هەواڵ

داناپێدانانی ئەو فرۆکەوانە بڵاوکرایەوە کە بەشداری کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد و بە بڕیاری مام جەلال ئازاد کرا

سەرچین ساڵح رۆپیتەن
2023-08-15

دانپێدانانی تاریق ڕەمەزان ئەلعەزاوی ئەو فڕۆکەوانەی بەشداری لە کیمیابارانی هەڵەبجە کرد بڵاوکرایەوە و بەپێی بەڵگەکانیش، تاریق ڕەمەزان بە تەلەفۆنێکی مام جەلال ئازاد کراوە.

بە گوێرەی نووسراوێکی بەشی رامیاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ژمارە ر/117/1230 لە رۆژی 6-2-2005 دەرچووە و نهێنییە، دۆسیەی موقەدەمی فڕۆکەوانی خانەنشین (تارق ئیبراهیم رەمەزان) بۆ سکرتارییەتی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتیماننی کوردستان نێردراوە.
 لە نوسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هاتووە: 
ناوی چواری: تارق ئیبراهیم رەمەزان بەکرە و ناسراو بە ئەبو زیاد. 
بەرواری لە دایکبوون: ساڵی 1958 کەرکووک .
ئاین: موسڵمان و سوننە مەزهەب.
نەتەوە: عەرەب و عەشیرەتی عەزاویی. 
باری خێزانی: خێزاندارە و هاوسەرەکەی ناوی ایهان عەدنان سابرە.
خوێندەواری: بەکالۆریۆس و زانیاری فڕۆکەوانی.
بەرواری دەستگیرکردن: لە 3-1-2005 لە کەرکووک دەستگیرکراوە.
تاریق ڕەمەزان لە وتەکانیدا دەڵێت: 
لە 6-1-1981 کۆلێژی فڕۆکەوانیی تەواوکردووە بە پلەی ملازمی فڕۆکەوانی.
 لە ساڵی 1982 لەگەڵ پێنج ئەفسەری دیکە چوون بۆ فەرەنسا بە مەبەستی فێربوون و بەکارهێنانی میراج (ئیف 1) بۆ ماوەی چوار مانگ.
پیشەی خانەنشین بووە بە پلەی موقەدەمی فڕۆکەوان
- ناوبراو لە ساڵی 1988 یەکێک بووە لەو 6 فڕۆکەوانەی کە بەشداری کردووە لە بۆردوومانکردنی شاری هەڵەبجەی شەهید بە کیمیایی، فڕۆکەوانی (میراج ئێف 1) بووە، کە فڕۆکەی اعتراضی پێ بووە و پارێزگاری لە فڕۆکەکانی دیکە کردووە، لە فڕۆکەخانەی گەیارە هەڵساون لەگەڵ فڕۆکەوانێکی دیکە بە ناوی نەقیب وەلید خالید کە هەمان فڕۆکە و رۆڵی هەبووە، چوار فڕۆکەی دیکە لە جۆری سیخۆ بوون، بۆردوومانی هەڵەبجەیان کردووە بە کیمیاوی کە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک هەڵساون و پاشان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
- لەو ساڵەدا ئامری ئەو چوار فڕۆکە (سیخو)یە لە فڕۆکەخانەی کەرکووک، رائید عەبدولکەریم کە خەڵکی حلە و رائید محەممەد مەزڵوم کە خەڵکی پارێزگای رومادی بووە، رائد محەممەد مەزڵوم لەلایەن رژێمەوە ئیعدام کراوە.

- هەروەها لە بۆردوومانکردنی شاری مەریوان و مهاباد و شارەکانی تری ئێران بەشداری کردووە، لە کاتی شەڕی عێراق – ئێران فڕۆکەی اعتراضی پێبووە.

 



- هەروەها بەشداربووە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەزائیری، کە  وەفدێکی جەزائیری تێدا بووە بە مەبەستی چوونیان بۆ ئێران بۆ وەستاندنی شەڕی (عێراق – ئێران). ئەو فڕۆکەیەی بەشدار بووە لە خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکە جەزائیرییە فڕۆکەی (میک 25 نوع ئێف) بووە و فڕۆکەوانەکەی ناوی (مقدم / (عەبدوڵڵا فەرەج) بووە و لەم دواییەدا مقدم عەبدوڵڵا لە ئەنجامی رووداوی فڕۆکەدا کوژراوە، ناوبراو  (تارق رەمەزان) لەو کاتەدا ئەرکی سووڕانەوەی بینیوە لە پارێزگای تبریز بۆ پارێزگاری لە فڕۆکەی تر.

