هەواڵ

لە مانگی تەموزەوە پارەدان لە فەرمانگەکان بە کاش ئەنجامنادرێت

Mic
2025-06-09

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراق چەندین رێکاری نوێ و بەرفراوانی گرتووەتەبەر بۆ کەمتر بەکارهێنانی پارەی کاش و هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی سیستمی بانکی.

ساڵح سەلمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی راگەیاندووە، "لە سەرەتای مانگی داهاتوودا پارەدان بە کاش لە دامودەزگا حکومییەکان قەدەغەدەکرێت و دەبێت هەموو کەسێک کارتی بانک بەکاربهێنێت".

حکومەتی عێراق کۆمپانیای ئێرنست ئەند یۆنگی ڕاسپاردووە بۆ دووبارە رێکخستنی کارەکانی ٦-٧ بانکی دەوڵەتی لەناوخۆی عێراقدا، بەمەبەستی ئاسانکاریی بۆ بەڕێوەچوونی مامەڵە بە کارتی بانکەکان و "ئێستا عێراق هاوکاری نزیکەی 30 بانکی بیانی دەکات".

ساڵح سەلمان، وتی: "عێراق پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە جێبەجێکردنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و ژمارەی هەژماری بانکی کارپێکراو گەیشتووەتە 22-23 ملیۆن کارتی بانکی.

More News

Most Popular

بنکۆڵکاری

مێژووی پەیوەندیی و ململانێی ئێران و ئیسرائیل

Mic
2025-06-14


ئێران یەکەمین ئەو وڵاتانە بوو کە پاش دامەزراندنی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 دانی بە ئیسرائیلدانا، بەڵام شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دۆستایەتییەکەی کردە دوژمنایەتی و پاش نزیکەی نیوسەدە ململانێکەیان گەیاندە ئاستی سەربازیی.

پێش راگەیاندنی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر ئەو خاکی فەلەستین کە لە ساڵی 1948، ئێران یەکێک بوو لە 11 ئەندامی کۆمیتەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 1947 بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەری پرسی فەلەستین پێکهێنرا. لە هەمان کاتدا یەکێک بوو لەو سێ وڵاتەی کە دەنگیان بە پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان دابوو بۆ دابەشکردنی فەلەستین بۆ دوو دەوڵەت، یەکێکیان عەرەبی و یەک دەوڵەتی جوولەکە، ئەمەش بووە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی لە ناوچەکەدا.

ئێران لە ساڵی ١٩٥٠ ئیسرائیلی وەک "دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری" ناساند، دووەم وڵات بوو کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسڵمان  بێت و بڕیارێکی کەوچەشنە بدات، هەروەها ئەو وڵاتە بوو کە گەورەترین کۆمەڵگەی جوولەکەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوو.

هەروەها ئیسرائیل نوێنەرایەتییەکی گەورەی دیپلۆماسی لە ئێراندا هەبووە و لە بەرامبەردا چەک و توانای تەکنەلۆژی و بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ ئێران دابیندەکرد، 40%ی پێداویستییە نەوتییەکانی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد، ئیسرائیل باڵیۆزخانەی لە تاران دامەزراند و پەیوەندییە بازرگانییەکان پەرەی سەند. ئێران بوو بە دابینکەرێکی سەرەکی نەوت بۆ ئیسرائیل. هەردوولا هێڵێکی گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ ئیسرائیل و پاشان بۆ ئەوروپایان دامەزراند.

هێندە پەیوەندییەکانیان پەرەیانسەندبوو، هاوکاریی سەربازی و ئەمنی بەرفراوان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل هەبوو، بەڵام بە نهێنی مایەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتە عەرەبیی و ئیسلامییەکان تەنگی پێهەڵنەچنن.

لە ساڵی ١٩٥٧ رێکخراوی ئیتلاعات و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران (ساواک) بە هاوکاری لەگەڵ سی ئای ئەی و دواتر لەگەڵ دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئیسرائیل (مۆساد) دامەزرا. ئامانج لێی پاراستنی رژیم بوو لە دزەکردنی کۆمۆنیستەکان، بەتایبەتی حیزبی توودە کە دژایەتی شا محەممەد رەزا پەهلەویان دەکرد.

سەرەتای ململانێ
تاران ١٩٧٩ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تەلئەبیب پچڕاند، پاش ئەوەی شۆڕشی ئیسلامی سازکرا و دەسەڵاتی پاشایەتی رووخا و کۆماری ئیسلامی ئێران بە رابەرایەتی ئیمام خومەینی دامەزا، کۆمارێکی شیعە مەزهەب لەسەر بنەمای "ویلایەتی فەقیهەکان" دامەزرا.

کۆماری ئیسلامی ئێران دونیابینییەکی نوێی هەبوو، بە پلەی یەکەم بەرگری لە ئیسلام دەکرد و داوای بەرهەڵستیکردنی وڵاتە زلهێزە جیهانییەکان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی دەکرد، گەشتی فڕۆکەوانیی و ئێرانی بۆ ئیسرائیل هەڵوەشایەوە و باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە تاران گۆڕدرا بۆ باڵیۆزخانەی فەلەستین. بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی هەردوولا پەیوەندی بازرگانی نافەرمی بپارێزن.

