ئەمڕۆ یەکشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی لە کەرکووک دەستگیرکردنی یەکێک لە مەترسیدارترین تۆمەتبارەکانی راگەیاند کە هەڕەشەی ئەلیکترۆنی و هەراسانکردنی کەسایەتی و خەڵکانی ئاسایی لە پارێزگای کەرکوک ئەنجامداوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی لە کەرکووک: "مەفرەزەکانیان لە پارێزگای کەرکووک، دوای هەوڵێکی وردی هەواڵگری، توانیان یەکێک لە مەترسیدارترین کەسەکان دەستگیربکەن کە تێوەگلاوە لە هەڕەشەی ئەلیکترۆنی و تاوانەکانی هەراسانکردن، کە بە خاوەنی مەترسیدارترین پەیجەکانی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا دادەنرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەدواداچوونە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکە توانیویەتی لەرێگای ئەو پەیج و ئەژمارانەوە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی عێراقی کردۆتە ئامانج، کە لەنێویاندا هاووڵاتی، و فەرمانبەرانی حکومەت، تا دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکوک، هەروەها چەندین سەرکردەی ئەمنی و ئەندامی پەرلەمان و ئەکادیمی و پزیشکی تێدابوو، زیانی دەروونی و ماددی بە دەیان قوربانیی نێر و مێ گەیاندووە".
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی لە کەرکووک داوا لە هاوڵاتیان دەکات ئەو کەسانەی لەرێگای ئەو پەیجانەی بە ناوەکانی "خەڵکی کەرکوک" و '"لێرە کەرکوک"ەوە زیانیان بەرکەوتووە، سکاڵای یاسایی تۆماربکەن، بۆئەوەی رێکارە یاساییەکان دژی تۆمەتبارەکە بگیرێنەبەر.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.