-
یەکەم بەیاننامەی فەرمی ئێران لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست
-
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: دیکتاتۆریی لەهیچ کەس قبوڵ ناکەین
-
ئیسرائیل خۆی بۆ قەرەبوو وەرگرتنەوە لە ئێران ئامادە دەکات
-
بەهێزترین وێستگەی ئەتۆمیی ئێران، خەریکە سروشتی جەنگەکە دەگۆڕێت
-
ئەوروپا لە ترسی بەشداری ئەمریکا و گەورەبوونی شەڕ دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەکات
-
داخستنی گەروی هورمز و کاریگەریی لە ڕوی ئابورییەوە
-
هەرێمی کوردستان رێگەنادات حزبەکانی رۆژهەڵات دژی ئێران جموجوڵ بکەن
-
سوریا خۆی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بێدەنگکردووە
-
کورد، سوننە و بەشێک لە شیعەکان خۆیان لە شەڕ دورەپەرێز دەکەن
-
عێراق سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی دادەنێت
-
بە پشتیوانیکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل حزبەکان داوای "راپەڕین" لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن
-
سەرۆکی ژوری بازرگانیی سلێمانی: هاوردەی خۆراک و شمەک لە ئێرانەوە بەردەوامە
-
سوپای پاسداران کوژرانی حەوت فەرماندەی دیکەی سەربازی ڕاگەیاند
-
بێدەسەڵاتی عێراق بەسەر ئاسمانەکەیدا ئاگری جەنگی ئێران و ئیسرائیلی خۆشترکردووە
-
حاجی قاسم سلێمانی لە شێوەی موشەک بەشداری جەنگی ئێران و ئیسرائیلی کرد
-
ئێران: ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا دەستوەردان بکەن هێرشیان دەکەینە سەر
-
بڕیاری لێخۆشبوونی زیندانیان لە ئێران
-
توانای سەربازی ئێران و ئیسرائیل
-
تا ئێستا ئێران کوژرانی 9 زانای ئەتۆمی پشراستکردوەتەوە
-
یەکەم بەیاننامەی فەرمی ئێران لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست
گشتی2025-06-24
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، یەکەم بەیاننامەی لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە و تیایدا هاتووە: "رایدەگەیەنن کە لەمەودوا هەر دەستدرێژییەک یان هەرەشەیەک... وەڵامی دەبێت".
لە بەیاننامەکەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ئەوە خراوەتەڕوو: "لە ماوەی 12 رۆژی رابردوودا، لە ئەنجامی خوێنی شەڕڤانان و کۆڵنەدانی بێوچانیان، هەموو دەستدرێژییەک لە سەردەمی خۆیدا و بە قەبارەی گونجاو وەڵامی دەدرایەوە".
هەروەها دەڵیت: "بە پشتبەستن بەو هۆشیارییە گەورەیەی ئێوەی گەلی ئێران، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنن کە لەمەودوا هەر دەستدرێژییەک یان هەرەشەیەکی رژێمی زایۆنیستی یان لایەنگرانی بە وەڵامێکی چارەنووسساز و راستەوخۆ بەرەوڕوو دەبێتەوە".
لە بەیاننامەکەدا ئەگەرچی بێ پێچ و پەنا باسی ئەوە نەکراوە کە چوونەتە قۆناغی ئاگربەستەوە لە جەنگەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام دەستخۆشی لەوە دەکات کە هێزەکانیان لەم ماوەیەدا کاری خۆیان ئەنجمداوە و لەمڕۆوە دۆخەکە دەچێتە قۆناغی چاودێرییەوە نەک بەردەوامیی جەنگ.
-
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: دیکتاتۆریی لەهیچ کەس قبوڵ ناکەین
گشتی2025-06-23
مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیانە درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەدات و جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ کەسێک ناتوانێت دیکتاتۆربێت بەسەر ئێران-ەوە کە دەبێ چی بکات یان چی نەکات، کە پابەندین بە پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی".
مەجید تەخت رەوانچی، لە چاوپێکەوتنێکدا روونیکردەوە کە "هێرشەکەی ئەم دواییەی ئەمەریکا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کردە ئامانج کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزراون"، "دەستدرێژی و تاوانێکە" دەبێت کۆمەڵی نێودەوڵەتی ئیدانەی باکات.
ڕەوانچی هەڵسەنگاندنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە، کە تیایدا هاتبوو بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران "بەتەواوی لەناوچووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "تاران بەتەنها لەپێناوی دیالۆگدا لەگەڵ واشنتۆن یان ئیسرائیل بەشداری وتووێژ ناکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی تووشی هێرشی راستەوخۆ بووە".
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە وەڵامی ئێران، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی دووپاتی کردەوە کە "تاران مافی بەرگری لە خۆی هەیە، بە پێی مادەی 51ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان"، هەروەها دەستبداری مافی وڵاتەکەیان نابن بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم. -
ئیسرائیل خۆی بۆ قەرەبوو وەرگرتنەوە لە ئێران ئامادە دەکات
گشتی2025-06-23
11 رۆژە جەنگی ئێران و ئیسرائیل هەڵگیرساوە، زیانی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە، دەیان دامەزاوەی سەربازیی و حکومەیی و باڵەخانەی ئەهلی کراوەتە ئامانج، بەڵام لە ئیسرائیل هەر لە ئێستاوە خەڵک و دەسەڵات خۆی ئامادە دەکات بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبوو لە ئێران.
لە 10 رۆژی یەکەمی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، زیاتر لە 30 هەزار داواکاریی وەرگرتنەوەی قەرەبوو لە ئیسرائیل تۆمارکراون، هەروەها بەپێی ڕێساکانی دەسەڵاتی باج، قەرەبووی ناوەڕۆکی شوقەکانی نیشتەجێبوون دەتوانێت بگاتە نێوان 100 هەزار بۆ 200 هەزار شیکڵ (یەک دۆلار = 3.5 شیکڵ).
قەرەبووکردنەوەکان هەریەک لە (مۆبیلیاتی تێکچوو، کەلوپەلی ناوماڵ، جل و بەرگ و هەندێک جۆری خواردن و خواردنەوە) لەخۆدەگرێت، زیانمەندەکان پێویستە لە ماوەی 14 رۆژدا لە دوای زیانەکانەوە، ڕاپۆرتێکی ورد و فۆتۆکۆپی پێشکەش بکەن، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی پسپۆڕێکی سەربەخۆ.
لە مێژودا چەندین بەسەرهات و چیرۆک هەیە کە ئەوە دەسەلمێنن جووەکان دەستبەرداری مافی خۆیان نابن و تێپەڕبوونی کات ئامانجەکانیان لەبەرچاو وون ناکات، ئەگەر زیانێکیان پیبگات و داوای قەرەبوو بکەنەوە هەر بەدەستی دەهێنن.
قەرەبوو وەرگرتنەوە لە سەدام حسێن
لە ساڵی 1991 لە سەروەختی جەنگی کەنداوی یەکەمدا، 39 موشەکی گرتە ئیسرائیل، کە شارەکانی (تەلئەبیب، بەندەری حەیفا و ناوچە بیابانییەکان)ی کردە ئامانج، دەیان قوربانی لێکەوتەوە، بەڵام ئەوکاتە ئیسرائیل لەسەر داواکاریی ئەمریکا وەڵامی نەدایەوە، بەڵام خەڵک و حکومەت سکاڵایان تۆمارکرد و داوای قەرەبویان لە عێراق کردەوە.لەوکاتەدا ئیسرائیل داوای لە خەڵک و کۆمپانیا و دامەزراوەکان کرد سکاڵا لەسەر عێراق تۆماربکەن، هەروەها حکومەتی ئیسرائیلیش هەموو تواناکانی خۆی خستەکار بۆ وەرگرتنەوە قەرەبوو.
