سیاسەتمەداری بەناوبانگی ئەمریکا هێنری کیسنجەر وتوویەتی: کورد مەحکومی جوگرافیان بۆیە زۆر درەنگ دەگەن بە ئامانجەکانیان!
رەنگبێ ئەم پێناسەیە پوختترین و واقیعیترین پێناسەبێ بۆ بێئاکامی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی کورد. چونکە هیچ شۆڕش و راپەڕێنێکی کورد نییە بەهۆی کاریگەرییەکانی جوگرافیاکەیانەوە شکستی نەهێنابێ یان لاواز نەبووبێ.
لانیکەم سەد ساڵی رێکە، هەر کاتێک بزووتنەوەیەکی سیاسی یان چەکداریی کورد سەری هەڵدابێ لە پارچەیەکی، ئەوا سەرانی ئەو بزووتنەوەیە بەناچاری پەنایان بۆ پارچەیەکی تری کوردستان بردووە، بەڵام هەرزوو ناچارکراون ئەو پارچەیە جێبهێڵن ئەگەرنا توشی شەڕ و خوێنڕشتنی کورد بە کورد هاتوون.
بۆ نموونە: سمایلخانی شکاک ـ سمکۆ ـ کاتێک لە ناوچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دژی دەسەڵاتدارانی ئێران راپەڕی و بەشێکی زۆری کوردستانی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی
بەڵام کەوتە ژێر پاڵەپەستۆیەکی زۆری حکومەتی ئێرانەوە، ئەوەبوو ساڵی1922 خۆی و بەشێک لە لەشکرەکەی هاتنە باشووری کوردستان. ماوەیەک لە هەولێر و دەوروبەری مانەوەو ویستی ئینگلیز یاریدەی بدەن، بەڵام ئینگلیزەکان کە ئەو کات حاکمی عێراق بوون نەک یاریدەیان نەدا، بەڵکو فشاریان خستە سەر کوردی هەولێر تا چیتر جێی نەکەنەوە.
سمکۆی شکاک بەناچار ڕووی لە شاری سلێمانی کرد کە ئەوکات سلێمانی پایتەختی قەڵەمڕەوی شێخ مەحموودی حەفید بوو. سمکۆ لەلایەن شێخ مەحموودەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، بەڵام ئینگلیز زۆری بۆ دەسەڵاتەکەی شێخ هێنا بۆیە سمکۆ ناچار گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
"ئیسماعیل محەمەد عەلی خان ناسراو بە سمکۆی شکاک.. ساڵی ١٨٨٧ لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی سەڵماس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. ساڵی ١٩٠٧ لە تەمەنی بیست ساڵاندا، لە ورمێ سەرکردایەتیی راپەرێنێکی کرد دژی شای قاجار و توانی بەشێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
ساڵی ١٩٣٠ لە پیلانێکی ئێرانییەکاندا لە شاری شنۆ غافڵکوژ کرا."
داهات و نەوت حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەباتەوە سەرمێزی گفتوگۆ، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت، رێککەوتن لەسەر نەوت کراوە و لێکتێگەیشتنى باشیش لەسەر دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان هەیە.
دۆسیەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان، چارەنووسی مووچەی مانگی حوزەیرانیان و مانگەکانی دواتریان بە ئەنجامدانی رێککەوتنی نوێ لەگەڵ حکومەتی عێراق بەستوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، حکومەتی عێراق داوای نیووەی کۆی داهاتە نانەوتییەکان دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە رەتدەکاتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە، تەنها نیووەی ئەو داهاتانە بۆ حکومەتی عێراق بگەڕێنێتەوە کە بە داهاتی فیدراڵی دادەنێرن.
هەرێمی کوردستان پشتی بە مادەی 29ـی یاسای کارگێڕیی دارایی ساڵی2019ـی عێراق بەستووە، کە تێیدا هاتووە، 50%ی داهاتی رسومات و باجی فیدراڵی لەو فەرمانگانەی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ پارێزگاکان دەبێت.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەبێ باسکردنی وردەکارییەکان زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Micـی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، لەئێستادا لێکتێگەیشتنى باش لەسەر دۆسییەى داهاتە نانەوتییەکانى هەرێمى کوردستان هەیە.
دۆسیەی نەوت یەکێکی دیکەیە لە تەوەرەکانی گفتوگۆ، حکومەتی عێراق داوای 280 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەکات، هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە ناتوانێت ئەو بڕە بدات.
عێراق وەک تێگەیشتنێک بۆ دۆخی بەرهەمهێنانی نەوت ئامادەیی دەبری هەر بڕە نەوتێک وەبگرێت کە لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستیان بکرێت.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق سەبارەت بە دۆسییەى نەوت ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کۆتایی هاتووە و هەرێمى کوردستان و عێراق رێککەوتنیان لەسەر کردووە.
نزیک دەبینەوە لە ناوەڕاستی مانگی ئاب، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا چاوەڕوانی مووچەی مانگی حوزەیرانن.
سەبارەت بە چارەنووسی مووچە و وادەی ناردنی لەلایەن بەغداوە شاخەوان عەبدوڵا وتى، لەگەڵ رێککەوتنى کۆتایی، بەغداد مووچەش دەنێرێت.
ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ئەمساڵ، هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی مووچە و نەوت رێککەوتنێکییان راگەیاند، بەپێی رێککەوتنەکە هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات، جگە لە رادەستکردنی بڕی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆ.
دوای ئەو دوو مانگەش مانگانە 50٪ی داهاتی نانەوتی رادەست بکرێت لەگەڵ هەمان بڕی نەوت، لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات، بەڵام وادیارە ئەو رێککەوتنەش نەگەیشتووەتە ئەنجام و رێککەوتنی نوێ دەکرێت.