هەریەک لە بافڵ
تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هۆشیار زێباریی، ئەندامی مەکتەبی
سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەڵگەفیلمێکی كەناڵی (BBC)دا چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە و بۆچوون و زانیاریی
جیاواز لەبارەی رۆڵ و ئەرکی سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دەخەنەڕوو.
بافڵ تاڵەبانی، دەڵێت: سەربازانی
توركیا، لەناو خاكی عێراقدا زیاترن لە سەربازانی ئەمریكا، هەروەها تورکیا پارتی كرێكارانی كوردستان دەكاتە پاساو بۆ هاتنە ناو خاکی عێراق، پێموایە
ئەوان لێرەن لەبەرئەوەی پێویستە پشتیوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن.
لە بەرامبەردا، هۆشیار
زێباری، دەڵێت: بنكەكانی سوپای توركیا لە ساڵی 1992وە لە هەرێمی كوردستاندا جێگیرن
و نوێ نین، هۆكارەكەشی رێگریكردنە لە بڵاوبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان،
هەروەها ئیدارەی كورد لە هەرێم چیتر هەڕەشە نییە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا، هەردوولا
هیچ شتێك لە یەكتر ناشارنەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکەی
کەناڵی بی بی سی، بەگشتی 136 بنکەی سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەن، 121
بنکەی سەربازیی، یان 89٪ی بنکەکان لە پاش ساڵی 2018 جێگیرکراون.
لەوبارەیەوە هۆشیار
زێباری زانیارییەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت: تورکیا تەنها 2 بۆ 3 بنکەی سەرەکی
سەربازیی هەیە، ئەوانی دیکە خاڵی پاسەوانیی سەربازیین و هەروەها ئاماژە بەوەش
دەکات: ئەو شوێنانەی سوپای تورکیا لێی جێگیربووە، دەمێکە خەڵک تێیدا نیشتەجێ نییە،
ناوچەی چۆڵکراون بەهۆی مامەڵەی چەکدارانی پەکەکە، ئەوانی دیکە هیچ مەترسییەکیان
لەسەر نییە و خەڵک هاموشۆ دەکەن و رۆژانە کارەکانی خۆیان دەکەن بەشێوەیەکی ئاسایی.
بافڵ تاڵەبانی ئاشکرای
دەکات، کە سەربازانی توركیا لەناو خاكی عێراقدا زیاترن لە سەربازانی ئەمریكا و
دەڵێت: توركیا پارتی كرێكارانی كوردستان دەكاتە پاساو بۆ هاتنە ناو خاکی عێراق،
پێموایە ئەوان لێرەن لەبەرئەوەی پێیانوایە پێویستە پشتیوانی لە پارتی دیموكراتی
كوردستان بكەن.
تاڵەبانی دەشڵێت: كاتێك
لە نزیكەوە هاوكاری سوپای وڵاتێك دەكەیت ئەمە ئاماژەیە بۆ هاوكاری هەواڵگریش؛
زۆرجار ئەمانە یەكتری تەواو دەكەن (وەکو ئاماژەیەک بۆ پەیوەندیی پارتی و توركیا).
سەرۆکی یەکێتی پێیوایە،
هەماهەنگییەكی تەواو لەنێوان توركەكان و هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا
هەیە، هەروەها لەنێوان هەواڵگریی توركیاو هەواڵگری پارتیدا، هەم لەڕووی ئاڵوگۆڕی
زانیاریی و هەم لەبواری چاودێریدا.
جەختدەکاتەوە لە هاوکاری
و هەماهەنگی نێوان سوپای تورکیا و هێزەکانی پارتی و دەڵێت: گومانی تێدا نییە
هێزەكانی پارتی یارمەتی سەربازانی توركیا دەدەن، هەروەك لەڕووی لۆجستی یارمەتییان
دەدەن و هەندێكجاریش دەیبینیت شانبەشانی یەكتر دەسوڕێنەوە.
هۆشیار زێباری نایشارێتەوە،
کە ناكۆكی جددییان هەیە لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان و دەڵێت: خۆیان وەكو
بارگرانییەك بەسەر ئێمەدا سەپاندووە.
زێباری ئاماژە بەوەدەکات،
خەڵكی مەدەنیی قوربانی یەکەمی هەر شەڕێکە و بڕوای وایە، مامەڵەی توركیا لەگەڵ
خەڵكی مرۆڤدۆسترە لە مامەڵەی پارتی كرێكارانی كوردستان.
رەتی دەکاتەوە رووبەڕووی
پارتی كرێكاران ببنەوە و رایگەیاندووە، مەگەر ئەوەی دەستدرێژیی بكەنە سەر
بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانمان وەكو ئەوەی بچنە ناو ناوچەی نیشتەجێبوون یان تۆڕی
رێگا سەرەكییەكان یاخود دانانی خاڵی پشكنین و بێزاركردنی خەڵك، ئەمانە هێڵی سورن
لای ئێمە.
هۆشیاری زێباریی
جەختدەکاتەوە، کە هاوکاری هەواڵگریی لەگەڵ تورکیا ناکەین، ئێمە زانیاری هەواڵگریی باشترمان لە توركیا هەیە، پارتی
كرێكارانی كوردستان بەتەواوەتی گۆشەگیربووەو پشت بە قاچاخچییەكان دەبەستێت بۆ
هێنانی خۆراك و پێداویستییەكانی تری وەكو دەرمان، هەندێك كەس هاوكارییان دەكەن،
ئەو كەسانە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.