رۆژی 15ـى نیسان و کاتژمێر 22:41 بە حاڵەتی بێهۆشی
و جەڵتەی دڵ بە ئەمبوڵانس سڕی سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گەیەندرایە نەخۆشخانە، پاش 18 رۆژ
مانەوەی لەژێر چارەسەر و چاودێری چڕی تەندروستیدا، کاتژمێر 16:10
کۆچی دواییکرد.
نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتینگال
لە تورکیا، کە 18 رۆژبوو سڕی سورەیا ئۆندەر لەوێ چارەسەری بۆ دەکرا، بە
فەرمی کۆچی دوایی ئۆندەری راگەیاند.
سڕی سورەیا ئۆندەر لەکاتێکدا نەخۆشکەوت و کۆچی دواییکرد، کە
تورکیا بە قۆناغێکی گرنگی مێژوویدا تێدەپەڕێت و خودی ئۆندەریش کارەکتەری سەرەکی
ئەو قۆناغەیە، کەئەویش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و پرۆژەی زامنکردنی مافەکانی
کورد و چەکدانانی پەکەکە-یە.
رۆژی 22ـى تشرینی یەکەمی 2024،
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا، لە وتاری هەفتانەی فراکسیۆنی
پارتەکەیدا رایگەیاند، دەبێت پرسی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت و بۆ ئەمەش دەبێت
عەبدوڵا ئۆجالان بێتە پەرلەمان و نەهێشتنی پەکەکە رابگەیەنێت.
پەیامەکەی باخچەلی جارێکی
تر دەرگای پرۆسەی ئاشتی بەڕووی تورکیادا کردەوە و کورد پێشوازی لە پەیامەکە کرد،
هەریەک لە سڕی سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان،
ئامادەییان بۆ رۆڵگێڕان لە نێوان عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پارتی کرێکاران و دەوڵەتی
تورکیا راگەیاند، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی
کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبووەوە و رۆژی دواتر، شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری
ئۆجالان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
22ـی کانوونی دووەمی 2025 شاندی
ئیمراڵی سەردانی ئۆجالانی کردەوە و لەسەر دوای ئۆجالان، شاندەکە
سەردانی سەرجەم لایەنەکانی تورکیایان کرد، پاشان لە 25ـى شوبات، بۆجاری سێیەم سەردانی ئۆجالانیان لە ئیمراڵی کردەوە، کە هاوسەرۆکانی دەم
پارتی و پارێزەرانی تێیدا ئامادەبوون، دواتر پەیامی 27ـی شوباتی ئۆجالان بڵاوکرایەوە.
رۆژی 10ـی نیسان، شاندی ئیمراڵی
لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە، بڕیاربوو رۆژی 18ـی نیسان
شاندەکە لەگەڵ یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێکارە
یاساییەکانی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری و بابەتی لێبووردنی گشتی.
سێ رۆژ پێش کۆبونەوەکە و
کاتژمێر 22:41 بە حاڵەتی بێهۆشی، سڕی سورەیا ئۆندەر گەیەندرایە نەخۆشخانە و پاش
پشکنینی سەرەتایی دەرکەوت کە توشی جەڵتەی دڵبووە.
نەشتەرگەری بێنتال (گۆڕینی دەمەوانەی شادەمار و گۆڕینی شادەماری
بەرزبوونەوە) و نەشتەرگەری لاڕێدانی یەک دەماری بۆ ئەنجامدرا و پاش نەشتەرگەری، جێگیری
خوێنیی لە بەشی چاودێری چڕ خرایە ژێر ECMO و چارەسەری
پزیشکی چڕ.
هەفتەی رابردوو، دۆخی تەندروستی ئۆندەر بەرەو مەترسی رۆیشت، پەرچەکردارەکانی
وردە وردە کەم بووەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاوسانی مێشکی، وێنەی دەماری نەخۆشەکە
کە دۆخی مەترسی لەسەر ژیانی وردە وردە زیادیکرد، خراپتر بوو و تووشی شکستی چەندین
ئەندام بوو.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 3ـى ئایار کاتژمێر 16:10،
سڕی سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، دوای مانەوەی بۆ 18 رۆژ لە
ژێر چاودێی چڕی تەندروستیدا، لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس
نایتینگال، کۆچی دواییکرد.
سڕی سورەیا ئۆندەر، ساڵی 1962 لە شاری ئادیامانی باکوری
کوردستان لەناو کۆمەڵگای کوردیدا لە باوک و دایکێکی تورکمانی سەرتاش و ئەرزوحاڵچی
لەدایک بوو، باوکی لەدامەزرێنەرانی لقی ئادیامانی پارتی کرێکارانی تورکیا بووە.
ئۆندەر تەنها تەمەنی هەشت ساڵان دەبێت کاتێک باوکی بەنەخۆشی جگەر
کۆچی دوایی دەکات، بۆیە لەگەڵ هەر چوار خوشک و براکانیدا بەناچاری لەماڵی باپیرەیان
دەژین، لەتەمەنێکی بچووکدا دەبێتە شاگری وێنەگرێک و بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات.
