بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان کاردانەوەی جیاوازی لە تورکیا، باکور و باشور و رۆژئاوای کوردستان لێکەوتەوە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاشتی پێناسە کرا، لە ئاستی هەرێمی و جیهانیش کاردانەوە بۆ بڕیارەکە هەیە و پشتیوانی دەکرێت.
تورکیا و باکوری کوردستان
بەرپرسانی حکومەتی تورکیا بە جیا هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە راگەیاندووە، بەڵام هەمووان پێشوازیان لێ کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە رۆڵێکی سەرەکی لە پرۆسەی ئاشتی هەیە، پێشوازی لە بڕیارەکەی پەکەکە کرد و رایگەیاند، هەموومان هاووڵاتیی پلە یەکی تورکیاین و وڵاتەکە لەو برینە تەمەن 40 ساڵە رزگار دەکەین.
ئەردۆغان بە پێویستی زانی،چهكدانانی گشتگیر بێت و پێویستە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە عێراق و سوریا و ئەوروپاش بگرێتەوە.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کە بەهۆی پۆستەکەیەوە وەک بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی دەبنێرێت، هەنگاوەکەی پەکەکە وەک رێگەیەک بۆ رزگاربوون لە دەردی تیرۆر پێناسە کردووە.
وەزیری دادی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نوسیویەتی،" وڵاتەکەمان، تاریکیی تیرۆر لەپشت خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ئامانجی (تورکیای بێ تیرۆر) بەردەوام دەبێت لە زیندوو راگرتنی بەها سەرەکییەکانی کۆمارەکەمان".
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش بڕیارەکەی پەکەکەی بە "گرنگ و مێژووی" وەسفکرد و رایگەیاند، "دوای ئەم بڕیارە، پێویستە هەنگاوی کردەیی بەدوایدا بێت، لەنزیکەوە چاودێریی دەکەین و بەدواداچوونیان بۆ دەکەین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا چەکدانانی پەکەکە بە هۆکارێک بۆ دەستبەربوونی ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی لە ناوچەکەدا دەزانێت و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، "هەنگاوەکە رەنگدانەوەی بەسەر وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکەش هەبووە".
فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەگەڵ پێشوازیکردن لە هەنگاوەکانی پەکەکە رایگەیاندووە،"نیشانەیەکی روونی ئەوەیە کە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە بە سەرۆکایەتی بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارمان بەڕێوەدەچێت، بەهێزەوە قۆناغێکی گرنگی بڕیوە".
پارتە سیاسییەکانی تورکیاش پێشوازییان لە بڕیارەکەی پەکەکە کردووە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە بە یەکێک لە ئەندازیارانی پرۆسەی ئاشتی دەبینرێت، هەنگاوەکەی پەکەکەی بە سەرکەوتنی ئاشتی و برایەتی وەسفکردووە،
باخچەلی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی سوپاسی ئەردۆغان، ئۆجالان و ئۆندەر و شاندەکانی ئیراڵی کرد و رایگەیاند، ئۆجەلان و دەم پارتی زۆر بە وردی خوێندنەوەیان بۆ مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەمان کرد''.
پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بڕیاری پەکەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و وازهێنان لە چەک بە قۆناغێکی گرنگ بۆ "تورکیای بێ تیرۆر ناوبردووە.
عومەر چەلیک وتەبێژی پارتەکە بە پێویستی زانیووە،"ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ بکرێت و بە هەموو لایەنەکانیەوە بێتەدی".
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا لەگەڵ پێشوازیکردن لە بڕیارەکەی پەکەکە داوایکرد، هەموو ئەندامانی پەکەکە بەبێ جیاوازی و وابەستەیی رێکخراوەییان، دەستبەجێ بەپێی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، دەست لە چەک هەڵبگرن.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە بڕیارێکی مێژووی دەزانێت و رایگەیاندووە، خۆی کەسێکی کاریگەر بووە لە پرۆسەی یەکەم و ئێستاش وەکو ئۆپۆزیسیۆنێک پشتیوانیی تەواو لە پرۆسەکە دەکات.
