هەواڵ

جۆ ویڵسن، بەڵگەنامەی ڕزگارکردنی عێراق لەدەستی ئێران بڵاودەکاتەوە

Mic
2025-03-15

جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا و کەسایەتی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەحمەد بەشیر، ڕۆژنامەنوسی عێراقی باسی لە هەوڵی ئەمریکا بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە دەستی ئێران دەکات و لەبارەی گروپەچەکدارەکانی عێراقەوە دەڵێت،  نابێت هیچ پەیوەندییەک لەنێوان تیرۆرستان و وەزیرەکانی حکومەت هەبێت. 

ئەندامەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا سەبارەت بە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا و مامەڵەی لەگەڵ ئێران جەختدەکاتەوە، ئیدارەی بایدن بە تەواوی نابەرپرس بووە لە بابەتی چاوپۆشیکردن و ڕۆیشتنی پارە بۆ ئێران، ئەوە لە دژی بەرژەوەندی گەلی عێراق بووە، لەهەمان کاتدا دژی بەرژەوەندیی گەلی ئەمریکا بوو، ئینجا سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. مامەڵەیەکی بێ پاساو بووە.

 

تەواوی چاوپێکەوتنەکە:

ئەحمەد بەشیر: ئێستا ترەمپ لەپۆستەکەیدایە، هەندێک پرسیاری خێرام هەیە. ئەگەر من فەرماندەی میلیشیایەک بم لە عێراق، پێویست دەکات هەست بە ترس بکەم؟

جۆ ویڵسن: بەدڵنیاییەوە، پێویستە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ جێهێشتنی وڵات یان دەستبەرداربون لە کارەکەیان، دۆناڵد ترەمپ ئەوە قبووڵ ناکات، ئێمە هەموومان ئەوە دەبینین، من پاڵپشتیکارێکی سەرسەختی هەوڵەکان و قسەکانیم، ئەو بەڕاستی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی تایبەت بە عێراق بڵاودەکاتەوە، هەوڵەکانی دەبینم بۆ پراکتیککردنی سیاسەتی ئەوپەڕی فشار بۆسەر ئێران، ترەمپ دەیەوێت سەقامگیریی و گەشانەوەی گەلانی ناوچەکە بەدەستبێت.

ئەحمەد بەشیر: پرسیاری دووەمم؛ ئەگەر من فەرماندەی گروپێکی چەکدار بم و وەزیریشم لە حکومەتی عێراقدا هەبێت، واتا "پیاوی دەوڵەت" بم، پێویست دەکات بە هەمانشێوە هەست بە ترس بکەم؟

جۆ ویڵسن: بە دڵنیاییەوە، ئەوە حاڵەتێکی خراپە، نابێت هیچ پەیوەندییەک لەنێوان تیرۆرستان و وەزیرەکانی حکومەت هەبێت، پێویستە هەوڵی تێگەیشتن هەبێ لەوەی کە ئەوە خزمەت بە گەلی عێراق ناکات. دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکرێت و دەستبەجێ ئەو وەزیرانە بگۆڕدرێن.

ئەحمەد بەشیر: زۆر باشە، ئەگەر من بەرپرسێکی حکومەتی عێراق بم و لەگەڵ میلیشیاکاندا کار بکەم، پێویستە کەی هەست بە ترس بکەم؟

جۆ ویڵسن: ئێستا

ئەحمەد بەشیر: هەر ئێستا؟

جۆ ویڵسن: بەڵێ، هەر ئێستا

ئەحمەد بەشیر: نامەکەتم پەیوەست بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ برێت مەکگۆرک بینی، ئەو لێکۆڵینەوەیە بەردەوامە؟ بۆچی داوات کردووە ڕێکاری بەرامبەر بگیرێتەبەر؟

جۆ ویڵسن: چونکە ئیدارەی پێشوو بە تەواوی نابەرپرس بووە لە بابەتی چاوپۆشیکردن و ڕۆیشتنی پارە بۆ ئێران، ئەوە لە دژی بەرژەوەندی گەلی عێراق بووە، لەهەمان کاتدا دژی بەرژەوەندیی گەلی ئەمریکا بوو، ئینجا سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. مامەڵەیەکی بێ پاساو بووە.

پێویستمان بەوەیە هەوڵ بدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق بنیات بنێینەوە، بەر لە سێ ڕۆژ وەزیری دەرەوەمان مارکۆ ڕۆبیۆ، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق قسەیکرد و بۆی ڕونکردەوە چەند گرنگە لێخۆشبوونەکان لاببرێن.