- ناوبراو بەشداری لە 250 چالاکی فڕۆکەوانی کردووە لە بۆردوومانکردنی سەرجەم ناوچەکانی کوردستان و ئێران، بۆ ئەم مەبەستە (نوط الشجاعة)ی لە لایەن سەدام حوسێنەوە وەرگرتووە.

- ناوبراو لە ساڵی 1996 بە پلەی مقدم / فڕۆکەوانی خانەنشین کراوە.
بەپێی نووسراوەکەی بەشی رامیاریی ئاسایشی گشتی، کە بەرواری 3ی شوباتی 2005 لەسەرە تارق رەمەزان لە کاتی دەستگیرکردنیدیدا ئەم کەلوپەلانەی پێ بووە:

 

60,000 دیناری عێراقی
600 دۆلاری ئەمریکی
ئۆتۆمبێلێکی ئۆپڵ کایەی سپی، تەجیل کوشن و گاعی
دوو هەویەی عێراقی + هەویەی مقدم تەیار
دەفتەری تێبینی
ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکەی
پێناسی باری شارستانی و مۆڵەتی شۆفێریی عێراقی
کەلوپەلەکان تەسلیم بە کارمەند سەباح عەبدوڵڵا و موقەدەم محەممەد حکی کراون.

 

هەر بەپێیی بەڵگەنامەکان لەسەر یەکێک لەو نوسراوانەی ئاراستەی سکرتارییەتی یەكێتی کراوە، مام جەلال بە واژۆی خۆی پەراوێزێکی نووسیوە: کاک دانا سڵاو ئەمە تاوانباری جەنگە و شایەدێکی باشیشە لەسەر رژێم.

بەڵام بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی دەستنووس، ئەو فڕۆکەوانە کە لە زیندانی ئاسایش بووە لە سلێمانی بە بڕیاری مام جەلال ئازاد کراوە.

بەڵگەنامەکە لە بەشی رامیاری ئاسایش دەرچووە و تێیدا هاتووە: لەسەر فەرمانی تەلەفۆنی بەڕێز مام جەلال کە بە کاک نزاری سکرتاریەت رۆژی پێنجشەم 25/10/2007 تەلەفۆنی کرد، طارق ئیبراهیم رمضان ئازاد بکەن بە کەفالەت.

سەرچاوە: بەرگی شەشەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان)

More News

Most Popular

هەواڵ

"ئەمڕۆ 16 رۆژنامەوان دەستگیرکراون"

Mic
2025-06-26

ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، بۆ رێگرییکردن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان، هێزی ئەمنی لە چەندین شوێنی شەقامی سالم و بەشێک لە دامەزراوەکانی دیکە بڵاوەیان پێکرا و چەندین رۆژنامەوان و چالاکوان و بەرپرسی حیزبی دەستگیرکران.

مایک نیوز زانیویەتی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ژمارەیەک مامۆستا لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا لە شەقامی سالم، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکراون و لەدەرەوەی شاری سلێمانی ئازادکراون.

هەروەها دوو تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی ZOOM لە شەقامی سالم دەستگیرکراون و کەلوپەلی رۆژنامەوانییەکانیان دەستی بەسەرداگیراوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی مایک نیوز، هەر لەماوەی یەک کاتژمێردا 16 لەشاری سلێمانی رۆژنامەوان دەستگیرکراون و پاش نیوەڕۆ ئازادکراون.

 

سەنتەری میترۆ، کە دامەزراوەیەکە بۆ بەرگریی لە رۆژنامەوانان و ئازادی رادەربڕین، ئاشکرایکردووە، دوێنێ رێکخەرانی خۆپیشاندانی مۆستایان و موچەخۆران دەستگیرکراون و ئەمڕۆش ئەم میدیاکارانە دەستگیرکراون:

راگەیاندنکارێکی کەناڵی ئازادی
تیمی رۆژنامەوانیی کەناڵی سپێدە
تیمی رۆژنامەوانیی کەناڵی پەیام
دوو تیمی رۆژنامەوانیی کەناڵی زووم
تیمی رۆژنامەوانی مۆراڵ میدیا

 

هەر ئەمڕۆ، کەناڵی پەیام، ئاشکرایکرد، تیمێکی رۆژنامەوانەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، بەڵام وردەکاریی زیاتریان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە به‌رپرسێكی ره‌وتی هه‌ڵوێست له‌ سلێمانی رایگه‌یاند، هه‌ریه‌كه‌ له‌ عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، سەرۆکی رەوت، د. غالب محه‌مه‌د و د. رێبوار كه‌ریم ئەمڕۆ له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی ره‌وتی هه‌ڵوێست لە سلێمانی ده‌ستگیركراون.

ئەم دۆخە ئەمنییەی شاری سلێمانی پاش ئەوەهات کە چەند رۆژێکە داخوازییەک هەبوو بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە رۆژی پێنجشەممە، بەمەبەستی داواکردنی موچە و شایستەداراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی و پارێزگار مۆڵەتی خۆپیشاندنیان نەدا، بەپاساوی ئەوەی "دۆخەکە ئێستا گونجاو نییە".

 

کاروان ئەنوەر، سەندیکای رۆژنامەنوسان لقی سلێمانی:
رۆژنامەوانە دەستگیرکراوەکان پاش ئەوەی خوانی نیوەڕیان بۆ ئامادەکرا ئازاد دەکرێن

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ، بۆ کەناڵی زووم:
وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت بەپێی بڕکەی 10ی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان، ئەمڕۆ خەڵک دەستگیرکراوە، لەکاتێکدا جارێ خۆپیشاندان نەکراوە و هیچ زیانێک نەگەیەنراوە و یاساشکێنی نەکراوە، لەدوێنێوە خەڵک دەستگیردەکەن، یاساکە کوا شتی وای تیایە؟!
خەڵک چی بکات؟ دەچن بۆ بەغداد، پێیان دەوترێت جاش و خۆفرۆش، لێرە خۆپیشاندان دەکەن دەستگیریان دەکەن
سەندیکای رۆژنامەنوسان لە سلێمانی لەبەرئەوەی یەکێتین ناتوانن پشتیوانی رۆژنامەوانان بکەن.
چارەسەری ئەمنی ناڕەزایەتییەکان فراوانتر دەکات
ئەمەی دەکرێت هەڵمەتی دەستگیرکرنە
ئێستا هێزی ئەمنی بوون بە دوژمنی کامێرا، هەرکەسێک کامێرای پێبێت دەستگیری دەکەن
هێزی ئەمنی سڵناکاتەوە و مۆبایلی کەسەکان بەزۆر دەکەنەوە و زانیارییە تایبەتەکانی دەردەهێنن

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم-سلێمانی بۆ مایک، عەقید سەلام عبدولخالق:
خۆپیشاندان لە سلێمانی قەدەغە نییە، ئەوەی کراوە دواخستنی خۆپیشاندان بووە، زانیاریی پێشوەختەمان هەبووە کە خۆپیشاندانەکە بەلاڕێدا دەبرێت و خەڵک زیانمەند دەبن تیایدا.
کاری ئێمە زانیاریی پێشوەختەیە و لەسەر ئەم زانیارییە رێگرییمان کردووە، لە داخوازیی و مافی مامۆستایان تێدەگەین و ئێمەش بەشێکین لە دۆخەکە.

 
ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی بڕیاریاریاندابوو ئه‌مڕۆ خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌ببەن، به‌ڵام له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ئه‌منی سلێمانی داخوازییەکەیان ره‌تكرایه‌وه‌ به‌بیانوی نه‌گونجاوی كاته‌ی.

مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی داوای موچه‌كانیان ده‌كه‌ن كه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی 60 رۆژه‌ وه‌ریان نه‌گرتوه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هێشتا حكومه‌ت پلانی بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگه‌كانی (ئایار/5) و (حوزه‌یران/6) رانه‌گه‌یاندوه‌.