هەواڵ

لەسەر دواکەوتنی مووچە هەولێر و بەغدا دەتوانن یەکتر بدەنە دادگا

Mic
2025-05-10

دادگای فیدراڵی لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا رۆڵی یەکلاکەرەوەیی هەیە، ئێستاش بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە هەولێر و بەغدا دەتوانن پەنای بۆ بەرن و یەکتر بدەنە دادگا.

 

 زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیووە، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان نییە.

بەرپرسانی هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەکە بێدەنگن، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تەنها وەک سەرچاوە قسە بۆ میدیاکان دەکەن و حکومەتی عێراق وەک پابەندنەبوو تۆمەتبار دەکەن.

بەپێی دوایین بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەولێر دەتوانێت لە کاتی دواکەوتنی مووچەدا سکاڵا لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار بکات.

مەرجی تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن هەرێمی کوردستان و پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە خەرجکردنی مووچە، پابەندبوونی تەواوی  خۆی و حکومەتەکەیەتی بە بڕیارەکانی پێشووتری دادگاکەوە لەسەر پرسی مووچە. 

پێچەوانەی هەرێمی کوردستان، لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بە بڕیارەکانی دادگا و نەسەلماندنی داهاتی راستەقینە و نە گەڕاندنەوەی بڕی دیاریکراوی داهات لە هەولێروە بۆ بەغدا، ئەوا حکومەتی عێراق مافی تۆمارکردنی سکاڵا و پابەندنەبوونییە داراییەکانی دەبێت. 

دادگای فیدراڵی لە کێشەکانی مووچەی مووخۆرانی هەرێمی کوردستاندا رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیی هەیە، ئەوەیش دوای ئەوەی لە 21ـی شوباتی 2024، بە بریارێک حکومەتی عێراق و هەرێمی کورستانی بە دابەشکردنی مووچە پابەند کرد. 

بەپێی بڕیارەکانی ئەوکاتی دادگای فیدراڵی ده‌بێت حكومه‌تی عێراق مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان بدات و دابین نه‌كردنی پێشێلكارییه‌، ده‌بێت مافی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بێت، دەبێت حکومەتی عێراق بەبێ قەرز مووچە دابین بکات و  حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ڕۆژانە ڕادەستکردنی بڕی ئەو نەوتەی لەسەری ڕێککەوتوون، لەبەرامبەردا حکومەتی ناوەندی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

لە ئەگەری دابیننەکردنی مووچە، دەبێت ڕێککاری پێویست بگرێتەبەر و گەرەنتی ئەوە بکرێت پارە بنێردرێت، هەر بەپێی بڕیارەکە پرسی مووچە پەیوەستە بە ژیانی خەڵکەوە و نابێت لەگەڵ پرسە سیاسییەکان تێکەڵ بکرێت، پێویستە هەولێر و بەغدا لەوبارەیەوە بەیەکجاری رێکبکەون.

ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانیش بەشێک بوون لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە ڕادەستکردنی ئەو داهاتانە بە بەغدا پابەند دەکرد.

بنەجێکردن"بە بانکی کردن"ـی مووچە مووچەخۆران لە بانکە فیدراڵییەکان بڕیاری دادگای فیدراڵی بوو، دادگاکە داوای لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد بە زوترین کات مووچەی مووچەخۆران بنەجێ بکەن.

لە خشتەی بوودجەی عێراقدا، بڕی 11 تریلۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن دینار وەک بەشی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 دیاریکراوە، بەم شێوەیە خەرجی موچەی فەرمانبەران 9 ترلیۆن و 556 ملیارو 348 ملیۆن دینار و موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی 2 ترلیۆن و 20 ملیار و 173 ملیۆن دینار. بەپێی ئەو خشتەیە بێت، مانگانە 964 ملیار و 710 ملیۆن دینار بۆ پارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.

 

سەرهەڵدانی کێشەی مووچە 
سەرهەڵدانی کێشەی مووچە لە هەرێمی کورستان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتنی نەوتی خۆی کرد و ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاند. 

ئامادەکارییەکان بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان مێژوییەکی چەند ساڵەی هەبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ەوە دەستی بە ئامادەکاری کرد، تا خۆی سەربەخۆیانە مامەڵە بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی وڵاتەکەیەوە بکات، هەر بۆیە لەو ساڵەدا یەکێتی و پارتی یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2007ـی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانیان لە پەرلەمانی کوردستانەوە تێپەڕاند.

ڕۆژی 2ـی حوزەیرانی 2009 جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، پێکەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاند، ئەوكات عێراق بەهۆی لاوازی پێگەکەیەوە نەیتوانی بەرهەڵستی خواستی کورد بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ، لە ڕێگەی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتییەوە پڕۆژە یاسای دیاریکردن و وەرگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە داهاتی فیدراڵ ڕەوانەی پەرلەمان کرد.

ڕۆژی 16ـی نیسان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە کرا و ڕۆژی 23ـی نیسانی 2013، یاساکە پەسەند کرا، یاساکە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا حکومەتی ئەو کاتی هەرێمی کوردستانی پابەند دەکرد، بەوەی داوا لە حکومەتی عێراقی بکات، بەپێی یاسا لە ماوەی 90 ڕۆژدا شایستە داراییە خەمڵێنراوەکانی هەرێم بداتەوە. ئەگەر حکومەتی عێراق دوای 30 ڕۆژ لە وەرگرتنی داواکارییەکەی هەرێم یان بەسەرچوونی ئەو 90 ڕۆژی دیارکراوە پابەند نەبوو، ئەوا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ڕێکارانەی بە گونجاویان دەبینێت بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە بۆ وەرگرتنی مافە داراییەکانی خۆی بگرێتەبەر، لەنێویشیاندا بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی خاو و غاز بۆ پڕکردنەوەی سەرجەم ئەو بەرکەوتانە کەوا حکومەتی فیدراڵی خۆی دەگرێت لە دانەوەیان.