هێشتا سەدام حسێن سەرۆکی عێراق بوو، لەبەرامبەر سوککردنی ئابڵوقەی ئابوری و گەیاندنی خۆراک بە خەڵکی عێراق، هەروەها لە پارەی نەوتی فرۆشراوی عێراق، سەدام ناچارکرا رەزامەندی بنوێنێت بە قەرەبووکردنەوەی کوەیت و ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێ.
لە مانگی ئابی 2001ەوە دەستکرا بە قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاری کوژراوە ئیسرائیلییەکان و 68 کۆمپانیا و 31 کەسایەتی و حکومەتی ئیسرائیلی بە بڕی زیاتر لە 72 ملیۆن دۆلار.
حکومەتی ئیسرائیلی ئەو بڕە پارەیەی وەریگرت بەهاوکاری ئەمریکا تەرخانیکرد بۆ کڕینی سیستمی قەڵغانە موشەکییەکان کە لە سێ ساڵی رابردوودا رۆڵێکی گرنگی هەیە تەقاندنەوەی رۆکێت و درۆن و بۆردومانەکان.
وەرگرتنەوەی زیانەکانی دەسەڵاتی هیتلەر
لە سەردەمی ئەڵمانیای نازیی بە سەرکردایەتی ئەدۆڵف هیتلەر، (لە سەروەرختی جەنگی دووەمی جیهانییدا) جووەکان کۆکوژکران و ملیۆنان سەهیۆنی و سەرمایەداری جوو، خێزانی خستە کەمپە زۆرەملێکانەوە و سەروەت و سامانیان دەستیان بەسەرداگیرا و ئاوارەی وڵاتانی جیهان بوون.رێکخراوە جووەکان و قەوارەی ئیسرائیل، دەستیانکرد بە تۆمارکردنی ورد و درشتی زیانە گیانی و مادییەکان لەسەر دەسەڵات لە ئەڵمانیا و ساڵی 1952 دەوڵەتی ئەڵمانیای رۆژئاوا و ئیسرائیل رێکەوتنی قەرەبووکردنەوەیان واژۆکرد، بۆ قەرەبووکردنەوەی سێ ملیار مارکی ئەڵمانی بۆ ماوەی 12 ساڵ بدرێت بە ئیسرائیل، جگە لەوەی 450 ملیۆن مارک بدرێتە کۆنگرەی جیهانی جوولەکەکان.
هەروەها سەرجەم ئەو خێزانانەی کەسوکاریان کوژرابوون یان بێسەروشوێنکرابوون بە دەستی ئەڵمانیای نازی، تا ئەمڕۆ ساڵانە قەرەبوو لە ئەڵمانیا وەردەگرن.
قەرەبوو وەرگرتن لە ئێران
ئێران لە ساڵی 1979ەوە چەندین جۆری گەمارۆی ئابوری، سیاسی و دیپلۆماسی بەسەردا سەپێنراوە، جار جار توندتر کراوە و لە ساڵی 2022ەوە دۆناڵد ترەمپ، سیاسەتی وشککردنی سەرچاوەکانی دارایی ئێرانی پەیڕەوکردووە و بەتەواوی گەمارۆکانی توندکردەوە، ئەوە دەبێتە سەرەتای چیرۆکی وەرگرتنەوەی قەرەبووەکان، بەتایبەتی ناردنی پارەی تاران بۆ تەلئەبیب.
ئیسرائیل پەلەی نیە
بابەتی وەرگرتنی قەرەبوو لای ئیسرائیل و دامەزراوە و رێکخراوە زایۆنیزمەکان بەشێوەیەکە بەهیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکرێت و بەپێی تێپەڕینی کات لەبیریان ناچێتەوە و چاوەڕێی کاتی گونجاو دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبووەکان.بۆ نمونە بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی سندوقی قەرەبووکردنەوە لە ئیسرائیل، بەرلەوەی جەنگی غەززە هەڵگیرسێت 18 ملیار شیکڵ (دراوی ئیسرائیل) لە سندقەکەدا بووە، بەڵام پاش نزیکەی دوو ساڵ لە هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە، سندوقەکە 20.5 ملیار شیکڵی خەرجکردووە (زیاتر لەوەی کە )، ئەوە لەسەر فەلەستین و ئەو وڵاتانە تۆمار دەکرێت کە لە داهاتوودا دەیانەوێت هاوکاری خەڵکی فەلەستین بکەن، رێگە نادەن هاوکارییەکان جێبەجێبکرێن ئەگەر ئەو پارەیە نەگێڕنەوە.
-
بەهێزترین وێستگەی ئەتۆمیی ئێران، خەریکە سروشتی جەنگەکە دەگۆڕێت
گشتی2025-06-19
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا، راپۆرتێکی پڕزانیاریی لەبارەی وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ-ی ئێران بڵاوکردووەتەوە کە ئێران هێندە وردبین و دوربینانە بونیانراوە تەنانەت بۆمبە زۆر پێشکەوتووەکانی ئیسرائیلیش ناتوانێت تێکیبشکێنێت، لەبەرئەوەی لە قوڵایی و ناخی شاخدا بەشەکانی وێستگەکە هەڵکۆڵراون.
ئیسرائیل ئەوەی بە هاوپەیمانەکانی وتوە، کە ئەو توانای نییە وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ خاپوربکات و لەکاری بخات، بەڵکو ئەو ئۆپەراسیۆنە پێویستی بە فڕۆکەی (B2 – شەبەح) و بۆمبی زۆر بەهێزی 30 هەزار پاوەندییە کە تائێستا ئیسرائیل نەبووەتە خاوەنی ئەو بۆمبە.
ئیسرائیل ئەزمونی ئەوەی هەیە کە لە قوڵایی چەندین مەتردا توانیویەتی حەسەن نەسروڵا، سەرۆکی حیزبوڵای لوبنان بکوژێت، بەڵام نەیتوانیوە دەستی بگات بەو جۆرە بۆمبەی لە قوڵایی دەیان مەتری شاخێکێکدا دەتوانێت حەشارگەیەک بکاتە ئامانج.وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ، دەکەوێتە گوندێکی شاخاویی، کە 47 کیلۆمەتر لە باشوری شاری قوم-ە، ئەو گوندە لە جەنگی ئێران و عیراقدا لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر سەربازی کوژرابوون و رەمزی بەرخودان و بەرگرییە لە ئێراندا، هەر بۆیە ئێران لەو گوندە سێنتریفیوجەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی داناوە لە قوڵایی 500 مەتردا.
تایبەتمەندیی بۆمبەکە
ئەو بۆمبەی لە توانایدا هەیە وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ بپێکێت،بە گشتی بە "بانکەر بوستەر – واتە تەقێنەرەوەی حەشارگە" ناسراوە، چونکە بۆ لەناوبردنی حاشرگە و ژێرزەمینە قووڵەکانی ژێر زەوی، یان چەکی باش پارێزراو لە دامەزراوە زۆر تایبەتەکان دروستکراوە.
بۆمبەکە چەکێکی ئاسمان بە زەوییە و تەنها چەند فڕۆکەیەکی پێشکەوتوو لە جیهاندا دەتوان بیگرنە ئامانجەکان.
بۆمبەکە لاشەیەکی پۆڵایین و زۆر پتەوی هەیە و بڕێکی کەمتر لە تەقەمەنی تێدایە لە چاو بۆمبە هاوقەبارەکانیدا.
