هەواڵ

هەرێمی کوردستان بۆتە دۆزەخ بۆ بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران

Mic
2021-07-28

هەرێمی کوردستان چیتر بۆ بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران شوێنێکی پارێزراونییە، چونکە لە 70٪ ی نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی کە  تیرۆرکراون یان رفێنراون، لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بووە.

لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991 خەڵکی هەرێمی کوردستان توانیان تاڕادەیەک لەژێر هەڕەشە و مەترسی رژێمەکەی سەدام حسەین دووربکەونەوە و نیمچە سەربەخۆییەک بەدەستبهێنن، بەڵام بۆ بەرهەڵستاکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەتایبەت پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەرێمی کوردستان بوو بە شوێنێکی پڕ مەترسی، ئەوەش دوای لەهەمووشوێنێک کرانە ئامانج.

حاڵی حازر هەرێمی کوردستان لەریزبەندی یەکەمی ئەو شوێنانەیە کە پڕمەترسیترین ناوچەیە بۆ بەرهەڵستکارانی ئێران، بەوپێیەی 329 بەرهەڵستکار بەپلانی بەرپرسانی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا تیرۆرکراون یان رفێنراون کە سەرجەمیشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن.

دامەزراوەی عەبدولرەحمان برومەند کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، لە تازەترین راپۆرتیدا، دەڵێ" لانی کەم لە 40 ساڵی رابردوودا 540 بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامی لەدەرەوەی ئێران تیرۆرکراون، یان رفێنراون."

عەبدولڕەحمان برومەند سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری موقاومت ملی ئێران بوو، لەناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەفەرەنسا بەچەقۆ کوژرا و لەدۆسیەکەش پەنجەی تۆمەت بۆ بەرپرسانی ئێران درێژکرا.


بەگوێرەی راپۆرتەکە، 380 بەرهەڵستکاری ئێران لە هەرێمی کوردستان کوژراون یان رفێنراون و 30 کەسیش لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا 329 بەرهەڵستکاری حکومەتی تاران لە باشوری کوردستان کراونەتە ئامانج.

زۆربەی جار دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، تۆمەتبار دەکرێن بە هاوکاریکردنی بەرپرسانی ئێران، لەدەستگیرکردن و رفاندن یان شوێنپێ هەڵگرتنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەش چەند دۆسییەک هەن.

لەدوای عێراق وهەرێمی کوردستان هەر یەک لە پاکستان، تورکیا، فەرەنسا، ئەفغانستان و ئەڵمانیاش لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدان کە زۆرترین بەرهەڵستکاری ئێرانیان تێدا کراوەتە ئامانج و ژمارەیەک بەرهەڵستکاریش لە نەمسا، سویسرا، بەریتانیا، سوید، ئەمریکا، ئیمارات، ئازەربایجان، هیندستان، پۆڵۆنیا، ئیسپانیا و فلیپین و چەند وڵاتێکی دیکە بوونە ئامانجی دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکانی ئێران.

ئەو دامەزراوەیە جەختی لەوەشکردوەتەوە، کە قوتاربوونی بەشێکی زۆری ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییە، وایکردووە کردنە ئامانجی بەرهەڵستکارانی ئێرانی تیایاندا بەردەوام بێت و داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە رێوشوێنی توند دژی ئێران بگرنەبەر.

بەشێکی زۆری بەرهەڵستکارە تیرۆرکراوەکان، لە بەرپرسانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی وەک، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەن، کە لەناویاندا، هەردوو سکرتێری حزبی دیموکرات، دکتۆر قاسملۆ و دکتۆر سادق شەرەف کەندی هەن.

هەروەها بە دەیان نوسەر و رۆژنامەوان و چالاکی سیاسی و مەدەنی، رۆژهەڵاتی کوردستان، لەباشوری کوردستان و دەرەوە، لەلایەن دەزگای هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.
زۆرجار هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، تۆمەتباردەکرێن بە هاوکاریکردنی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی ئێران، بە هەڵگرتنی شوێنپێی بەرهەڵستکارانی ئەو وڵاتە، یان دەستگیرکردن و رادەستکردنەوەیان بە ئێران.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکان زۆرینەی ئەو بەرهەڵستکارانەی رۆژهەڵات لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری تیرۆرکراون، هەولێریش لە پلەی دووەمدایە، کە ژمارەیەکی بەرچاو کە چالاکوانانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان تێدا بوونەتە قوربانی.

لەگەڵ گرتنە دەستی دەسەڵات، لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 1979دا، زۆرینە ئەو گروپ و حزب و لایەنانەی بەشداربوون لەسەرخستنی شۆڕش کەوتنە بەر پەلامار و پاکتاوکردن.
لەوکاتەوە بەشێکی زۆری چالاکوانان ئاوارەی دەرەوە بوون، بەڵام ژیانی پەنابەری و دوورە وڵاتیش دادی زۆۆریانی نەدا و لەلایەن دەزگای هەواڵگری و گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرانە ئامانج.

تیرۆر و کردنەئامانجی بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتادا ئەو کاربەدەست و بەرپرسانەی حکومەتی پاشایەتی گرتەوە، کە بەرەو دەرەوە هەڵاتبوون، بەڵام دواتر پەلیکێشا بۆ بەرهەڵستکاران و تەنانەت ئەوانەشی کە لە وێستگەیەکدا لە کۆماری ئیسلامی جیاببوونەوە.


More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.