سەرۆکی پارتی ئاییندە داوایکردووە، سەرۆککۆمار دوای راگەیاندنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، وتارێک بۆ رای گشتیی پێشکەش بکات و نەخشەڕێگای دواتر رابگەیەنێت.
داودئۆغڵو پێشنیازیشکردووە، کۆمسیۆنێکی نێودەوڵەتیی بۆ رادەستکردنی چەک دابمەزرێت تا بە راستەوخۆ نیشانی خەڵک بدرێت و چەکەکان بە شێوەیەک لەناو ببرێت بە دووبارە بەکارنەهێندرێتەوە.
هەر لە پێشنیازەکەیدا سەرۆکی پارتی ئاییندە بە گرنگی زانیووە، وادەیەک بۆ رادەستکردنەوەی چەکەکان دیاریی بکرێت و عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەشێک بن لە پرۆسەکە، بەهۆی ئەوەی پێگەی سەرەکیی پەکەکە لە عێراقە.
چارەنوسی سەرکردەکانی پەکەکە، پرسێکی سەرەکی پرۆسەی ئاشتییە، بەڵام تا ئێستا هیچ میکانزمێکی بۆ دیاریی نەکراوە، ئەحمەد داودئۆغڵو پێشنیازی کردووە، سەکردەکانی پەکەکە ببرێنە وڵاتی سێیەم، بەڵام نابێت ببرێنە وڵاتێک، لە داهاتوودا وڵاتەکە ئەو کەسانە وەکو کارتی فشار لە دژی تورکیا بەکاربهێنێت، بۆ نموونە دەکرێت لە سلێمانی یا بەغدا یان قەتەر یاخود نەرویج بمێننەوە.
سەرکردە و پارتە سیاسییەکانی باکوری کوردستان کە سەر بە ئایدۆلژیایی ئاپۆن، پێشوازیی فراوانیان لە هەنگاوەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد بۆ چەکدانان.
پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارت بە گرنگی دەزانێت دەرفەتی ئاشتی لە دەست نەدرێت و بە کردار وەڵامی چەکدانان بدرێتەوە.
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەرلەمانی تورکیا رووبەڕووی بەرپرسیارێتی مێژویی بووەتەوە، لەمەودوا دەتوانێت رۆڵی گرنگتر ببینێت.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەی بە قۆناغێکی نوێ ناوبرد و رایگەیاند، شەڕ ئەنجامی نەبووە، بۆیە ئاشتی تاجدار دەکەین.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە زیندانی ئەدیرنە زیندانییە و سزای زیاتر لە 40 ساڵ زیندانیکردنی بە سەردا سەپێنراوە، ئێستا بە کاتی یەکهەڵوێستی و دڵسۆزان دەزانێت تا کار بۆ گەورەبوونی تورکیا بکرێت
هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتی و حزبەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە بڕیاری چەکدانانی پەکەکە کرد، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، جێگەی خۆشحاڵیە لایەنەکان هەڵوێستی باشیان هەبوو و هەنگاوی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتیانە نراوە.
بارزانی لەگەڵ هیواخواستن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، هەموو پشتوانیەکی خۆشی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کورردستان دەربڕیووە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، ههمووان چاويان لهوهيه ئەم هەنگاوە گرنگه بە هەنگاوی ديكهى ئەرێنی و پێويست لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڵام بدرێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی دەردەبڕیووە بۆ بهردهوامی له پێشکەشکردنی ههر جۆرە يارمهتى و هاوكارييهك بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی کە ئەو بە دەرفەتێکی مێژووی ناوی بردووە.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشی خۆی و حزبەکەی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەبڕیووە و رایگەیاندووە هاوکار و پشتیوانی هەموولایەک دەبین بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە".
تاڵەبانی هیواشی خواستووە، بە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان سەرجەم لایەنەکان هەڵبدرێتەوە و هەنگاو بۆ کارکردنی پێکەوەیی بنرێت و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی کوردستان هەبێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جێبەجێ کرد و دەرگای بەڕووی قۆناغێکی نوێدا کردەوە".