ئێران لەسەردەمی ئیمام خومەینیی و هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە، ئیسرائیل ناونرا بە "شەیتانی بچوک" و ئەمریکا وەکو "شەیتانی گەورە" ناسینران، هەربۆیە دروشمەکانی "مەرگ بۆ ئیسرائیل و مەرک بۆ ئەمریکا" بوونە بنچینەی داڕشتنی سیاسەتی جیۆسیاسی لەو وڵاتەدا.

دوژمنایەتی ئاشکرا و هاوپەیمانی شاراوە
سەرەڕای دوژمنایەتی رواڵەتی میدیایی، بەڵام هەردوولا لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا توشی ئابڕوچونێکی سیاسی بوون، لە کاتی شەڕی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، دۆسیەی ئابڕوچونی "ئیران گەیت" و "ئێران-کۆنترا" ئاشکرابوو.

لە ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی، ئیدارەی رۆناڵد ریگان، سەرۆکی ئەمریکا، لە ئۆپەراسیۆنی ئێران-کۆنترا" چەکی ئەمریکا لە رێگەی ئیسرائیلەوە گەیەنرایە ئێران، ئەگەرچی لە ئەمریکا ئەو بابەتە قەدەغە بوو، چونکە ئێران وەکو وڵاتێکی هاوکاری "گروپە تیرۆریستییەکان" لە ئەمریکا ناسێنرابوو.

ئەوکاتە ئێران لە جەنگی درێژخایەنی خۆیدابوو لەگەڵ عێراق و زیانی زۆر بەر یەکەکانی سوپاکەی گەیشتبوو، ناچاربوو ئەو رێکەوتنە نهێنییە بکات بۆ وەرگرتنی چەکی ئەمریکا بە نێوەندگیریی ئیسرائیل.

وێستگەیەکی دیکەی دژایەتی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ساڵی 1982 بوو، کە حیزبوڵڵای لوبنان دامەزرا، لە ماوەی چەند ساڵێکدا بوو بە هێزێکی سیاسی و سەربازیی گەورە لە لوبنان و هاوپەیمانی تاران بوو بۆ جەنگ دژی ئیسرائیل.

بەرنامەی ئەتۆمیی، گرێکوێرەکە
ئێران لەسەردەمی پاشایەتییەوە بە هاوکاریی ئیسرائیل بناغەی بەرنامەی ئەتۆمی دامەزراندبوو، بەڵام پاش تێپەڕینی نزیکەی 20 ساڵ لە وەستاندنی پرۆگرامەکە، ئێران هەوڵی دەستخستنی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی دەدا، ئەوەش ئیسرائیل بە مەترسی ستراتیژی لەسەر خۆی ئەژماری دەکرد.

ئیسرائیل بەڵێنیدا هەرگیز رێگە بە ئێران نەدات بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، لە کاتێکدا تاران هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی مەدەنییە.

ئەمریکا کە چەندین ساڵە لەگەڵ ئێران لە دانوستاندایە بۆ رێگرییکردن لە ئێران بۆئەوەی نەبێتە خاوەنی تەکنەلۆلیای ئەتۆمی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت لەناو خاکی ئێراندا یۆرانیۆم بپیتێنرێت، بەڵام ئاساییە وێستگەی ئەتۆمی بۆ کارەبا و کاروبارە زانستییەکان هەبێت.

بۆ ئەو مەبەسەت ئەوەی سەپاندبوو بەسەر ئێراندا کە دەبێت وزەی ئەتۆمیی لە رێکخراوی وزەی ئەتۆم بکرێت، نەک خۆی وێستگەی پیتاندن دابنێت، کانکۆکییەکان درێژەیان کێشا و ئێران توانی ببێتە خاوەنی 240 کیلۆ یۆرانیۆمی کەم پیتێنراو (بەڕێژەی 60٪) کە تەنها 14 رۆژی پێویستە ئاستی پیتاندنەکەی بەرزبکرێتەوە بۆ رێژەی 90٪ و دروستکردنی کڵاوەی چەکی ئەتۆمی.

ئەو بڕە یۆرانیۆمە پیتێنراوەی ئێران، ئەگەر سەرجەمیان بە قۆناغی پیتاندنی چڕدا ببرێن، دەتوانرێت بەشی 40 بۆمبی ئەتۆمی یۆرانیۆم بەرهەمبهێنیت.

لە مانگی تەمموزی ساڵی 1998 تاران دەستی بە تاقیکردنەوەی مووشەکی شەهاب-3 کرد، کە لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2003 کۆتایی هات، ئەمەش هەڕەشەیەکی راستەوخۆی بۆ سەر ئیسرائیل دروست کرد، وەک بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەندین جار پشتڕاستیان کردەوە، چونکە تاران هەڕەشەی بەکارهێنانی کرد لە دژی ئیسرائیل ئەگەر هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ئێران چەندین جۆری چەکی ناوەندیی و دورمەودای هەیە و ئیسرائیل دەپێکن، هەندێکی ناو و تایبەتمەندییەکانیان ئاشکراکراون و گومان دەکرێت چەند جۆرێکی دیکەی موشەکی هەبێت کە زۆر پێشکەوتووبن و هێشتا ئاشکرا نەکرابن.

شۆڕشی سوریا
ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل دوای شۆڕشی سوریا وەرچەرخانێکی نوێی بەخۆیەوە بینی، لە کاتێکدا تاران بەرگری لە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری وڵاتەکە دەکرد و لە هەمانکاتدا بوونی خۆی لە ناو خاکی سوریادا بەهێزتر دەکرد.

ئیسرائیل پێی وابوو، هاتنی هەژمونی سەربازیی ئێران بۆ سوریا، مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەی زیاتر دەکەن و ئێران گەیشتووەتە سەر سنوری خاکەکەی.

لە ساڵی 2013ەوە ئیسرائیل دەستی کرد بە ئیدانەکردنی دەستێوەردانی سەربازیی حزبوڵڵا و ئێران و سەدان هێرشی کردە سەر سوریا، و هێز و سەرکردەکانی سوریا و ئێران و چەکدارانی دەکردنە ئامانج.

زریانی ئەقسا و هەڕەشەکردن لە ئێران
لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، ململانێکان رێگایەکی سەربازی جیاوازتری بەخۆیەوە بینی، ئیسرائیل هەر زوو ئێرانی تۆمەتبارکرد کە پشتیوانی حەماسی کردووە کە هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و 240 بارمتەی گرتووە و سەدان کەسی لە ئیسرائیل کوشتووە.

ئیسرائیل دەستیکرد بە هێرشی بەرفراوان بۆ کەرتی غەززە، حوسییەکان لە یەمەن، حیزبوڵا لە لوبنان و لێدان لە گروپە هاوسۆزەکانی ئێران لە هەریەک لە وڵاتانی عێراق و سوریا، بوونە جەنگێک بە وەکالەت لە نێوان هەردوو وڵات.

لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی 2024دا، هێرشێک کرایە سەر بینای کونسوڵخانەی ئێرانیان لە دیمەشق، هەر زوو ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکراو و سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی حەوت راوێژکاری سەربازی راگەیاند کە لەنێویاندا محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی باڵای سوپای قودس بوو هەبوو.

تاران جەختی لە مافی وەڵامدانەوەی خۆی کردەوە، لەبەرئەوەی کونسوڵخانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەشێک لە خاکی وڵاتەکە ئەژمار دەکرێن، ئەوەش لەکاتێکدابوو کە ئیسرائیل چەندین ئامانجی دیکەی پێکابوو، بۆ کوشتنی سەرکردە باڵاکانی حەماس و حیزبوڵا.

دوابەدوای ئەم بۆردومانە، تاران قسەکانی خۆی پەرەپێدا و سوێندی خوارد کە تۆڵەی خۆی بکاتەوە. شەوی 13ی نیسانی 2024 زیاتر لە 300 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا. تەلئەبیب بە هاوکاری سوپای ئەمریکا توانی زۆرینەی موشەک و درۆنەکان لە ئاسمان بتەقێنێتەوە، بەڵام تاران بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە نیوەیان بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی ئیسرائیلیان پێکاوە.

لێدان لە وێستگە ئەتۆمییەکان
بەرەبەیانی 13ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بە فڕۆکە و درۆنی خۆکوژ، توانیویانە چەندین سەرکردەی باڵای سەربازیی و وێستگەی ئەتۆمی ئێران بپێکن لە رێگەی 100 فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووەوە، ئەوەش سەرەتای جەنگێکی راستەوخۆ بوو لەنێوان هەردوو وڵاتدا کە بە وتەی عەلی خامنەئی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، "ئیسرائیل هەڵەیەکی کردووە کە بۆ هەمیشە پەشیمان دەبێتەوە".

بەرلەوەی 24 کاتژمیر بەسەر هێرشەکەی ئیسرائیلدا تێپەڕێت، ئێران بە دەیان درۆن و موشەک هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل و تەلئەبیب و شارەکانی دیکەی ئیسرائیل مەترسیدارترین هێرشیان بەخۆیانەوە بینی لە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتەکەیاندا.

مەترسییە چاوەڕوانکراوەکان:
هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی خەڵک و تێکدانی زیاتری سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە
مەترسی بەشداریکردنی لایەنە نێودەوڵەتییە گەورەکان و سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەمەلایەنەی ناوچەیی
داخستنی ئاسمانی چەندین وڵات و پەککەوتنی چالاکییە ئابوورییەکان
گرتنی گەروی هورمز لە کەنداوی فارس (عەرەب) و دروستکردنی قەیرانی سوتەمەنی لە جیهاندا
ئیسرائیل ئامانجی ستراتیژ بگرێتەبەر بۆ گۆڕینی سیستمی دەسەڵات لە ئێران (بەهاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی)
تورکیا و پاکستان دوو وڵاتن کە خۆیان بە ئامانجی دووەمی جەنگەکە دەزانن و زۆر بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن