حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چاوەڕێی
بۆچوونی ئەنجومەنی دەوڵەتن لەسەر داهاتی ناوخۆ؛ ئەم هەفتەیە بۆ مووچە یەکلاکەرەوە
دەبێت.
دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممەی
رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی نەیتوانی پرسی
داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە، پرسەکەی ناردە بەردەم ئەنجومەنی دەوڵەت.
ریککەوتن لەسەر شێوازی دابەشکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم لە نێوان هەولێر و بەغدا گرفتی بەردەم رێککەوتنی هەردوو حکومەتە، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران ئەو دۆسییەی ناردە بەردەم ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ ئەوەی لە رووی یاسییەوە
ئەنجوومەنەکە بۆچونی خۆی دەر ببڕێت.
ئێستا هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان چاوەڕێی بۆچوون و رای ئەنجوومەنی دەوڵەتن؛ لەسەر ئەوپرسە کە
چارەنووسی شەش مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی پێوە بەندە.
ئەگەر بۆچوونی ئەنجومەنی
دەوڵەت ئەرێنیبێت و بەدڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت، چارەنووسی مووچەی
مانگەکانی حەوت، هەشت و مانگەکانی دواتریش روون دەبێتەوە.
واتە ئەم هەفتەیە بۆ
مووچەی هەرێم چارەنووس سازە و ئەگەر رای ئەنجومەنی دەوڵەت ئەرێنیبێت بەربەستەکانی
بەردەم ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لادەچن.
بەشێک لە شارەزایان و
چاودێران هۆشداریی لە فەوتانی مووچە دەدەن و دەڵێن، ئەگەر پەلەنەکرێت لە رێککەوتن
لەگەڵ بەغدا رەنگە چەند مووچەیەکی ئەمساڵی فەرمانبەران بفەوتێت.
ئەگەر تا هەفتەی یەکەمی
مانگی داهاتوو هەولێر نەتوانێت لەسەر مووچە لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت دواتر رێککەوتن
زۆر قورس دەبێت، چەنکە عێراق دەچێتە ناو بانگەشەی هەڵبژاردن و حکومەت دەبێت بە
کاربەڕێکەر و توانای بڕیاردانی نامێنێت، بەوهۆیەشەوە چارەنووسی چەند مووچەیەکی
ئەمساڵ بەنادیاری دەمێنێتەوە.
دوای چەندین کۆبونەوە، لە کۆتایی کۆبونەوەی ئەمڕۆی
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی
هەرێم پەسەندکرا، بەمەش بەستەڵەکی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا توایەوە و هیچ
بیانویەک بەدەست عێراقەوە نەما بۆ ناردنی مووچە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
دەنگی لەسەر دوو بڕیاردا سەبارەت بە میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە
بیانییەکان و پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان.
یەکەم: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە کرێی دەرهێنانی نەوت
بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، کە بۆ هەر بەرمیلێک بە 16 دۆلار دیاریکراوە، چیتر بە پارەی
کاش نەدرێت.
بەپێی بڕیارەکە، لە بری پێدانی پارە، بڕی ئەو نەوتەیان پێدەدرێت
کە هاوتای شایستە داراییەکانیانە و کۆمپانیاکان خۆیان بەرپرس دەبن لە فرۆشتنی ئەو
نەوتە لە بازاڕەکاندا.
دووەم: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا
لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستێکی سێقۆڵی لەنێوان (حکومەتی هەرێمی کوردستان - حکومەتی فیدراڵی
عێراق - کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان).
مەرجی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە حکومەتی عێراق
گرێبەستەکە بەرز بکاتەوە بۆ لیژنەی راوێژکاریی وەزارەتی نەوتی عیراق.
چاوەڕوان دەکرێت لیژنەکە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا
وەڵامی کۆتایی خۆی بداتەوە، تاوەکو گرێبەستە سێ لایەنییەکە بە فەرمی ئەنجام بدرێت
و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم دوو بڕیارە بە هەنگاوی گرنگ دادەنرێن بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان
هەولێر و بەغدا.
بە جێبەجێکردنی
بڕیارەکان، حکومەتی عێراق هیچ بیانویەکی بەدەستەوە نامێنێت بۆ نەناردنی مووچەی
هەرێم و دەبێت قۆناغ بەقۆناغ موچەی مانگەکانی مووچە خۆرانی هەرێم بنێرێت، کە تا
کۆتایی ئەمساڵ دەکاتە شەش مووچە.