قورسایی بۆمبی تەقێنەرەوەی حەشارگە، هاوکاریی ئەوە دەکات بە ئاسانتر بەناو کۆنکرێت و بەرد و خاکدا تێپەڕێت تا ئەوکاتەی دەگاتە ئامانجەکەی
قەبارەکەی - درێژییەکەی 20 پێ-یە و 30 هەزار پاوند قورسە - بەو مانایەیە کە تەنها فڕۆکەی پێشکەوتووی ئەمریکی بی-2 یان فڕۆکەی B52 دەتوانى هەڵیبگرنو بیتەقێنن.
ئیسرائیل توانیویەتی کارەبا لە وێستگەکە ببرێت، کە ئەو بڕە کارەبایەی وێستگەکە کاری پێدەکات بڕێکی زۆرە و لە بەشی رووی زەوی ئامێر و یەکە بەرهەمهێنەرەکانی کارەبا جێگیرکرابوو.
لەئێستادا ئیسرائیل توانیویەتی کارکردن و پیتاندنی یۆرانیۆم لە وێستگەی فۆردۆ زۆر خاوبکاتەوە تا ئاستی راگرتن، هەروەها بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکییەکە، هێزەکانی ئیسرائیل و سیخوڕەکانی بەدوای ڕێگەی دیکەدا دەگەڕێن بۆ لەکارخستنی وێستگەکە، بەتایبەتی، شێواندن و تەقاندنەوەی دەروازەی چوونە ژوورەوەی وێستگەکە.
لە مانگی ئازاری 2023، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاشکرایکرد کە یۆرانیۆمی دۆزیوەتەوە کە تا 83.7٪ لە وێستگەی فۆردۆ پیتێنراوە، ئەوەش زۆر نزیکە لە بڕی پیتێنراو بۆ 90٪ کە بۆ چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنرێت.
ئێران کە واژۆکەری پەیمانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییە، جەختی لەوە کردەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیانە.
ژەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل کە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بووە لە خولی یەکەمی ترەمپدا وتی: "ئێمە ماوەیەکی زۆرە سیاسەتێکمان هەیە کە ئەو چەکانە بۆ ئیسرائیلییەکان دابیننەکەین، چونکە نەماندەویست بەکاریانبهێنن". بەڵکو ئەمریکا بۆمبی حەشارگە تەقێنەرەوە تا ڕادەیەکی زۆر وەکو ڕێگرییەک سەیر دەکرد، سەرمایەیەکی ئاسایشی نیشتمانی تەنها ئەمریکا خاوەنی بوو، بەڵام نەک سامانێک کە ئەگەر بخرێتە بەردەست، ڕەنگە هانی ئیسرائیل بدات شەڕ لەگەڵ ئێران دەستپێبکات.
کاربەدەستانی ئەمریکی دەڵێن ئێستا کە ئیسرائیل باڵادەستی ئاسمانی بەسەر بەشێکی زۆری ئێراندا بەدەستهێناوە، فڕۆکە هێرشبەرەکانی ئیسرائیل دەتوانن بەسەر فۆردۆدا بسووڕێنەوە و لانیکەم بۆ ماوەیەکی کاتی کارپێنەکراوی بکەن، بەڵام لەناوی نەبەن. -
ئەوروپا لە ترسی بەشداری ئەمریکا و گەورەبوونی شەڕ دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەکات
گشتی2025-06-19
ئەورپییەکان ترسی دەستوەردانی ئەمریکیان لە شەڕدا هەیە و لەگەڵ ئێرانییەکان دانوستانی ئەتۆمی ئەنجام دەدەن، ئەمریکا داوای خۆ بەدەستەوەدان لە ئێران دەکات، تارانیش خۆ بە دەستەوەدان رەتدەکاتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئەڵمانییەوە بڵاویکردەوە، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا پلانیان هەیە رۆژی هەینی لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەیان لە جنێڤ دانوستانی ئەتۆمی ئەنجام بدەن.
بڕیارە سەرەتا وەزیرەکان لەگەڵ کاجا کاڵاس دیپلۆماتکاری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئەڵمانیا لە جنێڤ کۆببنەوە و دواتر دیدارێکی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام بدەن.
ئامانجی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەوروپییەکان کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ڕازیکردنی ئێرانە بۆ ئەوەی بە توندی گەرەنتی ئەوە بکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنی بەکاردەهێنێت.
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئامانجی ئەو وڵاتە نەهێشتنی توانای تارانە بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران رەتیدەکاتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی سەربازی بێت.
ئەم دەستپێشخەرییە ئەوروپییە لە کاتێکدایە،. ترسی زیادبوونی ئاڵۆزیییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەوەیش دوای ئەوەی ئیسرائیل لە هەفتەی رابردوودا هێرشی سەربازی بەرفراوانی کردە سەر ئێران و ئێرانیش وەڵامی دایەوە.
ئەوەی وایکردووە، ترسی زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر بێت ئەوەیە، تا ئێستا ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکی رونی بۆ بەشداریکردن و نەکردن لە شەڕەکەدا نییە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەسەر زاری چەند کەسێکی ئاگادار لە گفتوگۆکان رایگەیاند، ترەمپ پلانی هێرشکردنە سەر ئێرانی پەسند کردووە.
ئەو کەسانەی قسەیان بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە رایانگەیاندووە، ترەمپ هەرچەندە پلانەکەی پەسند کردووە، چاوەڕێ دەکات بزانێت تاران واز لە پرۆگرامی ئەتۆمییەکەی دەهێنێت یان نا.
رۆژی 17ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هێرشکردنەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە وتی،"رەنگە بیکەم، رەنگە نەیکەم".
ترەمپ داوای خۆبەدەستەوەدانی بێمەرجی ئێرانی کرد و رایگەیاند، "هەفتەی داهاتوو چارەنووسساز دەبێت. رەنگە کەمتریش لە هەفتەیەک."
ئیسرائیل، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی داوای دەستبەرداربوونی ئێرانیان لە چەکی ئەتۆم کردووە، بەڵام عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران پێشتر رایگەیاندبوو وڵاتەکەی خۆی رادەست ناکات و هۆشداری دا هەر دەستوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
لە رۆژی 13ـی حوزەیرانەوە جەنگی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران بە هێرشی راستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
-
داخستنی گەروی هورمز و کاریگەریی لە ڕوی ئابورییەوە
گشتی2025-06-18
یەکێک لە بژاردەکانی ئێران بۆ هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەیە کە گەروی هورمز بەتەواویی دابخات لەبەردەمی هەموو جموجوڵیکی بازرگانیی و هەناردەکردنی نەوت، ئەوەش وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکا دوچاری تەنگەژەی ئابوریی جدی دەکات.
لێکەوتەیەکی خراپی داخستنی گەروی هورمز، هەڵاوسانی ئابوریی و تێکچونی پەیوەندی دیپلۆماسی ئێرانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو (عومان، سعودییە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەینە، کوەیت و عێراق) و رەنگە روبەری جەنگەکە فراوانتر بکات.
گەروی ھورمز، پانییەکەی 50 کیلۆمەترە، بەڵام تەنها 40 کیلۆمەتری بۆ جموجوڵی بازرگانیی بەکاردەهێنرێت و ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژییە و کەوتوەتە نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات کە کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان زەریای ھیندی دەبەستێتەوە و پینجیەکی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لەم نۆکەندەوە تێدەپەڕێت.
بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو بە (ئەن کلۆس)، کە لە ساڵانی 1973 تا 1982 هاتوەتە ئاراوە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی تێپەڕبونیان بەم گەروەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە.