لەساڵی 1978 دا کاتێک خوێندکاری قۆناغی ناوەندی دەبێت بۆ ئیدانەکردنی
ئەو زوڵمەی لە گەلی کورد دەکرێت بەشداری خۆپیشاندانەکان دژ بە کۆمەڵکوژی ئەو ساڵەی
کوردانی عەلەوی مەڕەش دەکات و بەو هۆیەوە دەستگیر و زیندانی دەکرێت.
پاش ئازادبوونی
دەچێتە کۆلێژی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی ئەنقەرە، بەڵام لە کودەتای ساڵی 1982ـی جەنەراڵ
کەنان ئەڤرەندا دەستگیر دەکرێت و ماوەی حەوت ساڵ لەزیندان دەمێنێتەوە.
سری سورەیا ئۆندەر نوسەر، ئەکتەر، دەرهێنەر، ڕۆژنامەنوس و سیاسەتمەداری
تورکمان، بە مرۆڤێکی بەئیرادەی بەهێزی سیاسی و خاوەن باوەڕی توند و بوێر بوو، بە
خەباتکار لەپێناو ئازادی گەلی کوردا ناسرابوو، لە هەموو کۆبونەوەکانیشدا بە قسە خۆشەکانی
ئامادەبووانی دەخستە پێکەنین و دەلاقەی گفتوگۆی دەکردەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا ساڵی 2011 لەناو بەرەی ڕەنج
و دیموکراتی و ئازادی کە پارتی ئاشتی و دیموکراتی (دەبەپە) پشتگیری دەکرد دەبێتە
کاندید لە لقی دووی ئیستەمبوڵ و بۆ یەکەمجار دەبێتە پەرلەمانتار.
لەهەڵبژاردنەکانی پەلەمانی تورکیا بۆ ساڵی 2015 جارێکی تر لەسەر
لیستی هەدەپە دەبێتە کاندیدی شاری ئەنقەرە و سەرکەوتوو دەبێت، هەر ئەو ساڵە دەبێتە
ئەندامی سەرەکی شاندی دانوسانکاری ئیمراڵی بۆ دیدارەکانی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی
تورک و عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکەدا.
ساڵی 2023 دەبێتەوە بە
کاندیدی دەم پارتی لەسەر شاری ئیستەمبوڵ و ئەمجارەش سەردەکەوێت، پاشان دەبێت بە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.
لە نەورۆزی ساڵی 2013ـى شاری ئامەد، نامەی عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ ئاشتی و دیموکراتی
خوێندەوە، هەربۆیە پاش تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی خوێندنەوەی ئەو نامەیە دەکرێتە بیانوو
و لە 3ـی
تشرینی دووهەمی 2018 دەستگیری دەکرێت تا 4ـى تشرینی یەکەمی 2019 لەزینداندا دەمێنێتەوە.
گرتن و لەمپەر دروستکردن لەبەردەم تێکۆشانی مرۆڤدۆستانەی ئۆندەر، نەک ئەو ساردناکاتەوە،
بەڵکو بە گوڕتری کرد و لە 28ـی کانونی یەکەمی 2024 دا جارێکی دیکە دەبێتەوە بە ئەندامی شاندی ئیمراڵی.
سڕی سورەیا ئۆندەر لە فیلمی 14ـى تەمووزی زیندانیانی سیاسی ئامەد
دا دەڵێت"هەندێک مرۆڤ هەن لەپێناو کوشتندا دەژین، هەندێک مرۆڤیش هەن لەپێناو
ژیاندا دەمرن".
ئەو بە ژیانی خۆی بۆ
مرۆڤایەتی سەلماند، کە دووەمیانی هەڵبژارد، لە
پێناو ئاشتی بۆ تورکیا و گرەنتیکردنی مافەڕەواکانی گەلی کورددا بۆ ساتێک نەسرەوت.
جیاواز لە مەیدانی سیاسی ئۆندەر نوسەر و ئەکتەرێکی بەتوانایە کە
بەرهەمەکانی لەسەر ئاستی تورکیا زۆرترین دەنگدانەوەی هەبووە و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە.
لەوانەش
پەڕتوکی بەینەلمیلەل ساڵی 2009
زنجیرە فیلمی ئەمرکە فەرماندەم 2005 بۆ 2008
زنجیرە فیلمی پیاوێکی بێدڵ 2008
هەروەها وەک دەرهێنەر یاخود نوسەر و ئەکتەر خاوەنداری و بەشداری
لە 13 فیلمدا هەیە کە ئەم خەڵاتانەی وەرگرتووە.
خەڵاتی هەژدەهەمین ڤیستڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەنقەرە بۆ
باشترین سیناریۆ
خەڵاتی چواردەهەمین ڤیستڤاڵی فیلمی گۆزەی ئاڵتون بۆ باشترین سیناریۆ
خەڵاتی حەوتەمین ڤیستڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کاراچی بۆ باشترین
دەرهێنەر
ئۆندەر لە زۆربەی فیلمەکانیدا گوزارشت لە ئەو زوڵم و نەهامەتیانە
دەکات کە لەلایەن ڕژێمەکانی تورکیاوە بەسەر گەلی کورد دا هاتوون هەر لە شار و چیاکان
تا کونجی تاریکی زیندانەکان.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.