پێویستییەکانی وزە بۆ گەلی عێراق پێویستە سەربەخۆ بێت، لە تورکیاوە دابین بکرێت، یان سعودییە، پێویستە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

دەزانم ئەوە کۆتاییهێنانە بە هەژموونی ئێران، پێموایە ئەوە ڕوودەدات، گەلی سوریا سەرکەوتوو بون لە ڕوخاندنی ئەسەدی دیکتاتۆر، چەند مانگێک بەر لەوەی بڕوخێت ئەسەد لە مۆسکۆوە منی وەك دوژمنی سوریا نیشاندا، ئەوە چ سزایەکە! هەموو ئەو کاتەی بۆ ڕوخانی ئەسەد پێویست بوو، تەنیا 12 ڕۆژ بوو.

ئەحمەد بەشیر: میلیشیا ئێرانیەکان لە عێراق بوونەتە بابەتی نوسینەکانت لە ماوەکانی ڕابردودا، هەندێکیان تۆ تۆمەتبار دەکەن بەوەی لۆبی دەکرێت بۆ ئەوەی هەڵوێستەکانت دژی ئەوان بێت.

جۆ ویڵسن: ئەوە ڕاست نییە، من هەر قڕوشێک لە پەیای دەکەم لەسەر شانی خۆمە، ئەوەی بەدەستی دەهێنم تەنیا لەڕێگەی مووچەکەی خۆمەوەیە، بۆ خێزانەکەشم بە هەمانشێوەیە و لەسەر شانی خۆیان پەیدای دەکەن.

بەڵام گرنگیدانم بۆ تێگەیشتن لە دیموکراتیەت لە ماوەی جەنگی سارددا، لە کاتی گەنجیمەوە دەستیپێکرد، کاتێک هەوڵی کۆتاییهێنان بە شیوعیەت دەدرا، من بە جۆشبووم بۆ بینینی بولگاریای ئازاد، کەوتنی دیواری بەرلین و کەوتنی ئەسەد هەمان شت بوو بۆ گەشانەوەی دیموکراسیەت.

ئەحمەد بەشیر: لە عێراقیش؟

جۆ ویڵسن: بەڵی لە عێراقیش

ئەحمەد بەشیر: لە چوارچێوەی پێشهاتەکانی ئەمدواییەی تایبەت بە هەڕەشەکانی ئەمریکا دژی عێراق، پێشبینیت بۆ هەنگاوی داهاتوو دژی عێراق چییە؟؟

جۆ ویڵسن: پێویستە دەستبەجێ لێخۆشبوونەکان بۆ عێراق هەڵگرین. دەبێت عێراق لە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئێران دورخەینەوە، بیگۆڕین بە ڕێککەوتن لەگەڵ سعودییە، دەبێت کۆتایی بە هەژموونی ئێران بهێنین.

زۆر ڕوونە کە لە بەرژەوەندی ئێوەدایە وڵاتەکەتان لەلایەن خۆتانەوە بەڕێوە ببرێت، ئێمە بە گەلی عێراق ناڵێین چی بکەن، لە ڕاستیدا پرەنسیپی پارتی کۆمارییەکان کەمکردنەوەی ڕۆڵی حکومەت و زیادکردنی ئازادییە.

ئەحمەد بەشیر: دەنگۆیەک هەیە کە هەندێک دامەزراوەی حکومیی عێراق دەبنە ئامانجی سزاکان، بە نمونە کۆمپانیای سۆمۆ، یان بەندەری سەرەکی عێراق، یاخود بانکی ناوەندیی؟؟

جۆ ویڵسن: بەڵێ ڕوبەڕوی سزا دەبنەوە، بەڕای من لەژێر سەرکردایەتی ترەمپ، مارکۆ ڕۆبیۆ و مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، دەگەڕێن بۆ هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ ئێران، ئێمە دەزانین سپیکردنەوەی پارە هەیە، بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەیە، کەپتاگۆن و ماددەی هۆشبەر هەیە، هەر کەسیش هۆکاری ئەوانە بووە دەبێ سزا بدرێت.

ئەحمەد بەشیر: بیستومە تۆ کار لەسەر پڕۆژەیاسای ڕزگارکردنی عێراق لەدەستی ئێران دەکەیت؟

جۆ ویڵسن: بەڵێ، ڕێگەم بدە وێنەیەکی پڕۆژەکەت نیشان بدەم، ئەم پڕۆژەیە دژی لێخۆشبوونەکان و چاوپۆشیکردنە لە سزاکانی ئێران.

ئەحمەد بەشیر: پەیوەست بە سزادانی بانکی ناوەندیی، بەندەرەکان یان حکومەت بە شێوەیەکی گشتیی، چۆن گەلی عێراق دەپارێزن؟

جۆ ویڵسن: بە بڕوای من سزاکان ئامادەن، بەڵام ئەنجامەکەی بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی عێراقە، لە پێناو گەلی عێراقدایە.

