زانست

مردن چییە؟ چەند بە ئازارە بۆ مرۆڤەکان؟ شیکارێکی زانستی لەبارەی مردنەوە

Mic
2022-02-02

مردن چیە..؟ چەندە بەئازارە بۆ مرۆڤەکان..؟


تێبینی: تکایە ئەگەر زۆر لە مردن دەترسیت مەیخوێنەوە، نوسینەکەم شیکارێکی زانستیە، مەبەستم تەنیا خستنەڕووی کۆمەڵێک زانیاری زۆر گرنگە...


ستیڤ جۆبزی کۆچکردو دەڵێت: هیچ مرۆڤێکی ئاسایی حەزی لە مردن نیە، هەتا ئەوانەی دەیانەوێت بچن بۆ بەهەشت ئارەزووی ئەوەیان نیە لەڕێگەی مردنەوە بگەن بە بەهەشت...


پێشەکی، مردن چیە..؟


مردن لە هەموو زیندەوەرەکان بە مرۆڤیشەوە بریتیە لە وەستانی بەردەوام و ئێجگارەکی هەموو کردار و زیندەچالاکیە بایۆلۆژیەکانی ناو هەموو خانەکانی لەش و پێکهاتەی ئەو زیندەوەرەیە لەبەر هەر هۆکارێک بێت، لە ئەنجامی ئەم وەستانەش یەکسەر ئەو خانانە بەشێوەیەکی سروشتی شیدەبنەوە بۆ ئەو توخم و پێکهاتە سەرەکیانەی کە لێی دروستبوون، هەموو ئەو پێکهاتانەش ئەگەر بە ڕاستەوخۆیی بێت یان ناڕاستەوخۆیی بەتێپەڕبوونی کات تێکەڵی ئاو، هەوا، هەروەها خاکی هەسارەی زەوی دەبنەوە...


مردنی مرۆڤەکان هەر لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی تاوەکو ئێستا لەلایەن هەموو کۆمەڵگاکان بە گەورەترین تڕاژیدیا و ناخۆشترین ڕووداو دانراوە لە ژیانیاندا، ئەویش لەبەر نەمان و پچڕانی بەردەوامی پەیوەندیە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان بووە لەگەڵ مرۆڤە مردوەکان...


ئێمە ئەوەندەی هەین زۆربەی کاتەکان باسی ژیانمان دەکەین، لە دایک بوون، منداڵی، باسی ڕۆژەکان و ساتەکانی ڕابردوومان و پلانەکانی داهاتووشمان دەکەین، باسی یادگاریەکان، جوانیەکان، خۆشیەکان و تاڵیەکانی ژیانمان دەکەین...


زۆربەمان یان نازانین، یاخود بیرمان دەچێت، یان خۆمان دەدزینەوە لەو ڕاستیەی کە پێمان دەڵێت هەموومان لە نێو گەردوونێکدا هەین و دەژین کە هەموو دۆخێک تیایدا سەرەتا و کۆتایی هەیە، هەموومان دەزانین کە ژیانیش یەکێک لەو دۆخانەیە، دەشزانین کە کۆتایی دۆخی ژیانی هەر یەکێکیشمان مردنە، بەڵام ئێمەی مرۆڤەکان بەگشتی لە زۆربەی کاتەکاندا بەهۆی ترسێکی شاراوە لە مردن کە لە ناخی هەریەکێک لە ئێمەدا بەخۆڕسکی هەیە، وای کردوە کە کەمترین ئارەزوومان هەبێت لە ورژاندن و قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، زۆربەی جارەکانیش کە باس لە مردن دەکەین ئەو کاتانەیە کە زۆر لەمێژ نیە ئازیزێکمان لەدەست داوە...


زۆر سەیرە، لەوانەیە دواجاریش مردن بۆ ئەوانەی دەمرن بەو شێوەیە بەئازار نەبێت وەک ئەوەی ئێمەی زیندووەکان بیری لێدەکەینەوە، لە خوارەوە وردتر باسی دەکەم...


بە گشتی مردنەکان چوار جۆرن، یەکەم مردنی سروشتیە کە بە زۆری لەسەرخۆیە، هەندێک جاریش یان لە ماوەیەکی کەمدا ڕوودەدات یان ئەویش کت و پڕە، دووەم جۆر مردن بەهۆی کوشتنی مرۆڤەکەوەیە کە ئەویش دەشێت کت و پڕ و خێرا بێت یان دوای ماوەیەک ڕووبدات بەهۆی سەختی برینەوە، سێیەم جۆر بە هۆکاری خۆ کوشتنە کە زۆربەی جارەکان کت و پڕ و خێرایە، چوارەم بەهۆی ڕووداوەکانە ئەویش زۆربەی جارەکان کت و پڕە بەڵام دەشێت ئەویش ماوەیەکی پێ بچێت یان لەسەرخۆ بێت...