تاڵەبانی هیوادارە حکومەت و دامەزراوە یاساییەکان و لایەنە سیاسییەکانی تورکیاش ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی یاسایی و ئاشتییانەی پرسی کورد لە تورکیا.
سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و دانانی چەكی لەلایەن پەكەكەوە بە رۆژێکی مەزنی گەلی کوردستان نابردووە و رایگەیاندووە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی گرنگ لەمێژوی خەباتی كوردا.
لاهور شێخ جهنگی، سهرۆكی بهرهی گهلیش ڕایگهیاند،"دەسەڵاتدارانی ئهنقەرە بەرپرسیارێتیی گەورە و مێژوییان دەکەوێتە سەرشان، پێویستە بڕیارى خێرا و بوێرانە بدەن بە ئاڕاستەى چارەسەرى یەکجارى کێشەى کورد".
سوریا و رۆژئاوای کوردستان
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات پێی وایە، بڕیارەکانی پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری هەنگاوێکی نوێیە و رێگە خۆش دەکات بۆ پرۆسەیەکی سیاسی و ئاشتیانەی نوێ لە ناوچەکەدا و وەک خۆی رایگەیاندووە، جێگەی ڕێزە.
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سوریا ڕایگەیاند، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، نەک تەنها بۆ تورکیا بۆ ئارامی تەواوی هەرێمەکە ساتەوەختێکی زۆر گرنگە.
جیهان
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "چەکدانانی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی بازنەی چەندین ساڵەی تیرۆر و توندوتیژی له تورکیا و ناوچەکەدا".
پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، لە کۆتایی ساڵی 2024 بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد
پەکەکە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و دواتر رایگەیاند، بڕیاریانداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
کاتێک ئەنجامی کۆنگرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە راگەیاندرا، وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان و 12 سەرکردەی دیکەی کوژراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر دیوارەکەی پشتی سەرپەرشتیاری کۆنگرەکە هەڵواسرابوو، بەڵام لەسەر مێزەکە تەنها وێنەی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و هاوسەرۆکی (دەم پارتی) هەبوو کە سەرەتای ئەم مانگە کۆچی دواییکرد.
رۆژی 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکان و بزوتنەوە چەکدارییەکەی خۆی راگەیاند و داواکاریی عەبدوڵا ئۆجەلانی لەوبارەیەوە پەسەندکرد، بۆ کۆتایی هێنان بە 52 ساڵ خەباتی چەکداریی دژی سوپای تورکیا.
بڕیارەکەی پەکەکە و ئەو مشتومڕانەی لەپشتی پەردەوە ئەنجام دەدرێن بۆ بەدیهێنانی پرۆسەی ئاشتی و رەنگڕێژکردنی ئاشتی سەرتاسەری لە تورکیا، هێندە نهێنین کە چاودێرانی سەرسامکردووە.
لەناو تورکیادا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، جەختی لەسەر هەوڵەکان بۆ بەدیهاتنی ئاشتیی و نەماتی تیرۆرکرد لە تورکیا و بە ئەندامانی پارتەکەی راگەیاند، خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغی سەختی داهاتوو، بۆئەوەی پرسەکان بەلاڕێدا نەبرێت و بەرپرسیارێتی مێژویی بڕیارەکە هەڵدەگرن.
ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایکردووە، ئەردۆغان، پلانێکی هەیە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی 2028 بۆ جارێکی دیکە پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەدەستبهێنێتەوە و ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبەریەکهەڵوەشێنێت و هێزە کوردییەکان بخاتە بەرەی خۆیەوە.
بەگشتی کوردەکان بەشدارییان نەکرد لە خۆپیشاندانەکانی 19ی ئازاری ئۆپۆزسیۆن دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و سەرکردەی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا، ئەوەش وەکو سەرکەوتنێک بۆ سیاسەت و بڕیاری نوێی ئەردۆغان لێکدرایەوە بۆ نزیکبوونەوە لە کوردەکان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای بانگەوازێکی مێژوویی ڕێبەرەکەی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە زیندانی کراوە، بۆ دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە. ئەمەش زەمینەی بۆ کۆتایی هاتنی ململانێی چل ساڵەی نێوان چەکدارانی کورد و دەوڵەتی تورکیا خۆش کرد.
