربەی ئەندامەكانی دیكەی جەستەش دەكات. ئەمانە چەند زانیارییەكن دەربارەی ئەو ئەندامە گرنگەی لەش:
1. ھەست بە ئازار ناكات: شانەی مێشك ئەو پێكھاتە دەمارییە تایبەتمەندەیان نییە كە ھەستی ئازار وەردەگرن، ئەی كەواتە ھۆكاری سەرئێشە چییە؟ سەرئێشە ھۆكارەكانی جیاوازن، ھەر لە گرژبوونی ماسولكەكانی ڕوخسار و ملەوە، تاوەكو ھەوكردنی گیرفانەكانی لووت گرژبوون و خاوبوونەوە تەنانەت تەقینی بۆریەكانی خوێن.
2. شانەیەكی تەواو چەورە: ٦٥٪ی پێكھاتەی مێشك لە چەورییە بەسودەكانی وەك ئۆمێگا-٣ پێكھاتووە، توێژینەوە زانستییەكان دەڵێن زایادبوونی چەورییە زیانبەخشەكان لە جەستەدا بەگشتی و مێشك بەتایبەتی، خراپ لەسەر توانای بیر و زیرەكی مرۆڤ دەشكێتەوە.
3. مێشكی پیاو قورسترە: كێشی مێشك نیوەی كێشی كەللە سەرە. تێكڕای كێشی مێشكی خانمان ١٢٤٥ گرامە، ئەوەی پیاوان زیاترە ١٣٧٥ گرامە، وەك بەراوردێك مێشكی فیل ٦ كیلۆگرامە، بەڵام كێشی مێشكی پشیلە تەنیا ٣٠ گرامە.
4. مێشكی خۆڵەمێشی و مێشكی سپی: ٤٠٪ی مێشك لە بەشێكی خۆڵەمێشی پێكھاتووە و دەكەوێتە ڕووكاری دەرەوەی مێشك، ئەم بەشە كاری ئەوەیە زانیارییەكانی مرۆڤ ڕێكبخات و ھەڵیان بگرێت. ئەوەی دەمێنێتەوە بەشە سپییەكەی مێشكە كە زیاتر كاری ئەوەیە ھاتوچۆ بە ئاماژە جیاوازەكان بكات لە مێشكدا.
5. خەرجییەكی زۆری دەوێ: مێشكی كەسێك تەنیا ٢٪ی كێشی پێكدێنێ، كەچی ٢٠٪ی وزە و ٢٥٪ی ئۆكسجینی جەستە بۆ خۆی دەبات، بەوەش زۆرترین وزە دەبات بە بەراورد بە ھەر ئەندامێكی دیكەی جەستە. ٦٦٪ی ئەو وزەیەی وەریدەگرێت، بۆ كاركردنی دەمارە خانەكان بەكاردێنێ و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ پاراستن و ھێشتنەوەی خانەكانە.
6. وزەی گڵۆپێك كارەبای پێیە: بەگوێرەی ماڵپەڕی فۆكسی ئەڵمانی، ئەو وزەیەی مێشك بەرھەمی دەھێنێت، دەتوانێت گڵۆپێك دابگیرسێنێ.
واتە دەكرێ مێشك بچوێنین بە پاتریەك كە بەردەوام كاردەكات. لەكاتی لە خەو ھەستاندا مێشك ٢٣ وات كارەبا دەدات، ئەوەش بەسە بۆ داگیرسانی گڵۆپێك.
7. ھەتا پێچاو پێچ بێت باشترە: ئەو ھەموو پێچەی لەسەر ڕووكاری مێشك ھەیە، نیشانەیەكی باشەو بۆ ئەوەی زۆرترین ڕووبەری ھەبێت، بەوەش زۆرترین دەمارەخانەی ھەبن، تاوەكو كەسێك دەمارەخانەی زیاتری ھەبن، توانای زیرەكی ئەو كەسە زیاتر دەبێت. دەبێ بزانین وەك چۆن قەبارەی سەری كەسێك لە كەسێكی دیكەوە جیاوازە و پەیوەندی بە لایەنی بۆ ماوەیی ھەیە، ڕادەدەی پێچاوپێچی و ڕووبەری زیادی مێشكیش لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت.
