تا ئیستا دانا ئەحمەد مەجید تاکە کاندیدی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە و شەماڵ عەبدولوەفا دەڵێت، کاندیدی رێکخەری گشتی گۆڕان نیم و نابم.
شەماڵ عەبدولوەفا سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی خانەی راپەراندنی گۆڕان بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، کاندیدی رێکخەری گشتی گۆڕان نیم و نابم.
چەند دەنگۆیەک هەبوون کە باسیان لە کاندیدبوونی شەماڵ عەبدولوەفا دەکرد بۆ پۆستی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام ناوبراو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
لە ماوەی رابردوو، پێش قوڵبوونەوەی ناکۆییەکانی گۆڕان داوا لە شەماڵ عەبدولوەفا کراوە پۆستی رێکخەری گشتی گۆڕان وەربگرێت، وەک خۆی وتی،" ئەو کاتیش رەتیکردوەتەوە".
ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان کۆنگرە یان وەک خۆیان ناوییان ناوە کۆنفرانسی نیشتمانی بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی بزوتنەوەکە لە نێوان ئاڕاستەی کوردسات و گردی زەگەتەدا دەبەستێت.
ئاڕاستەی گردی زەرگەتە رەشنووسی دەستورێکی ناوخۆیی بۆ گۆڕان ئامادە کردووە کە لە دەرەوەی کۆنفرانس رێکخەری گشتی هەڵدەبژێردرێت.
بەپێی ڕەشنوسی دەستوری ناوخۆیی گۆڕانیش کە ئاڕاستەی کوردسات ئامادەیی کردووە، رێکخەری گشتی راستەوخۆ لەناو کۆنفرانسدا هەڵدەبژێردرێت کە دانا ئەحمەد مەجید تاکە کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.
بزوتنەوەی گۆڕان سەرەتای ساڵی 2024، کۆنفرانسی سێیەمی بە بەشداری هەردوو بەرە ناکۆکە ئەنجامدا، بەڵام کۆمسیۆن قبوڵی نەکرد.
دوای دابڕانی هەردوو ئاڕاستەکە، ئاڕاستەی گردی زەرگەتە لە 5ـی نیسانی ئەمساڵ کۆنفرانسی کرد، بەڵام کۆمسیۆن ئامادەیی کۆنفرانسەکە نەبوو.
26ـی نیسان، ئاڕاستەی کوردسات کۆنفرانسی کرد، بەڵام رێژەی یاسایی ئامادەیی کۆنفرانسەکە نەبوو، کۆمسیۆن کۆنفرانسەکەی هەڵگرت.