-18

هەرزەکاران چۆن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ جیابوونەوەی دایک و باوکیان؟

Mic
2021-07-11

بۆ زۆر هەرزەکار جیابونەوەی دایک و باوک دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیاندا هەرچەندە جیابونەوەکە چەند ساڵێک لەمەوپێش ڕوویدابێت یان نوێ بێت، بەڵام دەتوانێت بەباشی مامەلە لەگەڵ حاڵەتەکەدا بکات و لە ژیان بەردەام بێت.

زۆجار ڕوودەدات ژیانی هاوسەرگیری بە جیابوونەوە کۆتای بێت، زۆرێک لە هەرزەكاران کاتێک ئەو دۆخەیان بەسەر دێت هەست بە تەنیایی و هەراسانییەکی زۆر دەکەن.

جیابوونەوەی دایك و باوك بۆ منداڵ و هەرزەكار شتێکی قورس دیارە، بەڵام دەکرێت لەگەڵ پڕۆسەی جیابونەوەدا خۆی بگونجێنیت و ژیانێکی خێزانی باشی هەبێت جگە لە هەندێک گۆرانکاری کە بە بۆنەی پڕۆسەکەوە ڕوودەدات.

بۆچی دایک و باوک لە یەکدی جیادەبنەوە؟

کۆمەڵێک هۆکاری زۆر هەیە بۆ جیابونەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو کاتەنە ڕوودەدات کە دایک و باوک هەست دەکەن ناتوانن چیدی بەیەکەوە بژین.

ڕەنگە هۆکارەکان توڕەیی و شەڕی بەردەوام بێت، یان ئەو خۆشەویستییەی لە سەرەتای هاوسەرگیری بۆ یەکدی هەیانبوو وەک خۆی نەماوە، یان یەکێک لەو دوو لایەنە کەوتووەتە داوی خۆشەویستییەوە لەگەڵ کەسێکی دیکە، یان بەهۆی بوونی کێشەی گرنگ وەک خواردنەوە، بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، قومارکردن  و چەندین کیشەی تر.

زۆرێک لە هەرزەکاران وا هەستدەکەن خێزانەکانیان بەهۆی ئەوانەوە جیابونەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە، جیابونەوە بڕیارێکە کە لە نێوان خۆیاندا بەهۆی کێشەی نێوانیانەوە دەدرێت.

هەندێک لە منداڵان هەست بە تاوان دەکەن لەوەی کە دەیانتوانی گفتوگۆی زیاتریان بکردایە لەگەڵ خێزانەکانیان یان کۆنمرەی باشتریان بهێنایە ، بەڵام جیابونەوە بڕیارێکە لە لایەن دوو لایەنەوە دەدرێت و پەیوەندی بە منداڵەوە نییە.

دایک و باوک و هەرزەکاران پێویستە چی بکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسان بكەن؟

پاراستنی ئاشتی
مامەڵەکردن لەگەڵ جیابوونەوە ئاسانترە کە خێزانەکان ڕێک دەکەون، شتێکی قورسە بەلای منداڵانەوە کاتێک خێزانەکانیان لەبەردەم ئەماندا گفتوگۆ و ڕەفتاری تاڵ و شەڕ بەرامبەر یەکدی دەکەن.

منداڵ یاخود هەرزەكار ناتوانێت كاربكاتە سەر کردەوەکانیان لە کاتی جیابونەوەدا، بەڵام دەتوانیت داوایان لێبكات بەشێوەیەکی باش مامەڵە بکەن و ئاگاداری ئەو شتانەبن بەرامبەر یەکدی دەیڵێن.

دادپەروەری

شتێکی گرنگە گفتوگۆ لەگەڵ دایک و باوک بكرێت و لایەنی کەسیان نەگیرێت، بەڵکو گوێیان لێبگیرێت بەبێ ئەوەی کەسەکەی دیکە هەست بە غیرە و ئازار یاخود توڕەیی بكات.

مانەوە لە پەیوەندییەکەدا
گەڕانەوە بۆ دوو ماڵی جیا کارێکی ئاسان نییە، بە تایبەت گەر دایک و باوکەکە لە دوو جێگەی دوور لە یەکدی بژین، بەڵام ئەگەر منداڵ یان هەرزەكار نەیتوانی بەهۆی دوورییەوە زوو سەردانیان بكات، تانەنەت ناردنی نامەیەکی وەک: "بیرم کردووی" یارمەتی ئەو دووری و تەنیاییەیان دەدات.

بەهێز بوون

ڕووداوێک  کە ژیان بگۆڕێت وەک جیابونەوە دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی ئەو كەسە ڕووبەڕووی تەنگوچەڵەمە ببێتەوە، بەڵام دەکرێت بەهێز بێت یان توانای تازە بدۆزێتەوە لە خۆیدا، بۆنمونە ئەو كەسە چی دەکات ئەگەر دایک یان باوک بە خراپە باسی ئەوەی دیکەیان بکات.

هەندێک جار دەتوانێت بەهێمنی بمێنیتەوە تاوەک و دایکەکە یان باوکەکە توڕەییەکەی نامێنێت و پاشان دەتوانێت بە هێمنی گفتوگۆی لەگەڵدا بکات.

 ژیانی خۆت بژی

سەرنج خستنە سەر پلان و خەونەکان یارمەتیدەر دەبێت، هەرزەکار تا بتوانێت بەشێوەیەکی ئاسایی بمێنێتەوە، بۆ نمونە: چالاکییەکانی قوتابخانە ئەنجام بدات و لەگەڵ هاوڕیکانیدا بێت.

لێکدانەوەی لایەنە ئەرێنییەکان

جیابونەوە پڕۆسەیەکی پڕ لە بەرزی و نزمییە، بەڵام هەرزەکاران دەتوانن بەسەرکەوتوویی بەسەر جیابوونەوەی دایک و باوک و ئەو گۆڕانانەدا زاڵبن.

هەندێک لە هەرزەکاران فێری بەزەیی و بایەخ پێدان دەبن کاتێک کە خوشک و برا بچوکەکانیان پێویستیان بە پشتگیری و گرنگیپێدان دەبێت.

ئەو خوشک و برایانەی لە ڕووی تەمەنەوە لە یەکدی نزیکن پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوانیاندا پەیدا دەبێت بەهۆی ئەوەی بەیەکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان بوونەتەوە لە کاتی جیابونەوەدا.

خۆگونجادن بە باشی لەگەڵ جیابوونەودا هەرزەکار دەکات بە کەسێکی پێگەشتوو، هەندێک زۆر لێپرسراوتر دەبن، باشتر گوێدەگرن، باشتر کێشەکان چارەسەردەکەن و دەبنە هاوڕێیەکی باشتر.



More News

Most Popular

هەواڵ

هەڵبژاردن شەڕی نەوەی نوێ و کۆمەڵ گەرم دەکات

Mic
2025-07-01

شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن گەرمتردەبێت، بەشێکیش وەک هۆکارێک بۆ پەرتبوونی دەنگی ناڕازی پێناسەی دەکەن.

نزیکبونەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر گەرم دەکات.

دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکە بەتەمەنەکەی لە لیستی نەوەی نوێیە، دیسانەوە بووەتە بابەتێکی دیکەی جەنگی میدیایی نێوان نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی.

کۆمەڵی دادگەریی، تاکە هێزی سیاسی هەرێمی کوردستانە کە بەهۆی ناڕازیبوونی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.

نەوەی نوێ ترسی هەیە هەڵوێستەکەی کۆمەڵ کاریگەری لەسەر شەقام هەبێت و بەشێکی دەنگی ناڕازی لە رێگەی ئەو هەڵوێستەوە بۆ خۆی ببات بە تایبەت کە تائێستا پەرلەمان کارا نەبووە. 

ئەوەی وایکردووە ئەو گریمانەیە بەهێزبێت، هێرشی توندی میدیایی نەوەی نوێیە بۆ سەر بڕیارەکەی کۆمەڵ بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان.

 نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری بەوە تۆمەتبارکردووە کە کۆتا هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاریی رۆژی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، کەچی دیسان بەشداریی هەڵبژاردن دەکاتەوە. 

کۆمەڵ لەسەرەتاوە بێدەنگیی هەڵبژارد، بەڵام دواتر وەڵامی هێرشەکەی نەوەی نوێی دایەوە و جوڵانەوەکەی بە "ئاڕاستەکراو" تۆمەتبار کرد.

کۆمەڵی دادگەری بە تایبەت رەخنەی لەو هەڵوێستەی نەوەی نوێ گرتووە کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای "بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و ڕەگەز گۆڕین" نەداوە. 

هاوڵاتییان رای جیاوازییان لەسەر شەڕی میدیایی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری هەیە، بەشێکیان وەک بابەتێکی ئاسایی و هەڵمەتێکی پێشوەختەی هەڵبژاردن لێی دەڕوانن، بەڵام زۆرن ئەوانەشی پێیان وایە شەڕی میدیایی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کاریگەری لەسەر پەرتکردنی دەنگە ناڕازییەکان دەبێت. 

نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری لە کاتێکدا شەڕی میدیایان دژ بە یەکتر گەرمکردووە کە دوو پارتەکە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەدا لە هەوڵی دروستکردنی یەک لیست بوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی هێنا. 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 15 کورسییە و لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی 9 کورسییە، کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی یەک کورسییە، ئەگەرچی لە پەرلەمانی کوردستان 3 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام وەک خۆیان رایانگەیاندووە، بەهۆی " ساختەکاری"یەوە بایکۆتی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.