هەواڵ

هۆکارە تەندروستییەکانی خانەنشینکردنی حاکم جاسم عەبود

Mic
2025-06-30

ئەمڕۆ، ئەو راپۆرتە پزیشکییە بڵاوکرایەوە کە بەهۆیەوە دادوەر جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی پێشوی دادگای فیدراڵی خانەنشینکرابوو، تیایدا هۆکاری فشاری خوێن و چەندین هۆکاری دیکە دەستنیشانکراون.


بەپێی بەرواری راپۆرتە پزیشکییەکە، ئەوکاتەی خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەوەی دەکرد دادگای باڵای فیدراڵیی کێشەی موچە چارەسەر بکات و  فەرمان سالاری دەربکات بۆ ناردنی بودجەی موچەی فەرمانبەران، دادوەر جاسم خەریکی مامەڵەی خۆ خانەنشینکردن بووە.

رۆژی یەکشەممە 29ی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، خانەنشین بوونی دادوەر جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی پشتڕاستکردەوە، بە هۆکاری تەندروستی و راگەیاند. ئەنجومەنەکە دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆکی دادگای فیدراڵی وەک جێگرەوە دەستنیشانکردووە.

بەپێی نوسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، دادوەر جاسم ئەم گرفتە تەندروستیانەی هەیە:
بەرزبوونەوەی زۆری فشاری خوێن.
بەدییکردنی ئاستێکی بەرزی رێژەی چەوریی لە خوێندا.
بەدییکردنی ئینزیلاق لە بڕبڕەی پشتی دادوەرەکە، بەهۆی زۆر دانیشتن.
ناتوانێت خزمەتی زۆرتر بکات و پێویستە خانەنشین بکرێت.

نوسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، واژۆی 9 پزیشکی تایبەتمەندی لەسەرە، کە لە رۆژی 23/6/2025 کارەکانیان تەواوکردووە و بڕیاریانداوە لەوبارەیەوە.

رۆژی 19ـى حوزەیران، شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە، میدایاکانی عێراق هۆکارەکەیان بۆ شێوازی مامەڵەی دادوەر جاسم عەبود گەڕاندەوە بۆ ئیدارەدانی کاروباری دادگاکە، بەڵام پاش ئەوەی داواکاری خانەنشینبوونی پەسەندکرا، جێگرەوەیەکی بۆ دەستنیشانکرا بۆئەوەی کاروباری دادگاکە رانەوەستێت و بەردەوامبێت لەکارەکان.

More News

Most Popular

هەواڵ

وردەکاریی هێرشە موشەکییەکەی شاری کەرکوک

Mic
2025-07-01

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە موشەک و درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی کەرکوک و پاڵاوگەی بێجی، یەک کەس بریندار بووە و هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و هێشتا ئەنجامدەری هێرشەکان نەناسراون.

بەپێی زانیارییەکان، "رێنمایی لەلایەن دەسەڵاتە باڵاکانەوە دەرچووە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ئاست بەرز بۆ دیاریکردنی ئاستی بەرپرسیارێتی لە رووداوەکە".

پەیامنێری مایک نیوز لە کەرکوک، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە سێ موشەک ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی سەربازیی و پاڵاوگەی بێجی کراوە، یەکێک لە موشەکەکان ئاڕاستەی گۆڕیوە و لە ماڵیک کەوتووەتە خوارەوە، جگە لەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش خراوەتە خوارەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی مایک نیوز، "هاتوچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی کەرکوک بەردەوامە و هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە".

ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، دوای کەوتنەخوارەوەی موشەکەکە هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک، وەک یەکێک لە دەروازە گرنگەکانی بەستنەوەی عێراق بە جیهان، بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە شێوەیەکی کارا و بە تەواوی ئامادەیە بۆ پێشوازیی لە فڕۆکە گەشتیاریی و بەڕێکردنی گەشتە ئاسمانییەکان بەپێی خشتەی داڕێژراوی خۆی و بەبێ هیچ دواکەوتن و پچڕانێک".

عادل ئەلدەج، سەرۆکی شارەوانی قەزای بێجی، ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لەڕێی زیاتر لە 10  فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشکراوەتە سەر پاڵاوگەکەی سوتەمەنی بێجی.

عادل وتی: هێرشە درۆنییەکە لەلایەن تیمی بەرگرتیی پاڵاوگەکەوە بەرپەرچدراوەتەوە و هیچ زیانێکی مرۆیی بەدواوە نەبووە.

سەرۆکی شارەوانی بێجی ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خراونەتەخوارەوە و ئەنجامدەرەکانی بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتون.