ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، یەکەم بەیاننامەی لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە و تیایدا هاتووە: "رایدەگەیەنن کە لەمەودوا هەر دەستدرێژییەک یان هەرەشەیەک... وەڵامی دەبێت".
لە بەیاننامەکەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ئەوە خراوەتەڕوو: "لە ماوەی 12 رۆژی رابردوودا، لە ئەنجامی خوێنی شەڕڤانان و کۆڵنەدانی بێوچانیان، هەموو دەستدرێژییەک لە سەردەمی خۆیدا و بە قەبارەی گونجاو وەڵامی دەدرایەوە".
هەروەها دەڵیت: "بە پشتبەستن بەو هۆشیارییە گەورەیەی ئێوەی گەلی ئێران، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنن کە لەمەودوا هەر دەستدرێژییەک یان هەرەشەیەکی رژێمی زایۆنیستی یان لایەنگرانی بە وەڵامێکی چارەنووسساز و راستەوخۆ بەرەوڕوو دەبێتەوە".
لە بەیاننامەکەدا ئەگەرچی بێ پێچ و پەنا باسی ئەوە نەکراوە کە چوونەتە قۆناغی ئاگربەستەوە لە جەنگەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام دەستخۆشی لەوە دەکات کە هێزەکانیان لەم ماوەیەدا کاری خۆیان ئەنجمداوە و لەمڕۆوە دۆخەکە دەچێتە قۆناغی چاودێرییەوە نەک بەردەوامیی جەنگ.