هەواڵ

دەست بە نوسینەوەی رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان دەكرێت، لایەنەكان هێشتا كۆك نین

Mic
2022-08-24

دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر نووسینەوەی دەستوور کۆبوونەوە، بەڵام ناکۆکییەکان زۆرن، یەکێک لە دیارترینیان سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانە.
ئەمڕۆ سێشەممە ۲۰۲۲/۸/۲۳ كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، بەسەرپەرشتیی ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئامادەبوونی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان، لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەڕێوەچوو.
 گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو و یەکێتی داوای سیستمی پەرلەمانی دەکەن؛ هەرچی پارتیشە پرسەکەی بە کراوەیی هێشتووەتەوە و دەیەوێت لە گفتوگۆکاندا یەکلابێتەوە. 
 زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشەنگ بووە لەوەی ئەم سیستمە سیستمی پەرلەمانی بێت، ئێستاش لەسەر ئەو بۆچوونەین سیستمێکی پەرلەمانی بێت.
 ئەوەی کە پەیوەندی بە رۆڵی ئایینەوە هەیە، کۆمەڵ و یەکگرتوو دەڵێن، دەبێت ئایینی ئیسلام بنەمای دەستوورەکە بێت، پارتی و یەکێتیش دەڵێن، ئەوەش بابەتێکە کە دەکرێت لە گفتوگۆکانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووردا یەکلابکرێتەوە. 
 عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەوبارەیەوە رایگەیاند: ئیسلام سەرچاوەی بنەڕەتیی یاسادانانە و نابێت هیچ یاسایەک دەربچووێندرێت کە پێچەوانەی نەگۆڕەکانی ئیسلام بێت.
 بەڵام پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: سیستمی بەڕێوەبردن بێت یان بنەمای دەستوور، جارێ زووە قسەیان لەسەر بکەین، با جارێک لیژنەکە پێکبهێندرێت، دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە و هەموو ناکۆکییەکانی دیکە دەکەین.
 لە خولی پێشووی پەرلەماندا رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان ئامادەکرا کە 122 ماددە و هەشت دەروازە بوو، 74 ماددەشی لە لایەن ئەو لیژنە 21 کەسییەی کە بۆی پێکهێندرابوو، پەسندکرا، بەڵام ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان پڕۆژەکەی وەستاند.
لە تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەی ئەمرۆی سەرۆكی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان، بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ كراوە لەسەر پرسی نووسینەوەی دەستوور و ئاماژەش بە ناوەڕۆكی ئەو نامەیە كرا كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانی كردبوو سەبارەت بە نووسینەوە و ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە ڕاوبۆچوونی سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان خرایەڕوو و سەرجەمیان كۆكبوون لەسەر بوونی دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان.
هاوكات پێشنیار كرا لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ڕابسپێردرێت بۆ ئامادەكردنی پێشنیازەیاسایەك بەمەبەستی دروستكردنی لێژنەیەكی تایبەتمەند بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ كرا لەبارەی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و كاری لەپێشینەی پەرلەمانیش بریتی دەبێت لەو پڕۆژە و پێشنیازەیاسایانەی كە بە قۆناغە پەیڕەوییەكاندا تێپەڕیون و دەخرێنە دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان، هاوكات فڕاكسیۆنەكان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و كۆمیسیۆن، ڕاو بۆچوونەكانی خۆیان خستەڕوو.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئاسمانی عێراق جمەی دێت و ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد

Mic
2025-07-06

بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئاسمانی عێراق بەشێوەیەکی کارا لەلایەن کۆمپانیاکانی بواری گەشتی ئاسمانیی مەدەنییەوە بەکاردەهێنرێت و ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە، پاشئەوەی بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە کەرتی گەشتی ئاسمانی عێراق بەتەواوی داخرابوو.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژانە بەگشتی 300 بۆ زیاتر لە 700 فڕۆکەی مەدەنی بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن، ئەوەش پێوانەیەکی نوێیە.

بەگشتی ئاسمانی عێراق بە سێ چین لە بەرزترینەوە بۆ کەمتر بەرز، رێچکەی تێپەڕینی فڕۆکەی دیارییکردووە، ترافیکێکی زۆر بەهێز لە ئاسمانی عێراق هەیە و حەوت رۆژی هەفتە و رۆژانە 24 کاتژمێر فشارێکی زۆر لەسەر ئاسمانی عێراق هەیە و کۆمپانیاکانی گواستەوە خۆیان تۆماردەکەن.

 فاریس ئەلجیواری، توێژەر و راوێژکاری فڕۆکەوانی رایگەیاند؛ داهاتی دارایی لە فڕینی ئاسمانی فڕۆکەکان 450 دۆلارە بۆ هەر فڕۆکەیە، هەروەها هەر فڕۆکەیەک کە لە هەر فڕۆکەخانەیەکی عێراق بنیشێتەوە دەبێت 4 هەزار دۆلار بدات بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکریت، بە مەرجێک کە کاتیكی زۆر لەناو فڕۆکەخانەکەدا نەمێنێتەوە.

ئەلجیواری ئاماژە بەوەدەکات لە 12 رۆژی جەنگی ئێران و ئیسرائلدا، زیانی رۆژانەی عێراق بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە گەیشتبوە ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلار.

عەباس بەیزانى، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بۆ خزمەتگوزاریی گەشتى ئاسمانى عێراق، "سەرەڕاى ئاڵنگارییە ئەمنییەکانى ناوچەکە، بەڵام ئاسمانی عێراق متمانەی کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانیى بەدەستهێناوەتەوە و ژمارەیەک زۆر لە کۆمپانیا ناوچەیى و نێودەوڵەتییەکان گەڕاونەتەوە بۆ بەکارهێنانى ئاسمانى عێراق وەک رێڕەوێکى سەرەکى بۆ گەشتەکانیان".