هەواڵ

باڵەخۆشەکەی فاخیر هەریری" لە سلێمانی داخرا"

Mic
2025-06-09

ئەمڕۆ، 9ی حوزەیران، بە بڕیاری لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، خواردنگەی "بالەخۆشەکەی فاخیر هەریری" لە باخی بەختیاری داخرا و روبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی کرایەوە بەهۆی ئەو سەرپێچییانەی لیژنەکە تۆماریانکردن.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ مایک نیوز، ئاماژەی بەوەکرد، لیژنە هاوبەشەکانیان لە رۆژانی جەژندا سەردانی زۆرینەی خواردنگە و میوانخانە و شوێنە گشتییەکانیان کردووە، بەتایبەتی شەقامی سالم و ئەو شوێنانەی گەشتیار سەردانیان دەکات، بەڵام زۆرینەی شوێنەکان پابەندبوون بە رێنماییەکانەوە.

سەبارەت بە خواردنگەی "باڵەخۆشەکەی فاخیر هەریری"، قائیمقامیەتی سلێمانی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە شوێنی ئامادەکردنی خواردنەکان لەڕووی تەندروستییەوە نەشیاوبووە و چەندین سەرپێچییان تۆمارکردووە.

 

گۆران قادر، سەرۆکی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، وتی: ئەم خواردنگەیە مۆڵەتی کارکردنی تەواونەکردووە و مەرج و رێنماییە ڤیرتێرنەرییەکانی جێبەجێنەکردووە، بۆ ئامادەکردنی خواردنی رۆژانە، هەربۆیە ئەوەی بەپێی رێنماییەکان نەبوبێت دەستیان بەسەردا دەگیرێت و لەناودەبرێت، هەر بۆیە بڕیاری داخستنی شوێنەکە دراوە.

هەروەها دوێنێ و لە سێیەم رۆژی جەژندا، لیژنە هاوبەشەکان لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، خواردنگەی "عومەر میشیاوی"-یان داخست و خاوەنەکەیان رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی کردەوە.


ئاوات محەمەد، بە مایک نیوز-ی وت، "خواردنگەی عومەر میشیاوی" پێشتر مۆڵەتی کارکردنی وەرنەگرتووە و نەدەبوایە کاری بکردایە، جگە لەوەی چەندین سەرپێچی دیکەی هەبووە، هەر بۆیە پاش تەواوکردنی رێکارەکانی مۆڵەتەکەی دەتوانێت کارەکەی بەشێوەیەکی گونجاوتر ئەنجام بدات..

 

More News

Most Popular

هەواڵ

کورد، سوننە و بەشێک لە شیعەکان خۆیان لە شەڕ دورەپەرێز دەکەن

Mic
2025-06-16

تائێستا تەنها یەک پەرلەمانتاری کورد خۆی بۆ ئەو نیشتنەی پەرلەمانی عێراق یەکلایی کردووەتەوە کە رێکدەخرێت دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئەوەش هەمان دۆخە کە هێزە سونییەکانی تێکەوتووە و بەشێک لە شیعەکانیش نایانەوێت عێراق لەو جەنگە تێوەگلێت.

زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکان بە گومانن و ترسیش هەیە، تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە ئاسمانی بەغدا.


زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق تائێستا خۆیان یەکلایی نەکردوەتەوە کە رۆژی سێشەممە بچنە دانیشتنی پەرلەمانەوە کە رێکدەخرێت بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی سەروەری ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.

دیجیتاڵ میدیای مایک قسەی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ و یەکگرتوو کردووە، ئەوان چاودێرن و دەیانەوێت بەپێی دۆخەکە بڕیارێکی گونجاو بدەن.

بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان خواستی تەواونەبوونی رێژەیی یاسایی ئامادەبوانیان هەیە، تا لەو رێگەیەوە ئەوانیش خۆیان لە "شەرمەزاری" رایگشتی بپارێزن.

سۆران عومەر کە تاکە ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە، هەروەها تاکە پەرلەمانتاری کوردیشە کە خۆی بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەکە یەکلایی کردوەتەوە.

یەکێک لە پاساوەکانی پەرلەمانتارە کوردەکان ئەوەیە، کە هەتا کێشەی موچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت، ئەوان ئامادەنابن بەشداریی هیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.

هاوشێوەی کورد، زۆرینەی سوننەکانیش بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکەن، تائێستا خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق یەکلایی نەکردەتەوە.


تەنانەت شیعەکانیش یەکدەنگ نین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی هاتووەتەپيشەوە و موقتەدا سەدر رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند، دۆخی عێراق چیتر بەرگەی ماڵوێرانییەکی دیکە ناگرێت و داوایکرد هەندێک دەنگی نەشاز لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی عێراق بێدەنگ بکرێن.

دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داخوازیی و یاداشتی 55 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعییەکانە، کە دژی پێشلکردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووە، لەسەر ئەو بنەمایە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 17 ئەم مانگەی بۆ کۆبونەوە دیارییکردووە.
 
شیعەکان کە هاوسۆزی ئێرانن، پشتیوانی خۆیان بۆ تاران دوپاتکردووەتەوە، بەڵام تائێستا کورد و سوننە هەوڵی خۆ بە دورگرتنیان لە لایەنگری داوە، تەنها بەشێک لە لایەنە کوردییەکان لە رێگەی بەیاننامەوە ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان کردووە.

هەرچەندە حکومەتی عێراق لەڕێگەی کەناڵە جیاجیاکانییەوە، هەمو هەوڵێک دەدات بۆ دورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، بەڵام بەشێک لە چاودێران ترسییان هەیە تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە خاکی بەغدا.

ئەوەی وایکردووە، ئەو بۆچوونە زاڵ بێت، نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان دەکرێت فراکسیۆنە شیعییەکان بە سود وەرگرتن لە کات بۆ کۆکردنەوەی دەنگ هەوڵی جوڵاندنی سۆزی شەقام بدەن.

خوێندنەوەکان بەو ئاڕاستەیەن هەر جوڵەیەکی راستەوخۆ بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل رەنگە دەرئەنجامەکەی لە بەرژوەندی عێراق نەبێت، دەکرێت ئەنجامەکانی کۆبونەوەکەی پەرلەمان لە کاتێکی وا هەستیاردا ئاستی مەترسییەکان لەسەر عێراق زیاتر بکەن.

ئیسرائیل خواستی پەلهاویشتنی بۆ عێراق هەیە، بەڵام ئەوەی رێگرە لە بەردەمیدا هەڵوێستی ئەمریکا و بێدەنگی گروپە چەکدارەکانە، بۆیە هەر کات گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت رەنگە بێ دوو دڵی هێرش بکات.

زۆرن ئەوانەی پێیانوایە عێراق لەم دۆخەی ئێستادا هیچی پێناکرێت و خۆ بە دورگرتن باشترین بژاردەیە، چونکە دۆخی ئەمنی، سیاسیی و ئابوریی عێراق لە ئاستێکدا نییە بەرگەی جەنگێکی دیکەی ماڵوێرانکەر بگرێت و عێراق ئابووریەکی خراپیشی هەیە و ئەگەر کێڵگەکانی نەوت و ژێرخانی ئابوری بکرێتە ئامانج، هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتی نییە بتوانێت دەوڵەتی پێ بەڕێوەبەرێت.