دەسەڵاتدارانی تەندروستی عێراق داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بۆ خۆپیارێزی کە تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز، سێکسی بێ زیان بکەن
وەزارەتى تەندروستیی عێراق رێنوێنی لەبارەى خۆپارێزى لە ئادیز بڵاودەکاتەوە و یەکێک لە خاڵەکانى پابەندبوونە بە هەڵسوکەوت و پەیوەندیی سێکسیی "بێ زیان."
رێنماییەکانی وەزارەتى تەندروستى عێراق لە رێگەى ماڵپەڕى وەزارەتەکە بڵاوکراوەتەوە کە سێ هەنگاوە، یەکێکیان "پابەندبوونە بە پەیوەندی و هەڵسوکەوتى سێکسیی بێ زیان."
وەزارەتەکە روونکردنەوەی زیاتری نەداوە لەبارەی ئەوەی مەبەستیان لە بێ زیان چییە، بەڵام بەپێی رێنوێنییە تەندروستییەکان، پاراستنی بازنەی پەیوەندیی سێکسی، بەکارهێنانی کۆندۆم و پارێزەرەکانی دیکە لەکاتی سێکسدا، وەکو رێگەیەکی بێ زیان سەیر دەکرێن.
بەکارهێنانى دەرزیی پاککراوە، کەرەستەى پاکژى گواستنەوەى خوێن کە رێگەپێدراوە لە لایەن وەزارەتى تەندروستییەوە، دوو رێنوێنییەکەی دیکەن بۆ خۆپارێزى لەو نەخۆشییە.
لە 38 ساڵى رابردوودا 2638 کەس لە عێراق توشی نەخۆشیى ئایدز بوون، 470 یان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەکان 168 منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان مانگێک بۆ 14 ساڵان بووە، لە دایکیانەوە یان لە رێگەى گواستنەوەى خوێنەوە تووشی ئایدز بوون.
ئایدز نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسی (HIV) تووشی مرۆڤ دەبێت، کە ڤایرۆسەکە هێرش دەکاتە سەر سیستمی بەرگریی مرۆڤ.
27ى كانوونى دووەمى ئەم ساڵ پەرلەمانى عێراق یاسای قەرەبووکردنەوەى تووشبوانى ئایدزى پەسندکرد. بەهۆى ئەو یاسایەوە زیاتر لە 300 کەس لە تووشبووانى ئەو نەخۆشییە یان خانەوادەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە کە لە ساڵى 1986 بەهۆى دەرمانى کۆمپانیایەکى بیانییەوە ئەو ڤایرۆسەیان بۆ گوێزراوەتەوە.
دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.
دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.
ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.
عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".
کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.
دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.