ناوەڕاستی ساڵی 2014 حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی بۆری بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگەیاند و لێرەوە چیرۆکی ئابوری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان و بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت دەستپێکرد.

عێراق وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و لێرەوە قەیرانی مووچە بەرۆکی مووچەخۆرانی گرت.
حکومەت پاشکەوتی مووچەی ڕاگەیاند

بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕوبەڕوی قەیرانی سەختی دارایی کردەوە، ئەو پارەیەی حکومەت لە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوت بەشی خەرجی مووچەی نەکرد و کورتهێنانی هەبوو. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلولی 2015 پاشکەوتی مووچەی ڕاگەیاند و تا مانگی تشرینی دووەمی 2018 بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا، مووچەخۆران پێنج مووچەی تەواویان پاشکەوت کرا،  21 چارەکە مووچەیان پێدرا، 11 مووچەشیان بە بەشێکی پاشکەوت کراوەوە وەرگرت.

کابینەی نۆ لێبڕینی مووچەی ڕاگەیاند
مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی یەکەمی 2018 تا کانوونی دووەمی 2020 بەبێ کێشە دابەشکرا. دواتر کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 31ـی ساڵی 2020دا، بڕیاری ژمارە 61ـی دەرکرد کە لە 4 خاڵ و 8 بڕگە پێکدەهات و بەپێی بڕیارەکە؛ رێژەی تەمویلکردنی پارە بۆ مووچە لە 100٪ـەوە بۆ 79٪ کەمکرایەوە، واتە رێژەی لێبڕینی مووچە کرایە 21٪.

مووچەخۆران لە شوباتی 2020 تا حوزەیرانی 2021، 10 مووچەیان بە لێبرێنی 21٪ـەوە وەرگرت و 7 مووچەشیان بۆ خەرج نەکرا و هەر وەریان نەگرت و تائێستاش چارەنوسی نادیارە کە قەرزە یان پاشەکەوتە، یان ناوێکی دیکەی دارایی بۆ داتاشراوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

یەکەم هەنگاوی ئۆپۆزسیۆن بۆ دروستکردنی لیستی هاوبەش بێ ئەنجام بوو

Mic
2025-05-11

لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لە یەکەم هەنگاوییان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردن نەگەیشتنە ئەنجام، داهاتووی هاوپەیمانێتییەکە و سەرۆکەکەی دوو لە گرفتە سەرەکییەکانن.

نەوەی نوێ، یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگه‌ری، بەرەی گەل، ڕه‌وتی هەڵویست، بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی و ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی کە لە ناویاندا یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان هەیە، سەرقاڵی دروستکردنی لیستێکی هاوبەشن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق. 

ئەو لایەنانە تا ئێستا دوو کۆبونەوەی فروانیان کردووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێک و تاکە خاڵی رێککەوتنیان ئەوەیە کە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت. 

عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامی شاندی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان دوای کۆوبونەوەی دووەمیان لە کۆنگرەیەکی رۆنامەنووسیدا ڕایگه‌یاند، هێشتا له‌سه‌ر هیچ پرسێك رێكنه‌كه‌وتون ئه‌وه‌ی كراوه‌ گفتوگۆیه‌ و ئومێد ده‌كه‌ن سبه‌ینێ كه‌ جارێكی دیكه‌ كۆبونه‌وه‌، بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن.

ئامانجی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دروستكردنی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، بەڵام وەک ئەندامەکەی شاندی کۆمەڵ وتی،" جارێ بڕیار نەدراوە كه‌ ئایا هاوپەیمانێتییەکە تەنها لە ناوچە دابڕێندراوەکان دەبێت یان لە هەرێمی کوردستانیش".

سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکە و داهاتووی هاوپەیمانێتیەکە یەکێکە لە گرفتەکانی بەردەم لایەنەکان بۆ دروستکردنی لیستی هاوبەش، د. رێبوار كه‌ریم، ئه‌ندامی شاندی ڕه‌وتی هه‌ڵوێست به‌ ڕۆژنامه‌نوسانی وت، "گرفتێكی دیاریكراو نیه‌، به‌ڵام هه‌ندێك پرسیار هه‌یه‌، ئێمه‌ پرسیارمان هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی بۆ قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردن، كه‌ ئایا چی ده‌كرێت له‌دوای هه‌ڵبژاردن؟".

ئامانجی دروستکردنی ئەو بەرەیە لەلایەن حزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتییەوە، بە دەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمانی عێراق لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، چونکە ئەو یاسایەی هەڵبژاردنەکەی پێ ئەنجام دەدرێت لە بەرژوەندی لایەنە بچوکەکان نییە.
بەپێی خشتەی کارەکانی کۆمسیۆن، تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتییەکان تا 14ـی ئایار بەردەوام دەبێت، بۆیە دەبێت ئەو لایەنانە تا ئەو کاتە بگەنە رێککەوتن.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکانە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری کرا.