جگە لەو ڕێککەوتننامەیە، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئێران و عومان بۆ بەڕێوەبردنی گەروی هورمز هەیە، هەروەها ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو کە لە ساڵی 1981 دامەزراوە بارەگاکەی لە ڕیازی پایتەختی سعودییە و ئەنجومەنەکە هەریەک لە کوەیت، بەحرەین و عومان، قەتەر، سعودییە، ئیمارات لە خۆدەگرێت هەماهەنگی بۆ سیاسەتی دەریایی و وەزە لە گەروی هورمز دەکەن.
گەرووەکە بەناوی دورگەی هورمزەوە ناونراوە کە دورگەیەکی بچوکە و دەکەوێتی سنوری ئاوی ئێرانەوە و سەر بە پارێزگای هورمزگانە و روبەری دورگەکە 42 کیلۆمەترە و سێ هەزار کەس لێی نیشتەجێن.
شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیکی و چاودێرانی نێودەوڵەتی، پێیان وایە ئێران هەم لە ڕوی سەربازی و هەمیش لە ڕوی جوگرافییەوە توانای داخستنی گەروەکەی هەیە.
لە ئەگەری داخستنی گەروەکە، سعودییە، ئیمارات و عێراق چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداو زیانی گەورەی ئابورییان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەش دەبێتە هۆی بەزربوونەوەی نرخی کاڵا و زیادبونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای وڵاتانی ھاوردەکار.
ئێران دەتوانێت لەڕێگەی، هەردو دورگەی لارک و هێنگامی سەر بە پارێزگای هورمزگان، گەروەکە دابخات، چونکە ئەو دورگانە باڵادەستن بەسەر ڕێڕەوی کەشتیوانیی لە گەروەکەدا.
هەڵکەوتەی جوگرافی دورگەکانی لارک و هێنگامی لە دەیان ساڵی ڕابردودا ڕۆڵی هەبووە لە چاودێرییکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی، بۆیە لەم دوو شوێنەوە ئێران دەتوانێت بە بەکارهێنانی بەلەمی بچوک یان بەکارهێنانی مینی دەریایی، یان هەڵدانی موشەک، ڕێگای هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.
هەرچەندە هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا، ژمارەیەک وڵاتی دیکە لە چوار چێوەیەکی هاوپەیمانێتییەکدا هێزیان لە چەند شوێنێکی گەروی هورمز جێگیرکردوە و بۆ چاودێری و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن، بەڵام هێشتا ئێران مەترسییەکی جدییە لەسەر گەروەکە، چونکە لە ڕابردودا وەک کارتی فشار دژی گەمارۆ ئابورییەکانی، تاران بە شێوەی کاتی دەستی بەسەر چەندین کەشتی بازرگانیدا گرتوە.
داخستنی گەروی هورمز کاریگەریی ئابوریی گەورەی دەبێت لەسەر هەناردەکردنی نەوتی، سعودییە، ئیمارات و عێراق و کوەیت، چونکە، هێڵی ترانزێتی نەوتی جیهانە، هاوکات وڵاتانی هاوردەکار، چین، ژاپۆن، کۆریای باشور و ئەوروپاش زیانیان بەردەکەوێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەی غازی شلی قەتەرە بۆ جیهان، بڕی ئەو نەوتەی ڕۆژانە بە گەروەکەدا تێدەپەڕیت 20 ملیۆن بەرمیلە، لە 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، قەبارەی ساڵانەی بازرگانی گەروی هورمز ساڵانە 687 ملیار دۆلارە.
بەهۆی ئەوەی ئابوریی عێراق بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت زیانمەندی یەکەمی داخستنی گەروی هورمزە و، دەبێت بە ناچاری ڕوبکاتە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری هەرێم بۆ بەندەری جەیهان و توانای بۆرییەکەش سنوردارە و تەنها دەتوانێت ڕۆژانە دەوروبەری ملیۆنێک بەرمیل نەوت بگوازتەوە.
دوای داخستنی گەروەکە، لە یەکەم قۆناغدا بازاڕەکانی بۆرسەی وڵاتان توشی شڵەژان و ناجێگیری دەبنەوە و هەڵاوسان دروست دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخ.
لەم حاڵەتەشدا ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان سودی نەبێت بۆ کردنەوەی گەروەکە، بژاردەی سەربازی و جوڵە پێکردنی هێز دەبێتە بژاردەیەکی ناچاری و دەستوەردانی ئەمریکا و و وڵاتانی ڕۆژئاوا.
گەروی هورمز ڕێگەیەکی هاوبەشی دەریایی ستراتییژییە لە جیهاندا، لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، چەندین جار میدیاکان باسیان لەوەکردوە ئێران هەڕەشەی داخستنی دەکات. -
هەرێمی کوردستان رێگەنادات حزبەکانی رۆژهەڵات دژی ئێران جموجوڵ بکەن
گشتی2025-06-18
هەرێمی کوردستان دڵنیایی بە ئێران دەدات کە لە سنورە هاوبەشەکانیانەوە هێرشی ناکرێتە سەر، ئەوەیش وەک ئاماژەیەک بۆ رێگەگرتن لە هەر چالاکییەکی حزبەکانی رۆژهەڵات دژ بە ئێران.
هەرێمی کوردستان کە سنورێکی فراوانی هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە، بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ شەڕی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل دەکات تا پریشکی ئاگری بەر نەکەوێت.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو پەیامی جیاواز دڵنیاییان بە ئێران داوە، کە لە هەرێمی کوردستانەوە هێرشی ناکرێتە سەر.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ ئێران رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامیی وسەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هیچ لایەنێک .
دڵنیایی دانی هەرێمی کوردستان بە ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە ماوەی رابردوو هەرێمی کوردستان ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵ ئێران بەڕێکردووە، چەند جارێک کەوتوەتە بەر هێرشی راستەوخۆی ئەو وڵاتە.
دوایین هێرشی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەوی 15ـی کانوونی دووەمی 2024 بوو، ماڵی پێشڕەو دزەیی بازرگانی ناودار لە شاری هەولێر بە چەند موشەکێکی بالیستی کرایە ئامانج.
هێرشەکەی ئێران قوربانی لێکەوتەوە، بەهۆیەوە 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 6 کەسی دیکەش برینداربوون، بیانووی ئێران بۆ لێدان لە هەولێر بوونی چەند بنکە و بارەگایەکی مۆسادی ئیسرائیلی بوو لە خاکی هەرێمدا.
پێشتریش لە ساڵی 2022، بە هەمان شێوە ئێران ماڵی شێخ باز بەرزنجی بە ئامانج گرت، کە یەکێک بوو لە بازرگانە ناودارەکانی بواری نەوت و وزە لە هەرێمی کوردستان.
حزبەکانی رۆژهەڵاتیش لە هەرێمی کوردستان لە هێرشی ئێران بێبەش نەبوون، ساڵی 2018 هێرشی مووشەکیی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە نزیک کۆیە ئەنجامدرا، کە ژمارەیەک لە ئەندام و رێبەری ئەو حیزبە گیانیان لەدەستدا.
ساڵی 2023ـش سوپای پاسداران هێرشێکی مووشەکی بەربڵاوی کردە سەر بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک کۆیە، هەولێر و سلێمانی.
هەرێمی کوردستان دوای ئەم هێرشانە پێداچوونەوەیەکی زۆری بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا کرد، نیگەرانییەکانی ئەو وڵاتەی رەواندەوە و رێککەوتنێکی ئەمنی هاوبەشیشی لەگەڵ تاران و بەغداد واژۆکرد.
رێککەوتنەکە تایبەت بوو بە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە دواتر بە چەککردن و کەمپنیشینکردنی ئەو حزبانە کۆتاییهات.
رۆژی 9ـی تشرینی دووەمی 2024، مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان، یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتەکەی وەک سەرۆک کۆمار بۆ عێراق و شارەکانی هەولێر و سلێمانی ئەنجامدا.