چاوەڕوانکراوەکان:
چارەنوسی ئۆجەلان: هێشتا چارەنوسی ئۆجەلان بە هەڵپەسێدراوی ماوەتەوە و لێدوانی جیاجیا بەدیدەکرێن، بۆ نمونە، پارتی داد و گەشەپێدان لە رۆژنامەی "تورکیا"ی زمانحاڵی حکومەت، ئاشکرایکردووە کە سیستمی بەندکردنی ئۆجەلان پاش هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، "هێوردەکرێتەوە"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئازادکردنی بدات.
یەکەمجار دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی حیزبی نەتەوەپەرستی تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، دەستپێشخەری ئاشتی کرد، بۆئەوەی لە پەرلەمانەوە بە یاسا گۆڕانکاریی لە بڕیاری سزای سەر ئۆجەلاندا بکرێت و ئاشتی بەرقەراربکرێت و کۆتایی بە تیرۆربهێنرێت.
هەر بۆیە شاندێکی دەم پارتی کە سری سورەیا ئۆندەر سەرپەرشتیی دەکرد، سەردانی دورگە ئیمرالیان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە و پرۆسەی ئاشتییان گەیاندە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو.
شاندی دانوستانکاری ئیمرالی، چەندینجار ئەوەیان راگەیاندووە کە ئیتر تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی تورکیادایە کە هەنگاو هەڵگرێت بۆ دەرکردنی یاسایەک کە کۆتایی بە دۆسیەی تیرۆر بهێنێت لە وڵاتەکەیان و ئۆجەلان ئازادبکرێت.
کوژراو یان شەهید؟
لەو یاسایەدا کە پەرلەمانی تورکیا دەریدەکات، دەبێت ئەو تێڕوانینەش راست بکرێتەوە کە 41 ساڵە هێزی خێر و شەڕی لەیەکتریی جیاکردووەتەوە.
لەمەودوا هەردوو لایەنی ناکۆکیی و بەشەڕهاتوو (پەکەکە و سوپای تورکیا) دەبنەوە یەک هێز و کۆتایی بە خوێنڕشتن دەهێنرێت، هەروەها ئەو خوێنەی کەڕژاوە دەبێت مامەڵەیەکی دیکەی لەگەڵ بکرێت و کەسوکاری شەهیدەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش خۆیان بە هاوبەشی پرۆسەی ئاشتی بزانن و بە چاوی دوژمن لە شەهیدەکان و کەسوکاریان نەڕوانرێت.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاریگەریی لەسەر رێسا جێبەجێکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت، لەمەودوا بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە، نابێت سزای لەسەربێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی تورکیا ئەو سکاڵا و داخوازاییانەی خۆی لە کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا دەکێشێتەوە.
ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، زۆرێک لەو سزایانەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕی ئینتەرنێت، بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سەپێنرابوون بەسەر زاراوە کوردییەکاندا، هەڵدەگیرێن و قۆناغێکی نوێ لەو بوارەدا دەستپێدەکات.
ئەو مەترسیەی مام جەلال ئاماژەی پێکردبوو
لە یەکێک لە چاوپێکەتنەکانی پێشوویدا، مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژەی بەوەکردبوو، دۆزی کورد زۆر زیانی پێگەیشتووە بەهۆی تۆمارکردنی پەکەکە لە ریزی گروپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا.
مام جەلال بە خاوەنی یەکەم دەستپێشخەری دەناسرێت کە کاری بۆ ئاشتیی نێوان پەکەکە و تورکیا کرد لە سەردەمی تورکوت ئۆزالی سەرۆکی پێشووتری تورکیا لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، بەڵام گفتوگۆکان نەگەیشتنە قۆناغی دانوستاندن و چارەسەریی بنەڕەتی، هەر بۆیە مام جەلام دەیزانی ئەگەر کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەربەستی زۆر بۆ دیپلۆماسیەت و دۆزی کوردی دروستدەبێت.
لەمەودوا کورد لە تورکیا دەتوانن وەکو هێزێکی سیاسی کاریگەر بەشداریی لە پرۆسەی سیاسییدا بکەن و پەیوەندیی بە گەلانی دونیاوە بکەن.
زیندانییەکان:
بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، لەمەودوا دەبێت بە زیاتر لە 40 هەزار زیندانییکراو و بەندکراو لە تورکیا ئازادبکرێن، ئەوەش ئومێد دەگێڕێتەوە بۆ دەیان هەزار خێزانی کورد لە باکوری کوردستان و کۆتایی بە گۆشەگیرییان دەهێنرێت.
کاتێکیش زیندانییکراوەکان ئازاد دەکرێن، زۆرینەیان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کار و پۆست و پیشەکانی پێشووی خۆیان، کە بەشێکی زۆریان کاربەدەست و سەرۆکی شارەوانی و کەسانی ئیداریی و کارگێڕیی و وەبەرهێنەربوون.
لابردنی قەیومەکان
دەیان شارەوانی لە تورکیا بەهۆی تۆمەتبارکردنی سەرۆکی شارەوانییەکان کە بە هەڵبژاردن دەرچووبوون، لەلارەکانیان لادراون و قەیوم لە جێگایان دانراون، دەبێت ئەم پرۆسەی ئاشتییە ئاسۆیەک لەوبارەیەوە بکاتەوە بۆ گێڕانەوەی بەها بۆ بەشدارییکردنی سیاسی کورد لە تورکیا.
لە بەیاننامەکەی کۆنگرەی پەکەکە، بەهیچ شێوەیەک داوای خۆسەریی، فیدراڵیی و کۆنفیدراڵیی نەکراوە، بەڵکو تەنها نوسراوە "چارەسەری دیموکراتی"، ئەوەش ئەو خاڵەیە کە لە چەقی بەیاننامەکەدا جەختی لێکراوەتەوە.
هەربۆیە گێڕانەوەی بەها بۆ بەشداریی سیاسی و پابەندبوون بە بنەما دیموکراتییەکان، دەبێت لە نەخشەڕێی پرۆسەی ئاشتیدابێت لە تورکیا و کاروباری قەیومەکان بەتەواویی رابگیرێن.
کورد لە ئەوروپا:
تورکیا لەبەرئەوەی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە و گرێدراوە بە ئەوروپا، لەمەودوا کارتی سیاسی کورد لە ئەوروپا بەهێزتر دەبێت، بەوپێیەی زۆرینەی رەهای رەوەندی کوردی خەڵکی باکوری کوردستانن.
هەروەها دەیان هەزار کورد بەهۆی دۆسیەی پەکەکەوە لە تورکیاوە ئاوارەی ئەوروپا و وڵاتانی جیهان بوون، بەڵام دەبێت ئەم پرۆسەیە بەربەستی گەڕانەوەی ئەو کوردانە نەهێڵێت بۆ تورکیا و سودمەندبوون لە ناسنامە و وڵاتینامەی تورکیا.
هەروەها ئەو هەزاران کوردەی بەهۆی سکاڵای تورکیاوە لە ئەوروپا بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆدەرچووە، یان بزنس و سەرمایەکانیان دەستی بەسەرداگیراوە، دەبێت سەرجەمیان چارەسەر بکرێت.
باکوری کوردستان و ئاشتی
بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر و دۆسیەی پەکەکە، دەیان ساڵە ناوچە کوردنشینەکان پشتگوێخراون و جیاوازییەکی زۆر بەدیدەکرێت لەنێوان ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی جوگرافیای تورکیا.
لە ساڵانی داهاتوودا، دەبێت پلانێکی نیشتمانیی هەبێت بۆ دووبارە گێڕانەوەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییە نیشتمانییەکان بۆ باکوری کوردستان، ئەگەرچی لە دوو دەیەی رابردوودا لەو بوارەدا هەوڵی زۆردراوە.
بەدەر لەم خاڵانەی باسکران، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، کاریگەریی لەسەر هەرچوار بەشی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەبێت، لەکاتێکدا کەمترین زانیاریی لەبارەیەوە لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە.