هەواڵ

بەشە ئاردی 700 هەزار کەس دەبڕدرێت

Mic
2025-09-14

بەهۆی پڕنەکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی؛ بەشە ئاردی زیاتر لە  700 هەزار هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.

بەبڕیارێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بەشە ئاردی هەموو ئەو کەسانە بڕدرا کە لە فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆیان تۆمار نەکردوە و، ژمارەیان 700 هەزار کەسە.

سەرەڕای ئەوەش، ئەو کەسانە بەشەئاردی مانگی شەشیان پێ نادرێت، ئەو خێزانانەی تائێستا پسوڵەی خۆراکیان بە ئەلیکترۆنی نەکردووە، یان درەنگ ناوی خۆیان تۆمارکردووە لە بەشەخۆراک و بەشە ئاردی مانگانە بێبەش دەبن.

تا کاتێک ناویان نەچێتە سیستمەکە و تۆمار نەکرێن و ناویان لە لیستی نوێی مانگانەدا نەیەتەوە، بەشەخۆراکیان پێ نادرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، نەوزاد شێخ کامیل لەوبارەیەوە دەڵێت، بۆ ئەم مانگەش وەک مانگی رابردوو، بەشە ئاردی ئەو 700 هەزار کەسە نادرێت.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC ئەو کەسانەی بەشە خۆراک و بەشە ئاردەکانیان دەبڕدرێت قەرەبوو ناکرێنەوە، بەهۆی ئەوەی فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکانیان پڕنەکردوەتەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

مووچە زامنکرا.. بەستەڵەکی نێوان هەرێم و بەغدا توایەوە

Mic
2025-09-16


دوای چەندین کۆبونەوە، لە کۆتایی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم پەسەندکرا، بەمەش بەستەڵەکی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا توایەوە و هیچ بیانویەک بەدەست عێراقەوە نەما بۆ ناردنی مووچە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر دوو بڕیاردا سەبارەت بە میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان و پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان.


یەکەم: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە کرێی دەرهێنانی نەوت بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، کە بۆ هەر بەرمیلێک بە 16 دۆلار دیاریکراوە، چیتر بە پارەی کاش نەدرێت.
بەپێی بڕیارەکە، لە بری پێدانی پارە، بڕی ئەو نەوتەیان پێدەدرێت کە هاوتای شایستە داراییەکانیانە و کۆمپانیاکان خۆیان بەرپرس دەبن لە فرۆشتنی ئەو نەوتە لە بازاڕەکاندا.

دووەم: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستێکی سێقۆڵی لەنێوان (حکومەتی هەرێمی کوردستان - حکومەتی فیدراڵی عێراق - کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان).

مەرجی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە حکومەتی عێراق گرێبەستەکە بەرز بکاتەوە بۆ لیژنەی راوێژکاریی وەزارەتی نەوتی عیراق.

چاوەڕوان دەکرێت لیژنەکە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی کۆتایی خۆی بداتەوە، تاوەکو گرێبەستە سێ لایەنییەکە بە فەرمی ئەنجام بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم دوو بڕیارە بە هەنگاوی گرنگ دادەنرێن بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان، حکومەتی عێراق هیچ بیانویەکی بەدەستەوە نامێنێت بۆ نەناردنی مووچەی هەرێم و دەبێت قۆناغ بەقۆناغ موچەی مانگەکانی مووچە خۆرانی هەرێم بنێرێت، کە تا کۆتایی ئەمساڵ دەکاتە شەش مووچە.