پزیشكیان بە زمانی کوردی لە هەولێر و بەغداوە، بەڵێنی بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا، هەر بۆیەش لە دوو هێرشێ راستەوخۆی تاران بۆ سەر تەلئەڤیڤ هیچ پریشکێکی ئاگر بەر هەرێمی کوردستان نەکەوت.
دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و ئێران لە 13ـی حوزەیرانی 2025، حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راستەوخۆ پشتیوانی هێرشەکانی ئیسرائیلیان کرد.
هەڵوێستی حزبەکانی رۆژهەڵات ترسی دروستکرد، هەر بۆیە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ پەیوەندی بە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە کرد و دڵنیایی پێدا.
بەپێی ئاژانسی تەنسیم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بارودۆخی نائاسایی ئێستا وا دەخوازێت حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بە تەواوی جێبەجێ بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە خراپ بەکارهێنانێک بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچە سنورییەکان.
دڵنیایییەکەی نێچێرڤان بارزانی بەو ئاڕاستەیە بوو، کە هەرێمی کوردستان رێگە نادات ئەو حزبانە ببنە مەترسی و لە هەرێمی کوردستانەوە هێرش ناکرێتە سەر ئێران. -
سوریا خۆی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بێدەنگکردووە
گشتی2025-06-17
سەردەمانێک سوریا بەهێزترین هاوپەیمانی ئێران بوو، بەڵام لە ئێستادا حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە بە ئاشکرا پشتیوانی ئێران رەتدەکاتەوە و بەڵێنیشی داوە رێگە نەدات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاربهێنرێت.
دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشە چاوەڕوان نەکراوەکەی تەلئەڤیڤ بۆ سەر تاران، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی هەرچەندە بەشێکیان دۆستی ئێرانیش نین، ئیدانەی هێرشەکەیان کرد.
لەنێوان شەپۆلی ئیدانە و سەرکۆنەی وڵاتانی عەرەبی، یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی ناوچەکە، کە پێشتر هاوپەیمانی نزیکی ئێران بوو، بێدەنگی هەڵبژاردوە و تەنانەت بە بەیاننامەیەکیش ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئێرانی نەکرد، ئەویش سوریایە.
هۆکاری بێدەنگی سوریا بۆ ئەو گۆڕانە جیۆپۆلەتیکییە سیاسییانە دەگەڕێتەوە کە لە دوای هاتنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سوریا رویداوە و چیتر دیمەشق دۆستە دێرینەکەی جارانی تاران نییە.
رۆژگارێک، بریکارەکانی ئێران لە رۆژهەڵات تا رۆژئاوای سوریا چالاکییان دژی ئیسرائیل ئەنجامدەدا، بەڵام لەدوای دەستبەکاربونی، حکومەتی نوێ؛ ئەحمەد شەرع بە ئاشکرا رایگەیاندووە، چیدیکە بریکارەکانی ئێران پێشوازیان لێناکرێت و رێگەش نادەن خاکی سوریا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاربهێنن.
بەپێی رۆنامەی نیۆرک تایمزی ئەمریکی، بەڵێنەکەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی راگوزەری سوریا، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی رۆژئاوا و ناڕەزاییە لە دژی هاوکارییەکانی ئێران بۆ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، دژی ئەو گروپانەی لەسەردەمی حکومی رژێمی بەعس خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەناساند.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە دەرفەت بۆ حکومەتی نوێی سوریا لێکدەدرێتەوە، بۆ سەلماندنی بەڵێنەکانیان و بەدەستهێنانی پشگیری رۆژئاوا، کە شەرع بە هەموو توانایەوە کاری بۆ دەکات.
ئیبراهیم ئەسیل، کە هاوکارێکی پەیمانگای واشنتۆنە بۆ توێژینەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە نیۆرک تایمزی وتوە، بێدەنگی سوریا ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا کە دیمەشق ئیتر بەشێک نییە لە بەرەی مەقاوەمە و خاکەکەی لەلایەن هیچ هێزێکی ناوچەییەوە بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بەکارناهێنرێت.
ئیدارەی نوێی سوریا لە دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە جۆرێک لە کرانەوەی بە روی ئیسرائیل نیشانداوە، لە هەفتەکانی رابردودا ئەحمەد شەرع گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ بەرپرسانی تەلئەڤیڤ لەبارەی دۆسیە ئەمنییەکانی تایبەت بە هەردو وڵات کردوە.
ئیسرائیل لە دوای شەڕی ساڵی 1967 بەشێک لە بەرزاییەکانی جۆلانی سوریای کۆنترۆڵکردووە، دوای لابردنی حکومەتی ئەسەدیش، هێزی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردوە و سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکان و کۆگاکانی چەک لە سوریا ئەنجامداوە، ئەوەیش بە ئامانجی ئەوەی باشوری سوریا نەکەوێتە دەست گروپە توندڕەوەکان.
لە ئێستادا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا کەمبونەتەوە، ئەمریکاش داوای لە ئیدارەی نوێی سوریا کردوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل پەرەپێبدەن و ئاسایی بکەنەوە، بێدەنگی سوریاش هەر لەو چوارچێوەیەدا دەبنێرێت.
-
کورد، سوننە و بەشێک لە شیعەکان خۆیان لە شەڕ دورەپەرێز دەکەن
گشتی2025-06-16
تائێستا تەنها یەک پەرلەمانتاری کورد خۆی بۆ ئەو نیشتنەی پەرلەمانی عێراق یەکلایی کردووەتەوە کە رێکدەخرێت دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئەوەش هەمان دۆخە کە هێزە سونییەکانی تێکەوتووە و بەشێک لە شیعەکانیش نایانەوێت عێراق لەو جەنگە تێوەگلێت.
زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکان بە گومانن و ترسیش هەیە، تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە ئاسمانی بەغدا.
زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق تائێستا خۆیان یەکلایی نەکردوەتەوە کە رۆژی سێشەممە بچنە دانیشتنی پەرلەمانەوە کە رێکدەخرێت بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی سەروەری ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
دیجیتاڵ میدیای مایک قسەی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ و یەکگرتوو کردووە، ئەوان چاودێرن و دەیانەوێت بەپێی دۆخەکە بڕیارێکی گونجاو بدەن.
بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان خواستی تەواونەبوونی رێژەیی یاسایی ئامادەبوانیان هەیە، تا لەو رێگەیەوە ئەوانیش خۆیان لە "شەرمەزاری" رایگشتی بپارێزن.
سۆران عومەر کە تاکە ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە، هەروەها تاکە پەرلەمانتاری کوردیشە کە خۆی بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەکە یەکلایی کردوەتەوە.
یەکێک لە پاساوەکانی پەرلەمانتارە کوردەکان ئەوەیە، کە هەتا کێشەی موچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت، ئەوان ئامادەنابن بەشداریی هیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.
هاوشێوەی کورد، زۆرینەی سوننەکانیش بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکەن، تائێستا خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق یەکلایی نەکردەتەوە.
تەنانەت شیعەکانیش یەکدەنگ نین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی هاتووەتەپيشەوە و موقتەدا سەدر رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند، دۆخی عێراق چیتر بەرگەی ماڵوێرانییەکی دیکە ناگرێت و داوایکرد هەندێک دەنگی نەشاز لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی عێراق بێدەنگ بکرێن.
دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داخوازیی و یاداشتی 55 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعییەکانە، کە دژی پێشلکردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووە، لەسەر ئەو بنەمایە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 17 ئەم مانگەی بۆ کۆبونەوە دیارییکردووە.
