هەواڵ

سوپای تورکیا لە سەنتەری شاری عەفرین دەکشێتەوە

Mic
2025-09-17

دوای حەوت ساڵ لە داگیرکردنی؛ بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، سوپای تورکیا لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەکشێتەوە.

سوپای تورکیا بەچەند قۆناغێک لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان کشایەوە و شارەکە رادەستی حکومەتی نوێی سوریا دەکرێتەوە.

تورکیا لە ناوەندی شاری عەفرین دەکشێتەوە


بە گوێرەی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان لە کاتژمێرەکانی رابردوودا یەکەکانی سوپای تورکیا و پۆلیسی تورکیا بنکە و بارەگاکانیان لە شاری عەفرین و شارۆچکەی جەندریس و دەروبەری حەلەب-یان رادەستی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا کردوەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، سوپای تورکیا چوار گۆشەی عەفرین و جەندریس و هەموو ئەو قوتابخانە و باڵەخانانەیان چۆڵکردوە کە پێشتر کردبوویانە بنکە و بارەگای سەربازیی.

سوپای تورکیا لە دەرەوەی شاری عەفرین چەند بنکەیەکی سەربازی هەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی دابەشکردنەوەی هێزەکانی لەنێو رۆژئاوای کوردستان و خاکی سووریادایە بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا هەیەتی.

پانۆرامای سەرەتای هێرشەکانی تورکیا و داگیرکردنی عەفرین

سوپای تورکیا لە 20ـی کانوونی دووەمی 2018 تۆپبارانی ناوەندی شاری عەفرین و گوندەکانی ڕاجۆ، شیێ، بلبلێ، شەرا، جندرێسی دەوروبەری کرد، ئامانجی تۆپبارانەکەش ڕێگەخۆشکردن بوو بۆ ئەوەی گرووپە میلیشیاکانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر عەفرین دەست پێ بکەن.

لەو هێرشانەدا خانووی هاوڵاتییانی سڤیل، قوتابخانەکان، دامەزراوە فەرمییەکان، نەخۆشخانەکان، مزگەوتەکان، شوێنە مێژوویی و پیرۆزەکان و ژێرخانی عەفرین  وێران کران.

بە هۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 300 هاوڵاتیی سڤیل شەهید و زیاتر لە 700 هاوڵاتی دیکەش برینداربوون. سەرەڕای ئەوەش نزیکەی 350,000  هاوڵاتیی لە زێدی خۆیان دەرکران، بەشێکی زۆریان لە گوندەکانی نێوان عەفرین و حەلەب نیشتەجێ بوون، بەشێکی دیکەشیان ئاوارەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەشێکیش لە هەرێمی کوردستان بوونە پەنابەر.

داگیرکردنی عەفرین

دوای 58 ڕۆژ لە شەڕ، سوپای تورکیا و گرووپە میلیشیاکان لە 18ـی ئاداری 2018 چوونە نێو شاری عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری، لەو کاتەوە ماڵ و دووکان و شوێنی کارکردنی هاوڵاتییانی کورد تاڵان کران.

هەروەها بەگوێرەی ئامار و زانیاریی چالاکوانانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 8500 کوڕ و کچی کورد لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە لە پێناو وەرگرتنی سەرانە لە خێزانەکانیان ڕفێندروان، لە نێویشیاندا چارەنووسی زیاتر لە 2000 هاوڵاتی تا وەکو ئێستا نادیارە.

گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین

دوای دەرکردنی هاوڵاتییانی کورد لە زێدی خۆیان، هەزاران  عەرەبی دیمەشق و پارێزگای ئیدلیب و ناوچەکانی دیکەی سووریا لە عەفرین لە سەر موڵک و ماڵی هاوڵاتییانی کوردەکان نیشتەجێ کران، لەو کاتەوە دیموگرافیای عەفرین لە گۆڕاندایە. جیا لەوەی سەدان هەزار دار زەیتوون بڕدران و لە نێو بران، هەزاران دار زەیتوونی تر و داری بەری دیکە هەڵکەندراون و بەرەو ناوچەی دیکە بردراون.

لە دوای داگیرکردنی عەفرین تا وەکوو ئێستا زۆرینەی ناوچە شوێنەوارییەکانی عەفرین لەلایەن سەربازانی تورکیاوە هەڵکەندراون پارچەکانیان دزراوە.

بەگوێرەی زانیاریی چالاکوانان بواری شوێنەوارناس، پارچە شوێنەوارییەکانی گردی جندرێس، قەڵای نەبی هۆری، قەڵای سەمان و ئەشکەوتی دوو دەری دزراون لەلایەن گرووپە میلیشیاکان دزراون.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین بڵاوی کردووەتەوە، سوپای تورکیا و میلیشیاکان زیاتر لە 50 شوێنەواری مێژوویی و مەزارگە ئاینییەکانیان هەڵکەندووە و زیاتر لە 20،000 پارچە کەلوپەلی شوێنەواریان گواستویاننەوە بۆ تورکیا.

لە عەفرین چەندین شوێنی مێژوویی هەیە، جگە لە قەڵای هۆری، قەڵای سامان، ئەشکەوتی دودری، کەنیسەی مارمارۆن و دەیان شوێنی دیکە نزیکەی 25 گردی مێژووییان هەیە، کە زۆربەیان بە درێژایی ڕووباری عەفرین ڕیزکراون و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بۆ 2000 ساڵ بەر لە زایین.

More News

Most Popular

هەواڵ

موقتەدا سەدر هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە و چاوەڕێی دوو ئەگەرە

Mic
2025-09-17


سەرەڕای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر هێشتا مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی عێراقە، ئەمەش وایکردووە لەلایەک چاویان لەسەر هەڵبژاردن بێت و لەلایەکیش چاویان لەسەر سەدر بێت، خودی موقتەدا سەدریش چاوەڕێی روودانی دوو ئەگەرە لە عێراق.

موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووی نەیارەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یان تەنانەت لایەنگران و هاوپەیمانە نزیکەکانی.

لەدوای بڕیارە بەناوبانگەکەی سەدر بۆ کشانەوەی کوتلە پەرلەمانییەکەی کە خاوەنی 72 کورسی پەرلەمانی بوو، لە هاوینی 2022 و راگەیاندنی ڕەتکردنەوەی کارکردن لەگەڵ "گەندەڵکاران" کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، پێشبینیەکان سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سەدر بەردەوام مشتومڕی لە نێوان سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دروستکردووە.

موقتەدا سەدر لە هەموو پەیامەکانیدا سەبارەت بە کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژارد، تەنها ئاماژەی بە چینێکی گەندەڵی دەسەڵاتدار کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ نیازێکی تری خۆی بخاتەڕوو، بەڵام سەرکردەویەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی سەدر ئاشکرا دەکات.

سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى راگەیاندووە، سەدر سیستەمێکی دەوێت کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا بگونجێت، کە لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەوانی تردا نەگونجێت.

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، کشانەوەی ئێستای موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن، لەم دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ڕق لە کاری سیاسی.

ئاماژە بە پێگە و بەهێزی سەدر دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەڵێت: لەوانەیە یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور بێت، هەر بۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و چاوەکەی دیکەش لەسەر سەدرە.

لەگەڵ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، سەدر لە چوار ساڵی رابروودا، شەقامی لە بەرژەوەندی خۆی ساز و ئامادەکردووە بۆ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەدر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی راگەیاند، هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق بە فەرمی داوای لێکرد بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر بڕیارەکەی.

لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، موقتەدا سەدر بڕیارێکی دەرکرد بۆ دوورخستنەوەی 31 کەس لە بزووتنەوەکە و باڵی سەربازی سەرایا سەلام، بەهۆی ئاماەکارییان بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

سەرکردەیەکی رەوتی سەر بە رۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى وتووە، ڕەوتی سەدر پشتگیری لە هیچ لیست و کاندیدێک ناکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەو سەرکردەیە ڕەتی دەکاتەوە پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بکات و دەڵێت: هەموو شتێک دەگونجێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کەی ڕوودەدات.

ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەدر درکپێدەکات و گرەو لەسەر ئەگەری داڕمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بە تێپەڕبوونی کات، چونکە بڕوا وایە سیستەمی سیاسی ئێستا بە ئاسانی چاکسازی ناکرێت.

دەشڵێت: سەدر هەموو جۆرە کارێکی سیاسی تاقیکردۆتەوە. بەشداری کردن لە پەرلەمان و کشانەوەی لێی و بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوەی لێی و هەروەها دژایەتیکردنی چالاکی لە شەقامدا و پێدەچێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیستەمە توانای چاکسازی نییە.

یەکێکی تر لەو ئەگەرانەی کە سەدر چاوەڕێی دەکات، شوێنگرتنەوەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانە لە عێراق، خودی سەدریش خواستی خۆی بۆ جێگرتنەوەی نەشاردووەتەوە و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعە، موقتەدا سەدر هەموو مەرجەکانی تێدایە.