ئەو مرۆڤانەی مردن زۆرترین ئازاریان پێ دەبەخشێت ئەو کەسە زیندووانەن کە ئازیزێکیان لەبەرچاویان لەسەرخۆ یان کت و پڕ دەمرێت، ڕووداوی مردنەکە دەبێتە یادگاریەکی تاڵ و ناخۆش کە وەکو شریتێکی سینەمایی سەدەها جار لێدەرێتەوە لە هزر و خەیاڵی ئەوان ئەوەندەی لە ژیاندا دەمێنن، لە ڕاستیدا ئەو یادگاریانە وا دەکەن زۆربەی مرۆڤەکان ترسێکی شاراوە لە مردن لەلایان دروست بکات لە هزر و ناخیان، ئەو ترسەش هەروەکو لەسەرەوە خستمە ڕوو وایکردوە بەگشتی مرۆڤەکان ئارەزوی ورژاندنی ئەو بابەتە نەکەن ئەوەندەی لە ژیاندا دەمێننەوە...


مردن تا چەند بە ئازارە..؟


هەموومان لەکاتی پێویست هەست بەئازار دەکەین تا دوا چرکە کە تیایدا بەئاگاین لە ژیاندا، لە ڕاستیدا ئەو هەستە وادەکات ئەوەندەی هەین خۆمان لە مەترسیەکان بپارێزین، ئەو کەسانەش کە ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە کاتێک ئەوان بەئاگان ڕووبەڕووی ئازارێکی کەم تا زۆر دەبنەوە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر کورتیش بێت بە پێی دۆخ و جۆرەی مردنەکەیان، لە سەرەتا جگە لە ڕووبەڕوو بوونەوە و هەست کردن بە ئازار کە دەشێت توند و ناخۆش بێت ئەگەر بەهۆی وەستانی دڵ و مێشکەوە بێت یان وەستانی هەناسە یاخود برینێکی زۆر قوڵ و سەخت یان شێلان و تێکشکان بەهۆی ڕووداوێکی زۆر سەخت و قورس، جگە لەوە لەهەمان ساتیشدا دیسان ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر کەمیش بێت ئەوەندەی بەئاگان ترس و تێکشێوانێکی دەروونی و مشەوەشیەکی ئێجگار زۆریش لە هزر و دەرونی کەسەکەدا دروست دەبێت، دوای کەمێک لەوە ئەگەر لەسەرخۆ و وردە وردە بێت یان زۆر بە خێرایی بێت کەسەکە بەئاگایی لەدەست دەدات و ئیتر لەو ساتەوە هەستی ئازاریش لەلای نامێنێت و خودی کەسەکە شۆڕ دەبێتەوە نێو بێ ئاگایی و بێ هۆشییەکی زۆر قوڵ بەپێی دۆخ و جۆری مردنەکە، دوای کەمێک لە بێئاگایی یان ماوەیەکی درێژتر لە بێ هۆشی و بێ ئاگایی دیسان بەپێی جۆر و دۆخی مردنەکە کەسەکە دەگاتە مردنی تەواوەتی دوای وەستانی مێشک بەتەواوی...


چی بکەین باشە لەکاتی مردنی کەسێکی نزیکمان یان ئازیزێکمان لە پێشمان..؟


ئەگەر مردنەکە کت و پڕ و خێرا بوو لەوانەیە بەهیچ ڕانەگەین جگە لە داواکردنی یارمەتی بە خێرایی لە کەسانی دەوروبەر یان لایەنەکانی فریاگوزاری خێرا، بەداخەوە لەوانەیە کاتی ئەوەمان نەبێت پێش ئەوەی کەسە لەهۆش خۆی بچێت و بمرێت هیچ ئاخاوتنێکی لەگەڵ بکەین...


بەڵام ئەگەر مردنەکە لەسەرخۆ بوو هەروەها زانیمان کەوا هیچ هەوڵێک یان ڕێگا چارەیەک نەماوە بەکاربهێنرێت ئەوا باشترین بژاردە ئەوەیە یەکەم کۆنتڕۆڵی گریان بکرێت لەپێش ئەو کەسە ئەوەندەی بەئاگایە، دووەم دەستی کەسەکە بگیرێت و ئاخاوتنی لەگەڵدا بکرێت تا ئەو ڕادەیەی بە ئاگایە، لە ئاخاوتنەکانیش باسی گرنگی و جوانیەکانی ئەو کەسە و ژیانی کەسەکە بکرێت، دڵنیایی پێ بدرێت کە هەموو شتێک باش و جوان بووە لە ژیانیدا، هەروەها هەموو شتێک هەر وا بەباشی و بە جوانی دەمێنێتەوە دوای ڕۆیشتنی ئەویش، ئەگەر کەسەکە بڕوادار بوو زۆر گرنگە دڵنیایی ئەوەی پێبدرێت کە جیهانێک و ژیانێکی زۆر خۆشتر و جوانتر چاوەڕێی دەکات دوای مردنی...


ئەمە بەشی یەکەمی نوسینەکەم بوو، لەبەشی دووەم هەوڵ دەدەم ئەم پرسیارانەی خوارەوە بورژێنم و بەدوای وەڵام و لێکدانەوە زانستیەکاندا بگەڕێم:


چیمان لێدێت دوای مردن..؟ بۆ کوێ دەچین..؟ دەزانین دوای ماوەیەکی کەم جەستەمان نامێنێت بەڵام ئەی ڕۆح و بەئاگایی..؟ ئەی زانیاریەکانمان..؟ یادگاریەکانمان..؟ چییان لێدێت..؟ ئایا مردن کۆتاییە..؟


چاوەڕوان بن..