شیعەکان کە هاوسۆزی ئێرانن، پشتیوانی خۆیان بۆ تاران دوپاتکردووەتەوە، بەڵام تائێستا کورد و سوننە هەوڵی خۆ بە دورگرتنیان لە لایەنگری داوە، تەنها بەشێک لە لایەنە کوردییەکان لە رێگەی بەیاننامەوە ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان کردووە.
هەرچەندە حکومەتی عێراق لەڕێگەی کەناڵە جیاجیاکانییەوە، هەمو هەوڵێک دەدات بۆ دورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران، بەڵام بەشێک لە چاودێران ترسییان هەیە تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە خاکی بەغدا.
ئەوەی وایکردووە، ئەو بۆچوونە زاڵ بێت، نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان دەکرێت فراکسیۆنە شیعییەکان بە سود وەرگرتن لە کات بۆ کۆکردنەوەی دەنگ هەوڵی جوڵاندنی سۆزی شەقام بدەن.
خوێندنەوەکان بەو ئاڕاستەیەن هەر جوڵەیەکی راستەوخۆ بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل رەنگە دەرئەنجامەکەی لە بەرژوەندی عێراق نەبێت، دەکرێت ئەنجامەکانی کۆبونەوەکەی پەرلەمان لە کاتێکی وا هەستیاردا ئاستی مەترسییەکان لەسەر عێراق زیاتر بکەن.
ئیسرائیل خواستی پەلهاویشتنی بۆ عێراق هەیە، بەڵام ئەوەی رێگرە لە بەردەمیدا هەڵوێستی ئەمریکا و بێدەنگی گروپە چەکدارەکانە، بۆیە هەر کات گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت رەنگە بێ دوو دڵی هێرش بکات.
زۆرن ئەوانەی پێیانوایە عێراق لەم دۆخەی ئێستادا هیچی پێناکرێت و خۆ بە دورگرتن باشترین بژاردەیە، چونکە دۆخی ئەمنی، سیاسیی و ئابوریی عێراق لە ئاستێکدا نییە بەرگەی جەنگێکی دیکەی ماڵوێرانکەر بگرێت و عێراق ئابووریەکی خراپیشی هەیە و ئەگەر کێڵگەکانی نەوت و ژێرخانی ئابوری بکرێتە ئامانج، هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتی نییە بتوانێت دەوڵەتی پێ بەڕێوەبەرێت.
-
عێراق سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی دادەنێت
گشتی2025-06-16
لەگەڵ پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران و بەرزبونەوەی ئاستی مەترسییەکان، عێراق دەستیکردوە بە جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە دەوری کێڵگە نەوتییە ستراتیژییەکانی لە باشوری وڵاتەکەی.
لە لێدوانێکدا بۆ میدیا ناوخۆییەکانی عێراق، ئەحمەد تەمیمی، شارەزای بواری ئەمنی ڕاگەیاند، حکومەت هەنگاوی جددی دەنێت بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی سروشتی، لەڕێگەی دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێشکەوتوی دروستکراوی ڕوسیا.
کێڵگە نەوتییەکان بڕبڕەی پشتی ئابوریی عێراقن و لە %90 داهاتی عێراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە پاراستنی کێڵگەکان پێویستییەکی نیشتمانی و گرنگە.
دەست گەیشتنی گروپە چەکدارە جۆراوجۆرەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەندێک جۆری چەکی پێشکەوتوو، هەمیشە مەترسییە بۆ سەر بەرژەوەندییە ستراتیژییە ئابورییەکانی عێراق و ناوەندە دیبلۆماسییەکان، بۆیە شارەزایان بەردەوام هۆشداریی لە سنوردارکردنی توانای گروپەکان دەدەن و بە مەترسی بۆسەر ئابوری و ئاسایشی وڵاتیان دەزانن.
ئەو شارەزا ئەمنییە، جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی کێڵە نەوتییەکان، بەسەرەتایەکی گرنگ ناودەبات و دەشڵێت، ئەو هەنگاوە پێویستی بە پەرەپێدان و دروستکردنی ئەڵقەی پارێزەرە لە دەوری کێڵگەکان.
لەگەڵ بەرزبونەوەی ئاستی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی و ناوچەییەکان، هەڵکشانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و مەترسی تێوەگلانی عێراق لە شەڕەکە، پێویستە عێراقیش بیر لە پاراستنی ناوەندە گرنگە ئابورییەکانی بکاتەوە.
هەرهێرشێک بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان عێراق، لەلایەن گروپە پڕۆکسییەکان یان ئیسرائیل بۆسەر گروپەکان بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لە تەلئەڤیڤی دەکەن، عێراق ڕوبەڕوی قەیرانی ئابوری و دارایی قوڵ دەبێتەوە. -
بە پشتیوانیکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل حزبەکان داوای "راپەڕین" لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن
گشتی2025-06-15
حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەن و دەیانەوێت بە " یەکگرتوو"ـیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان "راپەرین" بکەن.
حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێنن، تەنها وەک تەماشاکار لە روداوەکانی ئێرانن دەڕوانن، بەڵام خواستیانە کاریگەری لەسەر شەقامی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکەن.
حزبەکان، تەنها لە رێگەی راگەیاندراوەوە هەڵوێستی خۆیان لەسەر روداوەکان دەربریووە، کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان داوای لە حزبەکان رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە،" دوور لە هەر جۆرە کێشە و جیاوازییەک، بە ئەرکی خۆیان هەستنەوەو پلان و بەرنامەی هاوبەش و گونجاویان هەبێ تا بە کۆدەنگی و یەکگرتووانە بزاڤی خەڵکی کوردستان رێبەری بکەن".
کۆمەڵەکە داوای پێکهێنانی "کومیتەی بەرێوەبەریی هاوبەشی" لە نێوان حزبەکان رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، ئەوەیش بە ئامانجی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک و تێپەڕاندنی قۆناغەکە.
پارتی ئازادی کوردستان(پاک) کە راستەوخۆ پشتیوانی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەربڕیووە، داواشی لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، "راپەڕین" بکەن.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران، خستەوەتە ئەستۆی ئێران و رایگەیاندووە، "بەرپرسیاری هەموو قەیرانەکانی ئێستا و ئەو دۆخەیە بەسەر وڵاتدا سەپاوە".
حیزبی دیموکرات وەک پشتیوانییەک بۆ هێرشەکان باسی لەوەکردوە، ئەمە شەڕی گەلانی ئێران نییە، بەڵکو "شەڕی دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامییە".پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) کە خۆی بە بەشێک لە باوەڕی عەبدوڵڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە دەزانێت و تاکە حزبی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە کەمپ نیشین نەبووە، ناڕاستەوخۆ پشتیوانی هێرشەکانی ئیسرائیلی کردووە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بە ڕەخنەگرتن لە دۆخی ناوخۆیی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە،" هێرشەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی بەتەواوی مەترسی و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ڕژێمەکە کۆتایی پێدێت.
باسی لەوەشکردووە، "دەربڕینی خۆشحاڵی گەلی ئێران بۆ لاوازبوونی ئەو جۆرە دەسەڵاتە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی ئێرانی هەموو هیواکانیان لەسەر ئەنجامی شەڕێکی لەو شێوەیە هەڵچنیوە".
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ئامادەیی خۆی بۆ " بەرگریکردن لە گەل و گەلانی دیکەی ئێران لە بەرامبەر هەر جۆرە سەرکوتکردن و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی" نیشانداوە، داوای دروستکردنی رێکخستنی لەناو هاوڵاتییاندا کردووە.
هەڵوێستی نوێی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت، هەرێمی کوردستان بخاتە بەر هێرشی ئێرانەوە، هەر بۆیەش بەشێک لە حزبەکان ئەو کەمپانەیان چۆڵکردووە کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنی هەولێر، تاران و بەغدا بۆیان دابینکراوە.
بەرەبەیانی 13ـی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و چەندین شوێنی کردە ئامانج، هەروەها چەند بەرپرسێکی سەربازی ئێرانی کوشت، لەو کاتەوە پێکدادانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە.
ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"ی راگەیاند، بە چەند قۆناخ و بە دەیان مووشەک و درۆن هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل، تا ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن.
-
سەرۆکی ژوری بازرگانیی سلێمانی: هاوردەی خۆراک و شمەک لە ئێرانەوە بەردەوامە
گشتی2025-06-15
سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دڵنیایی بە هاوڵاتییان دەدات هیچ گرفتێکیان لە هاوردەی خۆراک و شمەک لە ئێرانەوە نییەوە و لە ئێستاشدا بەشی شەش مانگ خۆراکی کۆگاکراویان هەیە.
نەوزاد غەفور ڕەباتی، سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەبارەی ئەو نیگەرانیانەی بەهۆی شەڕی ئیسرائیل- ئێران لەسەر خۆراک و شمەک دروستبوە، بە دیجیتاڵ میدیای MICـی ڕاگەیاند، "تائێستا هیچ گرفتێک بۆ هاوردەی کاڵا و شمەک لە ئێرانەوە دروستنەبووە و هاوردە وەک پێشتر بەردەوامە".
دڵنیایشی بە هاونیشتمانیاندا، بەشی شەش مانگ خۆراک و شمەک لە کۆگاکانیاندا عەمبارکراوە و هیچ مەترسییەکی کەمی خۆراک لە ئارادا نییە.
جەختی لەوەشکردەوە، پێویستناکات هاوڵاتییان نیگەرانبن و خۆراک و پێویستی زیادە بکڕن، چونکە بۆ خۆراک و کاڵای ئێرانی بەدیلی دیکەیان هەیە وەک تورکیا، چین، هیند و ئوردن و سوریا و چەندین وڵاتی دیکە.
بەشێک لە هاوڵاتییان نیگەرانن لەوەی بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیل هاوردەی خۆراک و شمەک لە ئێرانەوە ڕابگیرێت و نرخی خۆراک و شمەک بەرزببێتەوە.
نزیکەی لە %15ـی خۆراک و شمەکی هەرێمی کوردستان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، وەک سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وتی،" ئەگەر ئەوە رابگیرێت کاریگەریی دەبیت بەلام هیچ جێگەی مەترسی نییە".
ساڵانە هەرێمی کوردستان بە بەهای پێنج بۆ شەش ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە و بەشێک لەوەش بۆ عێراق دەچێت و هەمووی هی هەرێمی کوردستان نییە.
-
سوپای پاسداران کوژرانی حەوت فەرماندەی دیکەی سەربازی ڕاگەیاند
گشتی2025-06-15
سوپای پاسداران ڕایگەیاند، حەوت فەرماندەی سەربازی دیکەیان کە سەر بە هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیانە لە هێرشەکەی ڕۆژی هەیینی ئیسرائیل کوژران.
لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپای پاسدارانی ئێران، کوژرانی حەوت فەرماندەی دیکەی سەربازی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، کە سەر بە هێزی ئاسمانی ئێرانن و ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو فەرماندانە لەگەڵ ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران کوژراون.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی سوپای پاسداران، ئەو فەرماندانە لە یەکەم هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر هێزی ئاسمانی ئێران لە ڕۆژی هەیینی ڕابردو کوژراون.
هەر بە پێی ڕاگەیاندراوەکە فەرماندە کوژراوەکان پێکهاتون، لە هەریەکە لە مەحمود باقری، داود شێخان، محەمەد باقر تاهیرپور، مەنسور سەفەرپور، مەسعود تەبیب، خەسرەو حسێنی و جەواد جەرسارا.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەیینی ئیسرائیل هێرشێکی فەراوانی کردە سەر ناوەندە ئەتۆمی و فەرماندە سەربازیی و پێگە گرنگە سەربازییەکانی ئێران و بەهۆیەوە چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کوژران.
-
بێدەسەڵاتی عێراق بەسەر ئاسمانەکەیدا ئاگری جەنگی ئێران و ئیسرائیلی خۆشترکردووە
گشتی2025-06-15
جارێکی تر لەگەڵ هێرشی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر و بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق، پێشلکردنی ئاسمان و سەروەری عێراق بوەوە ڕۆژەڤی میدیاکان.
لەدوای هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 و ڕوخانی ڕژێمی بەعس، عێراق باڵادەستی بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەی لەدەستداوە و بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن وڵاتانی هەرێمایەتییەوە ئاسمانی عێراق بەکاردەهێندرێت و پێشلی سەروەرییەکەی دەکرێت.
هەروەها بەهۆی داگیرکردن و شەڕی کوێت کە بە (جەنگی کەنداو) ناسراوە، لە ساڵی 1990 عێراق کەوتە بەر سزاکانی بەندی (7)-ی نەتەوە یەکگرتوەکان.
هەرچەندە لەدوای دەستبەکاربونی نوری مالیکی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان ناوبراو ئەمریکا کرا بۆ پاراستنی سیادە و سەروەری عیراق، بەڵام عێراق هیچکات نەیتوانیوە باڵادەستی بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەی بگێڕێتەوەدەست.
ڕوداو و مملانێ سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق و دەستدوەردانە هەرێمایەتییەکان، یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کە عێراق نەیتوانیوە بە جددی کار بۆ گێڕانەوەی سەروەری ئاسمانەکەی بکات.
هەرچەندە لە 27/6/2013 نەتەوە یەکگرتوەکان لە ماڵەپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری 2107 دەرکرد و کە بەپێی بڕیارەکە عێراق لە ژێر بەندی حەوت ڕزگاری بووە، بەڵام بەهۆی لاوازی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، نەتوانراوە لە نەتەوە یەکگرتوەکان کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکرێت، کە بەتەواوەتی دەبێتە هۆی گێڕانەوەی باڵادەستی عێراق بەسەر ئاسمانەکەیدا و ڕێگری لە پێشلکردنی سەروەرییەکەی لەلایەن وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت تورکیا و ئێران بکرێت.
بەندی (7) یەكێكە لە بەندەكانی پەیماننامەى نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایش پابەند دەكات كە دەستبەكاربیت بۆ بەكارهێنانی هێزی نێو دەوڵەتی (هێزی سەربازی) بۆ تەمێكردن و سەركوتكردنی ئەو وڵات و كیانانەی مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان دروست دەكەن، وەك بەكارهینانی هێزی سەربازی بۆ دەستێوەردان و چارەسەری كێشە نێودەوڵەتییەكان، وەک ئەوەی لە هایتی، لیبیریا، ئەفغانستان، عێراق وهەندێک وڵاتی دیکە پیادە كرا.
لەدوای ڕوداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 و هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئێسرائیل و ئێران، جاریکی دیکە بە بێ گوێدانە سەروەری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان ئاسمانی عێراق لەلایەن تەلئەبیب و تاران بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر پێشلکرایەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتری و بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق، جارێکی دیکە پێشلکردنی ئاسمانی عێراق بوەوە رۆژەڤی میدیا ناوخۆی و ناوچەیی و جیهانییەکان.
هەرچەندە حکومەتی عێراق لە لێدوان و بەیاننامەکانیدا داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات فشار بخاتە سەر ئێران و ئیسرائیل کە ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر بەکارنەهێنن، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی و جددی تائێستا عێراق کاری لەسەر ئەو پرسە نەکردووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەڵامی یەکلاکەرەوەیان نەبووە.
ئێران و ئیسرائیل کە دوو دەوڵەتی دراوسێ نین و هاوسنور نین، رەنگە یەکێک لە پاساوەکانی گەرمبوونی جەنگی نێوانیان ئەو کەلێنە بێت کە لە سەروەریی ئاسمانی عێراقدا هەیە و بە رۆکێت، درۆن و فڕۆکەی جەنگیی ئاگری چەکەکانیان دەگەیەننە سەر خاکی یەکتری.
هەڵگیرسانی جەنگەکە، ئاسمانی عێراقی داخستووە بەڕووی هاتوچۆی جیهانیی فڕۆکە مەدەنییەکان و سەرجەم فڕۆکەخانەکان داخراون و زیانی زۆر گەورە بەر ئابوریی وڵاتەکە کەوتووە و لەهەموو کاتێک زیاتر مەترسیی تێوەگلانی عێراق هەیە لەو جەنگەدا.
لەبارەی گێڕانەوەی سەروەری ئاسمانی عێراق، هیوا سەید سەلیم، چاودێری سیاسیی، بە مایک میدیای ڕاگەیاند: ئەگەر حکومەتی عێراق بەجددی کاری بۆ بکات، دەتوانێت لە نەتەوە یەکگرتوەکان فشار بکات و بەتەواوی سیادەی وڵاتەکەی بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ئاسمانەکەی لە بەکارهێنان لەلایەن وڵاتان بپارێزێت و بەر بە پێشلکارییەکان بگرێت. -
حاجی قاسم سلێمانی لە شێوەی موشەک بەشداری جەنگی ئێران و ئیسرائیلی کرد
گشتی2025-06-15
دەزگای هەواڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەی تایبەت، ئەوەی ساغکردووەتەوە کە شەوی رابردوو، موشەکی بالیستی حاجی قاسم سلێمانی لە ئێرانەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کراوە و ئامانجەکانی پێکاوە.
ئاژانسی هەواڵی فارس-ی ئێران، شەوی رابردوو توانراوە چەند موشەکێکی بالیستی حاجی قاسم سلێمانی لەگەڵ شەپۆلێک موشەک و درۆنی دیکە ئاڕاستەی شارەکانی ئیسرائیل بکرێت و ئامانجەکەی بپێکێت.
حاجی قاسم سلێمانی، یەکەم سەرکردە و فەرماندەی سوپای قودسی ئێران بوو، کە یەکێک لە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانە، لە 3/1/2020 لە فڕۆکەخانەی بەغداد لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرکردەی باڵای حەشدی شەعبی لە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکادا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کوژران.
رۆژی 30ی ئابی 2023، بۆ یەکەمجار ئێران موشەکی حاجی قاسمی ئاشکراکرد، لەوبارەیەوە رەزا تەڵائی نیک، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاشکرایکرد، وڵاتەکەیان ئەو موشەکە بالیستییە پێشکەوتووەی بەتایبەت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دروستکردووە.
موشەکی بالیستی حاجی قاسم، لەلایەن ڕێکخراوی پیشەسازی فڕۆکەوانی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئێران دروستکراوە، توانای پێکانی ئامانجەکانی هەیە لە دوریی 1400 کیلۆمەتر و کێشی 7 تەنە و توانای هەڵگرتنی 500 کیلۆگرام تەقەمەنی هەیە. دەتوانێت بە خێرایی 12 ماخ تێپەڕێت و بە خێرایی 6 ماخ ئامانجەکانی بپێکێت، ئەوەش زۆر بە سەختیی لە سیستمەکانی قەڵغانی موشەکی ئیسرائیلەوە رێگەی لێدەگیرێت. -
ئێران: ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا دەستوەردان بکەن هێرشیان دەکەینە سەر
گشتی2025-06-14
ئاژانسی میهر لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵایکردەوە، تاران هۆشداریی داوەتە ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا تا دەستوەردان لە شەڕەکەی لەگەڵ ئیسرائیل نەکەن.
بەپێی ئاژانسە فارسییەکە، ئێران هۆشداری داوە ئەگەر ئەو وڵاتانە هاوکاری ئیسرائیل بکەن هێرش دەکاتە سەر تەواوی بنکە سەربازیی و کەشتییەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران دەست بە هێرشێکی فراوان دەکات دژی ئیسرائیل، هەر وڵاتێک بەشداریی بکات لەڕێگرییی کردن لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دەبنە ئامانجی هێزەکانیان.
ئێران بە ڕونی لە هۆشدارییەکەیدا ئەوەی راگەیاندووە، لە ئەگەری دەستوەردان تەواوی بنکە سەربازییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکە و وڵاتانی کەنداو، هەروەها کەشتی لە کەنداو و دەریای سوور بە ئامانج دەگرن.
-
بڕیاری لێخۆشبوونی زیندانیان لە ئێران
گشتی2025-06-14
ئاژانسی هەواڵی فەرمانی ئێران ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ، شەممە، ئایەتوڵا خامنەئی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بڕیارێکی پەسەندکردووە بۆ لێخۆشبوون لە دەیان زیندانیی لە وڵاتەکەدا.
بڕیاری لێخۆشبوونەکە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی جەژنی غەدیر و داخوازیی دەزگای قەزائی ئێران بۆ دەرکردنی بڕیارەکە.
بەگوێرەی ماددەی 110ی ماددەی 111ی دەستوور، حوجەتولئیسلام عیجیی داوای لێخۆشبوون یان گۆڕینی سزای بۆ هەزار و 705 سزادراو لە دادگا گشتیی و شۆڕشگێڕییەکان، دەسەڵاتی دادوەری هێزە چەکدارەکان و دامەزراوە سزاکانی حکومەت کردووە. -
توانای سەربازی ئێران و ئیسرائیل
گشتی2025-06-14
هێزی سەربازی
ئێران: 610 هەزار سەرباز | 350 هەزار یەدەگ
ئیسرائیل: 170 هەزار سەرباز | 465 هەزار یەدەگ
هێزی ئاسمانی
ئێران: 540 فڕۆکە (زۆربەیان بەسەرچوو)
ئیسرائیل: 600 فڕۆکە (پێشکەوتوو، F-35)
هێزی دەریایی
ئێران: 100 کەشتی سەربازی | 19 ژێردەریایی
ئیسرائیل: 70 کەشتی | 5 ژێردەریایی
هێزی موشەکی
ئێران: زیاتر لە 3 هەزار مووشەکی بالیستی/کروز
ئیسرائیل: زیاتر لە 2 هەزار مووشەکی زیرەک
بەرگری مووشەکی
ئێران: سیستەمی بنەڕەتی (خورداد، باڤار-373)
ئیسرائیل: (گومەزی ئاسنین، قەڵخانی داود و تیژڕۆ)
بودجەی بەرگری
ئێران: 10-15 ملیار دۆلار
ئیسرائیل: 24-27 ملیار دۆلار
-
تا ئێستا ئێران کوژرانی 9 زانای ئەتۆمی پشراستکردوەتەوە
گشتی2025-06-14
میدیای فەرمی ئێران کوژرانی سێ زانای ئەتۆمی دیکەی بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە پشتراستکردەوە، کە بریتین لە هەریەک لە عەلی بەکایی کەریمی، مەنسور عەسگەری و سەعید بورجی.
پێشتریش، ئێران کوژرانی شەش زانای دیکەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی لە هێرشەکاندا ڕاگەیاندبوو و بەم پێیە تا ئێستا ئیسرائیل نۆ زانای دیاری بواری ئەتۆمیی ئێرانی کوشتوون.