8. بۆن لەیاد ناكات: مێشكی مرۆڤ ھیچ شتێكی وەك بۆن بیرناكەوێتەوە، ئەویش چونكە ھەستی بۆنكردن لەچاو ھەستەكانی دیكە، زۆرترین ناوچەی پێشوازیكەری ھەیە، توێژینەوەیەك لەسەر كەسانی بەتەمەن كراوە بۆ زانینی ڕاددەی بیركەوتنەوەی بیرەوەرەكان. لە تاقیكردنەوەكاندا وێنە، وشە و بۆن بەكراھاتوون، كە ئەنجامدا دەركەوت ئەو یادەوەریانەی پەیوەست بوون بە بۆن، لەسەردەمێكی زووەوە بیری كەسەكان دەھاتنەوە، كەچی ئەوانەی تایبەت بوون بە وشەو و وێنە، لە تەمەنێكی گەورەتر و درەنگترەوە بیردەھاتنەوە.
9. پەیوەندی مێشك و ڕیخۆڵە زۆر پتەوە: توێژینەوەیەكی زانكۆی بەنێوبانگی ھارڤارد دەریخستوە كە تەندروستی ڕیخۆڵە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كار لە مێشك دەكات، بەجۆرێك ئەوانەی ڕێژەی بەكتریا سوودبەخشەكان ڕیخۆڵەیان ئاساییە، كەمتر تووشی شڵەژان و دڵەڕاوكێ دەبن و دەروونێكی ئارامتر و تەندروستتریان دەبێ.
لە 12 رۆژی جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا، بازاڕەکانی
هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار توشی هیچ شڵەژانێک و بەرزبونەوەی نرخی کاڵاو شمەک
نەبوو، لە کاتێکدا زۆرینەی کاڵای بازاڕەکانی ئێرانین.
بەرەبەیانی 13ـى حوزەیران ئیسرائیل هێرشێکی چڕ و
فراوانی کردە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، هێرشەکە یەکەم هێرشی ئاشکرا و راستەوخۆی
ئیسرائیل بوو بۆ سەر ئێران.
ئیسرائیل گورزی کوشندەی لە ئێران وەشاند، جگە لە
کوژرانی سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی سوپای پاسداران و فەرماندەی هێزی ئاسمانی
ئێران، چەندین فەماندەی پلەباڵای ئێران کوژران، هەروەها زیاتر لە 10 زانای ئەتۆمی
ئێران کوژران.
ئێران هەمان رۆژ وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و بەچڕی
ئیسرائیلی موشەک باران کرد، دوای 12 رۆژ شەڕەکە بە کاتی وەستێندراوە و بڕیارە
ئاگربەستی درێژخایەنیش بکرێت.
هەرێمی کوردستان لە نێوان بەرداشی ئێران و
ئییسرائیلدا بوو، بەشێک لە موشەک و درۆنەکانی هەر دوولا بەسەر ئاسمانی هەرێمدا
تێدەپەڕین و لە چەند ناوچەیەکیش کەوتنەخوارەوە.
ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان جیاوازبوو لەم جەنگەدا،
سەقامگیری دۆخی بازاڕەکانی بوو، نەک شتومەک گرانن نەبوو، بازاڕ هیچ شڵەژانێکی
بەخۆیەوە نەبینی، بەڵکو بەشێک لە شمەک و پێداویستییەکان نرخەکانیان دابەزی.
گراننەبوونی کاڵا و پێویستی هاوڵاتیان
لەکاتێکدابوو، بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی لە بازاڕەکانی هەرێمدان، بەرهەمی
ئێرانییە، لە 12 رۆژ ئەو جەنگە قورسەی بەرۆکی ئێرانی گرتبوو، سنورەکان دانەخران و
ئاڵوگۆڕی بازرگانی وەک خۆی بەردەوام بوو.
یەکێکی تر لەو هۆکارانەی کە وایکرد، لە بازاڕەکاندا
هیچ شڵەژانێک روونەدات، دابەشنەکردنی مووچە بوو، کاتێک جەنگەکە دەستیپێکرد، 43
رۆژبوو مووچە دابەشنەکرابوو، ئەمەش وایکرد هاوڵاتیان بە لێشاو و زیاد لە پێویست
شتومەک نەکڕن.
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئەنجامدانی
ریفراندۆم و بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ لەکاتی سەرژمێریدا، بەلێشاو
روویان لە بازاڕەکان دەکرد بۆ کڕینی شتومەک، ئەمەش سڵەژانی لە بازاڕدا دروستت کرد
و بووەهۆی بەرزبونەوەی نرخ، بەڵام تێپەڕاندنی ئەم جەنگە بەبێ شڵەژانی بازاڕ،
هاوڵاتییانی هەرێم رادەهێنێت بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنن لەگەڵ کێشە و قەیرانەکاندا.