هەواڵ

نەورۆز لە ئامەد و ئاکرێ هەموو چاوەکان دەخەنە سەر کوردستان

زانیار بەهادین
2025-03-19

ئەمساڵ ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ئامەد و ئاکرێ هەموو چاوەکان دەخەنە سەر کوردستان، لە ئامەد فروانترین ئاهەنگی سیاسی نەورۆز و لە ئاکرێ نمایشی جیاواز ئەنجام دەدرێت. 

ئەمساڵ نەورۆز بۆ کورد جیاوازە بە تایبەت لە باکوری کوردستان کە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی دەستیان پێکردووە و پرۆسەی نەورۆزی ئامەد پەیوەستە بە پرۆسەی ئاشتییەوە.
نەورۆزی ئامەد ناسراوە بە نەورۆزی ملیۆنی، بەهۆی ئامادەبوونی ملیۆنان کەس لە بۆنەکەدا، بڕیارە ڕۆژی 21ـی ئازار لە شاری ئامەد کە وەک سیمبولی نەورۆز لە باکوری کوردستان سەیر دەکرێت، فروانترین ئاهەنگی سیاسی نەورۆز ساز بکرێت. 

"نەورۆز بۆ ئازادی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" دروشمی نەورزی ئەمساڵی ئامەدە کە هەڵقوڵاوی ئەو پرۆسەیەیە کە بۆ ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەستیپێکردووە. 
دەم پارتی کە سەرپەرشتی ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد دەکات، بانگهێشتی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە تا بەشداری ئاهەنگەکە بکەن. 

ئەمساڵ لە 84 شار و ناوچەی جیاوازی تورکیا ئاهەنگی نەورۆز دەکرێنەوە، بەڵام چاوی تورکیا و زۆرینەی وڵاتانی جیهانیش لەسەر ئەو پەیامە سیاسیانەیە کە کورد لە نەورۆزی ئامەدەوە دەربارەی پرۆسەی ئاشتی بڵاوییان دەکاتەوە. 
چاوەڕوان دەکرا، پێش ئەنجامدانی ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی بکەنەوە، تا عەبدوڵڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە پەیامی نوێ ڕابگەیەنێت، بەڵام هیچ ئامادەکارییەک بۆ سەردانی نوێی شاندەکە نابینرێت. 
تا ئێستا دیار نییە، پەیامی نوێی ئۆجالان لە نەورۆزی ئامەد دەخوێندرێتەوە یاخود ئاهەنگەکانی نەورۆز بەبێ پەیامی نوێی ئۆجالان تێپەڕ دەبێت.


نەورۆزی ئاکرێ
ئاکرێ بە پایتەختی نەورۆز لە هەرێمی کوردستان دەناسرێت، بەهۆی سروشتە سەرنجراكیێشەکەیەوە ساڵانە بەشێوەیەکی جیاواز ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە
مانگێک زیاترە ئامادەکاری نەورۆز لە ئاکرێ دەستیپێکردووە. رێگەیەکی نوێ بۆ سەری گری کراوەتەوە، کە ئەو چیایە ئاگرەکەی لێ دەکرێتەوە.

بڕیارە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنسووڵی وڵاتان رۆژی 20ـی ئازار، ئاگر لە "کەلێ، کەلە کەڤنێ، گرێ تۆپا و تیشێ" بکرێتەوە و زیاتر لە 150 کەس بە مەشخەڵەوە بە چیاکاندا سەربکەون.
بەپێی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ سەدان کەس لە وڵاتانی جیهانەوە بۆ بەشداری لە نەورۆزی ئاکرێ هاتونەتە هەرێمی کوردستان.

دوو لەو گەشتیارە بیانیانەی کە بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ هاتونەتە هەرێمی کوردستان، دوو گەنجی ئیسپانین و لە شاری بەرشەلۆنەوە بە پاسکیل سەردانەکەیان ئەنجام داوە.

هەرێمی کوردستان ئاهەنگی حکومی نەورۆز ناگێڕێ
جگەلە ئاکرێ لە هیچ شارێکی دیکەی هەرێمی کوردستان ئاهەنگی فەرمی بۆ جەژنی نەورۆز رێکناخرێت، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، 20ـی مانگ هیچ چالاکییەکی تایبەت بە نەورۆز بەڕێوە ناچێت، تەنها لەسەر قەڵای هەولێر ئاگر هەڵ دەکرێت. باسی لەوەشکردووە، هۆی بەڕێوەنەچوونی چالاکییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە زۆرینەی هاوڵاتییان بەڕووژون.

لە پارێزگای سلێمانیش هیچ ئاهەنگێکی حکومی بۆ نەورۆز رانەگەیەندراوە، تەنها  کۆمەڵەی هونەرمەندانی میللی کوردستان و کۆمەڵەی کەلەپوری کورد ئاهەنگی نەورۆز ساز دەکەن.

جەزای ساز، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرمەندانی میللی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ ئاهەنگەکانی نەورۆزهاوکاتە لەگەڵ مانگی رەمەزان، بۆیە دوای بەربانگ و لە کاتژمێر 7ەوە دەست بە داگیرساندنی مەشخەڵەکان دەکەین.
لە شەقامی سالم ئاهەنگێک رێکدەخرێت و لەسەر ستەیج چەندین چالاکی وەک شیعر و گۆرانی  سرود بە بەشداری هونەرمەندان و چەندین گروپی هەڵپەڕکێ، پێشکەش دەکرێن. 
بە دروشمی "ئاگری نەورۆز رووناکەرەوەی بیری نوێی ساڵی کوردییە" کۆمەڵەی فۆلکلۆر و کەلەپوری کورد، ئەمساڵ لە گردی مامە یارە ئاگری نەورۆز دەکاتەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

پەرلەمانی ئێران لە ناوەڕاستی جەنگدا وەزیری نوێی ئابوری و دارایی دیاریکرد

Mic
2025-06-16


لەگەڵ ئەوەی ئیڕان لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگێکی سەختدایە، ئەنجومەنی شورای وڵاتەکە لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا وەزیری کاروباری ئابوری و دارایی دیارکرد.

پەرلەمانی ئێران- ناسراو بە ئەنجومەنی شورای ئیسلامی، بە ئامادەبونی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمار، کۆبوەوە و یەکێک لە بڕگەکانی کۆبونەوەکەی دەنگدان بو بە سەید عەلی مەدینی زادە وه‌ك دوهەمین وەزیری کاروباری ئابوری و دارایی لە کابینەی 14 هەمینی ئێران.

لە کۆی 246 ئەندامی ئامادەبوی ئەنجومەنەکە، سەید عەلی مەدینی زادە بە بەدەستهێنانی 171 دەنگ وەک وەزیری کاروباریی ئابوری و دارایی دیاریکرا.

ئەوەی جێگەی سەرنجی بەشێک لە میدیاکانە، ئەوەیە لە ناوەڕاستی جەنگدا کابینەی پزیشکیان و ئەنجومەنی شورای ئیسلامی(پەرلەمانی ئێران) سەرقاڵی دانانی وەزیری کاروباری ئابوریی و داراییە.

لە 12ـی مانگی ئازاری ڕابردوو ئەنجومەنی شورای ئیسلامی، بەکۆی دەنگ متمانەی لە عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری پێشوی وەزارەتی کاروباری ئابوری و دارایی سەندەوە و تۆمەتباریکرد بەوەی نەیتوانیوە ئابوری وڵات بەرەو باشتر بەرێت.

دیاریکردنی سەید عەلی زادە، هاوکاتە لەگەڵ جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دابەزینی بەهای تمەنی ئێران بۆ ئاستێکی مێژووی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.