ئەحمەد بەشیر: ئەوە جۆرێکە لە خۆشەویستیی دڵڕەقانە؟

جۆ ویڵسن: بەڵی

ئەحمەد بەشیر: هیچ کاتێک دەدەن بە حکومەتی عێراق و سیاسییەکان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ڕۆڵی ڕاگرتنی هاوسەنگیی لەنێوان ئێران و ئەمریکا؟

جۆ ویڵسن: نا، نابێت هیچ بوارێك بۆ ئەوە هەبێت، ترەمپ بەو شێوەیە مامەڵە ناکات، هەر شتێک هەڕەشە بێت بۆسەر ئەمریکییەکان وەڵامی سەربازیی بەدواوە دەبێت.

لەو شەوەی ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی چین لە ئێوارە خوانێک بوون، ئەوەی بیست کە ئەسەد چەکی کیمیاوی دژی گەلەکەی بەکارهێناوە، ترەمپ بە ئەسەدی وت "پاش کەمێک دەگەڕێمەوە" دواتر بڕیاریدا هێرش بکرێتەسەر هێزەکانی ئەسەد. دواتریش بۆ درێژەدان بە نانخواردنەکە گەرایەوە سەر مێزەکەی لەگەڵ سەرۆکی چین.

ئەحمەد بەشیر: دەمەوێ هەندێك شت بە میلیشیاکان بڵێی

جۆ ویڵسن: میلیشیاکان پێویستە خۆیان هەڵوەشێننەوە، پیویستە دەستبەجێ چەکەکانیان ڕادەست بکەن، دەزانم ئەوە ڕوودەدات.

More News

Most Popular

هەواڵ

هەڵبژاردن شەڕی نەوەی نوێ و کۆمەڵ گەرم دەکات

Mic
2025-07-01

شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن گەرمتردەبێت، بەشێکیش وەک هۆکارێک بۆ پەرتبوونی دەنگی ناڕازی پێناسەی دەکەن.

نزیکبونەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر گەرم دەکات.

دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکە بەتەمەنەکەی لە لیستی نەوەی نوێیە، دیسانەوە بووەتە بابەتێکی دیکەی جەنگی میدیایی نێوان نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی.

کۆمەڵی دادگەریی، تاکە هێزی سیاسی هەرێمی کوردستانە کە بەهۆی ناڕازیبوونی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.

نەوەی نوێ ترسی هەیە هەڵوێستەکەی کۆمەڵ کاریگەری لەسەر شەقام هەبێت و بەشێکی دەنگی ناڕازی لە رێگەی ئەو هەڵوێستەوە بۆ خۆی ببات بە تایبەت کە تائێستا پەرلەمان کارا نەبووە. 

ئەوەی وایکردووە ئەو گریمانەیە بەهێزبێت، هێرشی توندی میدیایی نەوەی نوێیە بۆ سەر بڕیارەکەی کۆمەڵ بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان.

 نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری بەوە تۆمەتبارکردووە کە کۆتا هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاریی رۆژی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، کەچی دیسان بەشداریی هەڵبژاردن دەکاتەوە. 

کۆمەڵ لەسەرەتاوە بێدەنگیی هەڵبژارد، بەڵام دواتر وەڵامی هێرشەکەی نەوەی نوێی دایەوە و جوڵانەوەکەی بە "ئاڕاستەکراو" تۆمەتبار کرد.

کۆمەڵی دادگەری بە تایبەت رەخنەی لەو هەڵوێستەی نەوەی نوێ گرتووە کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای "بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و ڕەگەز گۆڕین" نەداوە. 

هاوڵاتییان رای جیاوازییان لەسەر شەڕی میدیایی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری هەیە، بەشێکیان وەک بابەتێکی ئاسایی و هەڵمەتێکی پێشوەختەی هەڵبژاردن لێی دەڕوانن، بەڵام زۆرن ئەوانەشی پێیان وایە شەڕی میدیایی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کاریگەری لەسەر پەرتکردنی دەنگە ناڕازییەکان دەبێت. 

نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری لە کاتێکدا شەڕی میدیایان دژ بە یەکتر گەرمکردووە کە دوو پارتەکە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەدا لە هەوڵی دروستکردنی یەک لیست بوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی هێنا. 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 15 کورسییە و لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی 9 کورسییە، کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی یەک کورسییە، ئەگەرچی لە پەرلەمانی کوردستان 3 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام وەک خۆیان رایانگەیاندووە، بەهۆی " ساختەکاری"یەوە بایکۆتی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.