نویسنی لوقمان حەوێز

More News

Most Popular

هەواڵ

کورد، سوننە و بەشێک لە شیعەکان خۆیان لە شەڕ دورەپەرێز دەکەن

Mic
2025-06-16

تائێستا تەنها یەک پەرلەمانتاری کورد خۆی بۆ ئەو نیشتنەی پەرلەمانی عێراق یەکلایی کردووەتەوە کە رێکدەخرێت دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئەوەش هەمان دۆخە کە هێزە سونییەکانی تێکەوتووە و بەشێک لە شیعەکانیش نایانەوێت عێراق لەو جەنگە تێوەگلێت.

زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکان بە گومانن و ترسیش هەیە، تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە ئاسمانی بەغدا.


زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق تائێستا خۆیان یەکلایی نەکردوەتەوە کە رۆژی سێشەممە بچنە دانیشتنی پەرلەمانەوە کە رێکدەخرێت بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی سەروەری ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.

دیجیتاڵ میدیای مایک قسەی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ و یەکگرتوو کردووە، ئەوان چاودێرن و دەیانەوێت بەپێی دۆخەکە بڕیارێکی گونجاو بدەن.

بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان خواستی تەواونەبوونی رێژەیی یاسایی ئامادەبوانیان هەیە، تا لەو رێگەیەوە ئەوانیش خۆیان لە "شەرمەزاری" رایگشتی بپارێزن.

سۆران عومەر کە تاکە ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە، هەروەها تاکە پەرلەمانتاری کوردیشە کە خۆی بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەکە یەکلایی کردوەتەوە.

یەکێک لە پاساوەکانی پەرلەمانتارە کوردەکان ئەوەیە، کە هەتا کێشەی موچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت، ئەوان ئامادەنابن بەشداریی هیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.

هاوشێوەی کورد، زۆرینەی سوننەکانیش بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکەن، تائێستا خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق یەکلایی نەکردەتەوە.


تەنانەت شیعەکانیش یەکدەنگ نین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی هاتووەتەپيشەوە و موقتەدا سەدر رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند، دۆخی عێراق چیتر بەرگەی ماڵوێرانییەکی دیکە ناگرێت و داوایکرد هەندێک دەنگی نەشاز لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی عێراق بێدەنگ بکرێن.

دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داخوازیی و یاداشتی 55 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعییەکانە، کە دژی پێشلکردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووە، لەسەر ئەو بنەمایە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 17 ئەم مانگەی بۆ کۆبونەوە دیارییکردووە.
 
شیعەکان کە هاوسۆزی ئێرانن، پشتیوانی خۆیان بۆ تاران دوپاتکردووەتەوە، بەڵام تائێستا کورد و سوننە هەوڵی خۆ بە دورگرتنیان لە لایەنگری داوە، تەنها بەشێک لە لایەنە کوردییەکان لە رێگەی بەیاننامەوە ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان کردووە.

هەرچەندە حکومەتی عێراق لەڕێگەی کەناڵە جیاجیاکانییەوە، هەمو هەوڵێک دەدات بۆ دورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، بەڵام بەشێک لە چاودێران ترسییان هەیە تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە خاکی بەغدا.

ئەوەی وایکردووە، ئەو بۆچوونە زاڵ بێت، نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان دەکرێت فراکسیۆنە شیعییەکان بە سود وەرگرتن لە کات بۆ کۆکردنەوەی دەنگ هەوڵی جوڵاندنی سۆزی شەقام بدەن.

خوێندنەوەکان بەو ئاڕاستەیەن هەر جوڵەیەکی راستەوخۆ بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل رەنگە دەرئەنجامەکەی لە بەرژوەندی عێراق نەبێت، دەکرێت ئەنجامەکانی کۆبونەوەکەی پەرلەمان لە کاتێکی وا هەستیاردا ئاستی مەترسییەکان لەسەر عێراق زیاتر بکەن.

ئیسرائیل خواستی پەلهاویشتنی بۆ عێراق هەیە، بەڵام ئەوەی رێگرە لە بەردەمیدا هەڵوێستی ئەمریکا و بێدەنگی گروپە چەکدارەکانە، بۆیە هەر کات گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت رەنگە بێ دوو دڵی هێرش بکات.

زۆرن ئەوانەی پێیانوایە عێراق لەم دۆخەی ئێستادا هیچی پێناکرێت و خۆ بە دورگرتن باشترین بژاردەیە، چونکە دۆخی ئەمنی، سیاسیی و ئابوریی عێراق لە ئاستێکدا نییە بەرگەی جەنگێکی دیکەی ماڵوێرانکەر بگرێت و عێراق ئابووریەکی خراپیشی هەیە و ئەگەر کێڵگەکانی نەوت و ژێرخانی ئابوری بکرێتە ئامانج، هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتی نییە بتوانێت دەوڵەتی پێ بەڕێوەبەرێت.