خۆڵبارین یاخود زریانی خۆڵ كە بە عەرەبی "العجاج" ی پێدەوترێت بەرزبونەوەی خۆڵ و لمە لەهەوادا، زۆربەی وردە خۆڵەكان لە 50 سانتیمەتر زیاتر بەرز نابنەوە بەڵام بەشێك لەدەنكە خۆڵەكان بۆ دوو مەتر زیاتر بەرزدەبنەوە.
هەندێكجار خێرایی زریانی خۆڵین یاخود خۆڵبارین دەگاتە زیاتر لە 16 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا و زۆرجاریش گەردەلولی لێدەكەوێتەوە كە سێ بۆ پێنج كاتژمێر مەترسیدارە و چەند رۆژێكیش بەردەوامی دەبێت، بەتایبەتیش لەبیابانەكان.
سەرچاوەی خۆڵبارین
زۆربەی خۆڵبارینەكان سەرچاوەكانیان
بیابان و ناوچە دەشتاییەكانە كە سەوزاییان كەمە، بەشێوەیەك زۆربەی خۆڵبارینی ناوچەكانی
كەنداوی عەرەبی سەرچاوەكەیان سعودیە و وڵاتانی ئەفریقایە بەتایبەت تریش بیابانی گەورە
لە ئەفریقا.
چۆن دروست دەبێت؟
خۆڵبارین كردەیەكە بەهۆی
باوە دروست دەبێت و لەو ناوچانەی كە وشكن و ئاستی باران بارین تێیاندا لاوازە لە ئەنجامی
راماڵینی ھەوای خاك و ھەڵواسرانی دەنكۆڵەكانی خاك یان پیسكەرە سروشتی و مرۆییەكان
لە ھەوادا بە بەرزی نزیكەی یەك كیلۆمەتر و نیو لە رووی زەوییەوە روو دەدات، هەندێك
جاریش كردەییە ولە ئەنجامی كارە نا تەندروستیەكانی مرۆڤەوە دروست دەبێت.
هۆكارە سەرەكییە سروشتییەكانی
دروستبوونی خۆڵبارین دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانكاری كەشوهەوا و كەمی بارانبارین و
وشكبوونەوەی ناوچەكان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و كەمبوونەوەی ماددە ئۆرگانییەكان
و ئەوەش وا دەكات خاكەكە بە ئاسانی لەلایەن بایەكەوە بگوازرێتەوە.
كاریگەریەكانی
جگە لەوەی كە خوڵبارین
هۆكارێكە بۆ كەمكردنەوەی رادەی بینین، لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەری زۆری هەیە لەسەر
هاوسەنگی نێوان تیشكی خۆر وتیشكی زەوی و كوالێتی هەوا بە تەواوەتی دەگۆرێت، چونكە
كاریگەری زۆری لەسەر رێژەی ئۆكسجین دەبێت و لەلایەكی ترەوە، بەهۆی وردی دەنكۆڵەكانی
خۆڵبارینەوە كە بە شێوەیەكی راستەوخۆ دەنیشنەوە سەر گەڵای دارو رووەك و بەروبومە كێڵگەیەكان
و دەبێتە هۆی داخستنی ملولەی سەر گەڵای دارەكان و دەبێتە هۆی پەكخستنی كرداری رۆشنەپێكهاتن
و دواتر وەرینی گەڵای دارەكان و كەمكردنەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی.
كاریگەرییەكانی خۆڵبارین
لەماوەی ئەم چەند ساڵەی كۆتایی، بەتایبەتی لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر
بووە و چەند پسپۆڕێكیش باسیان لەوەكردووە، دروستكردنی بەنداوەكان لە ئێران و توركیا
لەسەر سەرچاوەكانی ئاوی عێراق و هەرێمی كوردستان وای كردووە وشكەساڵی و دیاردەی بەبیابانبوون
لە عێراقدا زیادبكات.
زیانە تەندروستیەكانی
خۆڵبارین لەوانەیە سییەكان
پڕبكاتەوە و توشی هەوكردنیان بكات، لە نیشانە باوەكانیشی ئازاری سنگ و كۆكە و تا لێهاتن
و ئەستەمی هەناسەدانە، زۆركاتیش گەردیلەكانی خۆڵ دەچنە ناو چاوەوە، ئەمەش لەوانەیە
زیان بە چاوەكان بگەیەنێت و كۆرینەی چاو بریندار بكات و كەسەكە نارەحەت بكات.
