139 ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی 1ـى ئایاردا، کرێکاران لە شارى شیکاگۆى ئەمریکا دەستیان بە مانگرتن
کرد، دواتر خۆپیشاندانی بەدواداهات و چەندین کرێکار لەلایەن پۆلیسەوە کوژران، ئەو
رۆژە بە رۆژی جیهانی کرێکاران یان جەژنی کرێکاران ناسراوە، بەڵام ئاماری
قوربانیانی کرێکاران پێمان دەڵێت، کرێکاران لەو رۆژەدا لە بری جەژن دەبێت شین
بگێڕن بۆ خراپی رەوشیان و نەبوونی سەلامەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مافە
زەوتکراوەکانیان.
رۆژی 1ـى ئایاری ساڵى 1886، بە مەبەستى کەمکردنەوەى
گوشارەکانى کارکردن و کەمکردنەوە کاتژمێرەکانى کارى ڕۆژانە لە هەزار و 200 کارگەى
شارى شیکاگۆى ئەمریکادا دەستیان بە مانگرتن و کۆبوونەوە کرد، کە زیاتر لە 90 هەزار
کرێکار بەشدارییان تێدا کرد.
لە رۆژى 4ـى ئایاردا
و لە چوارەمین ڕۆژى مانگرتن و کۆبوونەوەى کرێکاران، کرێکاران و لایەنگرەکانیان لە
گۆڕەپانى هەى مارکێت دەستیان بە خۆپیشاندانکرد، پۆلیسى هەوڵیدا رێگرى لە خۆپیشاندانى
کرێکاران بکات، لەسەر ڕێگاى خۆپیشاندانەکەدا تەقینەوەیەک ڕوویدا و بە هۆى ئەو تەقینەوەیە
پۆلیسک کوژرا و چەند پۆلیس و کرێکاریش برینداربوون، کە بە رووداوە خوێناوییەکەى هەی
مارکێت ناوبانگى دەرکردووە.
دوابەدواى ئەوەش پۆلیس تەقەى لە کرێکاران و مانگرتوان
کرد و بەو هۆیەوە دەیان کرێکار کوژرانو پۆلیسى ئەمریکا بە فەرمى ژمارەى کوژراوەکانی
بڵاونەکردەوە، بەڵام ناوى زیاتر لە 100 بریندار بڵاوکرایەوە، کە زۆربەى هەرە زۆریان
بەهۆى تەقەى پۆلیسەوە بریندار بوو بوون.
بە بڵاوبوونەوەى هەواڵەکانى ئەو خۆپیشاندانە و کوژران و
لە سێدارەدان و بریندارکردنى کرێکاران، لە زۆربەى وڵاتانی جیهان بۆ یادکردنەوەى ناڕەزایەتیى
ئەو کرێکارانە و داواکارییەکانیان، هەموو ساڵێک یادى 1ـى ئایار کرایەوە و دواتر
ئەو رۆژە کرا بە رۆژى جیهانی کرێکاران.
کارێکاران لەو خۆپیشاندان و مانگرتنەیاندا ئەنجامێکى خێرایان
بە دەستنەهێنا، بەڵام لە زۆربەى وڵاتانى جیهان 8 کاتژمێر کارکردن لە رۆژدا، بوو بە
نەریت و ئەو رۆژە وەک رۆژى خۆپیشاندان و ڕیپێوان و کۆبوونەوە و قسەکردن لەبارەى
مافى کرێکارنەوە دیارى کرا..
ساڵانە سەندیکا و رێکخراوەکانی تەیبەت بە داکۆکی لە مافی
کرێکاران، لە 1ـى ئایاردا رێپێوان ئەنجامدەدەن و ناڕەزایەتی
دەردەبڕن، دژ بە پێشیلکردنی مافەکانی کرێکاران و نەبوونی سەلامەتی کار لە شوێنی
کار و نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و کەمی کرێی کار.
ئامارەکانی گیان لەدەستدانی کرێکاران لە شوێنی
کارەکانیان دەرخەری ئەو راستیەیە کە کرێکران لە شوێنی کارەکانیان مەرجی
سەلامەتییان بۆ دابینناکرێت.
بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ساڵانە 355 هەزار
کرێکار لە کاتی کارکردندا دەست بەجێ گیان لە دەست دەدەن، بە کۆی گشتی ساڵانە 270
ملیۆن کەس بەهۆی رووداوی پیشەیی و کارەوە گیان لە دەست دەدەن.
رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، ساڵانە 160 ملیۆن کەس بەهۆی
بەرکەوتن و نەخۆشی پەیوەست بە کارکردنەوە گیان لە دەست دەدەن، هەروەها رۆژانە پێنج
هەزار کەس بەهۆی تووش بونی بە نەخۆشی کە هۆکارەکانی مانەوەی زۆری لەسەر کار و ژینگەی خراپی کارکردنەوە گیان لەدەست
دەدەن.
ئامارەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان خراپی رەوشی
کرێکاران و نەبوونی مەرجی سەلامەتی لە شوێنی کارەکانیان نیشان دەدات، بە پێی ئاماری
ناوەندی نیشتمانی تەندروستی و پیشەیی لە ساڵی 2024دا، 13 هەزارو 136 رووداوی کار هەبووە
وەک "نەخۆشی، برینداربوون، پەکەوتەی، مردن"، گیان لەدەستدانی 69
کرێکاریش تۆمارکراوە.
لە ساڵی 2024دا لە هەرێمی
کوردستان 47 کرێکار بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە
و لە چوار مانگی لەمساڵیشدا 12 کرێکار
گیاناین لەدەستداوە.
سەندیکا و رێکخراوەکانی تایبەت بە کرێکاران لە هەرێمی
کوردستان بەدەوام جەختدەکەنەوە، لە دروستکردنی ناوەندی نیشتمانی بۆ سەلامەتی تەندروستی
و پیشەیی کارێکاران، بەڕێوبەرایەتی تایبەت بە پشکنین لە پارێزگاکان بکرێتەوە، نوێنەری
کرێکاران و سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکاریەکان بەشداربن لە داڕشتنی سیاسەتی حکومەت لە
بارەی سەلامەتی کرێکارانەوە، زیادکاردنی دادگای کار و کردنەوەی لە ئیدارە سەربەخۆکاندا،
دیاریکردنی بودجەی تایبەت لە پرۆژەکاندا بۆ سەلامەتی کرێکاران و ڕاهێنانیان.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.