خۆپاراستن لە خۆڵبارین
باشترین رێگە بۆ خۆپاراستن
لە خۆڵبارین مانەوە لە ماڵ و داخستنی دەرگا و پەنجەرەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەكارهێنانی
ماسك بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشیی پەیوەست بە سییەكان و كۆئەندامی هەناسەیان هەیە تەنانەت
ئەگەر لە ماڵیشەوە بن، لەگەڵ بەكارهێنانی ماسك بۆ كەسانی ئاسایی لەكاتی چوونەدەرەوەدا.
یەكێكی دیكە لە رێگەچارەكان
خواردنی ئەو خۆراكانەیە كە بەرگری جەستە بەهێزدەكەن، وەك ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن
بە ڤیتامینەكانی C و E لە سەوزەواتەكان و بادەم و گێزەر و زۆری تریشدا
بوونیان هەیە.
لە 12 رۆژی جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا، بازاڕەکانی
هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار توشی هیچ شڵەژانێک و بەرزبونەوەی نرخی کاڵاو شمەک
نەبوو، لە کاتێکدا زۆرینەی کاڵای بازاڕەکانی ئێرانین.
بەرەبەیانی 13ـى حوزەیران ئیسرائیل هێرشێکی چڕ و
فراوانی کردە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، هێرشەکە یەکەم هێرشی ئاشکرا و راستەوخۆی
ئیسرائیل بوو بۆ سەر ئێران.
ئیسرائیل گورزی کوشندەی لە ئێران وەشاند، جگە لە
کوژرانی سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی سوپای پاسداران و فەرماندەی هێزی ئاسمانی
ئێران، چەندین فەماندەی پلەباڵای ئێران کوژران، هەروەها زیاتر لە 10 زانای ئەتۆمی
ئێران کوژران.
ئێران هەمان رۆژ وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و بەچڕی
ئیسرائیلی موشەک باران کرد، دوای 12 رۆژ شەڕەکە بە کاتی وەستێندراوە و بڕیارە
ئاگربەستی درێژخایەنیش بکرێت.
هەرێمی کوردستان لە نێوان بەرداشی ئێران و
ئییسرائیلدا بوو، بەشێک لە موشەک و درۆنەکانی هەر دوولا بەسەر ئاسمانی هەرێمدا
تێدەپەڕین و لە چەند ناوچەیەکیش کەوتنەخوارەوە.
ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان جیاوازبوو لەم جەنگەدا،
سەقامگیری دۆخی بازاڕەکانی بوو، نەک شتومەک گرانن نەبوو، بازاڕ هیچ شڵەژانێکی
بەخۆیەوە نەبینی، بەڵکو بەشێک لە شمەک و پێداویستییەکان نرخەکانیان دابەزی.
گراننەبوونی کاڵا و پێویستی هاوڵاتیان
لەکاتێکدابوو، بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی لە بازاڕەکانی هەرێمدان، بەرهەمی
ئێرانییە، لە 12 رۆژ ئەو جەنگە قورسەی بەرۆکی ئێرانی گرتبوو، سنورەکان دانەخران و
ئاڵوگۆڕی بازرگانی وەک خۆی بەردەوام بوو.
یەکێکی تر لەو هۆکارانەی کە وایکرد، لە بازاڕەکاندا
هیچ شڵەژانێک روونەدات، دابەشنەکردنی مووچە بوو، کاتێک جەنگەکە دەستیپێکرد، 43
رۆژبوو مووچە دابەشنەکرابوو، ئەمەش وایکرد هاوڵاتیان بە لێشاو و زیاد لە پێویست
شتومەک نەکڕن.
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئەنجامدانی
ریفراندۆم و بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ لەکاتی سەرژمێریدا، بەلێشاو
روویان لە بازاڕەکان دەکرد بۆ کڕینی شتومەک، ئەمەش سڵەژانی لە بازاڕدا دروستت کرد
و بووەهۆی بەرزبونەوەی نرخ، بەڵام تێپەڕاندنی ئەم جەنگە بەبێ شڵەژانی بازاڕ،
هاوڵاتییانی هەرێم رادەهێنێت بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنن لەگەڵ کێشە و قەیرانەکاندا.