هەواڵ

پارتی 19 و یەکێتی 12 کورسی بەدەست دێنن.. پێگەی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی عێراق چۆن دەبێت؟

Mic
2025-05-12


بەپێی شیکارییەک کە بۆ کورسی لایەنەکان کراوە لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست کورسی پەرلەمانی بەدەست دێنن و ژمارەی کورسییەکان خراوەتەڕوو.

ئارام جەمال، شارەزای بواری هەڵبژاردن لە شیکردنەوەیەکدا کە پشتی بە دەنگی لایەنەکان بەستووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، پێشبینیییەکانی بۆ کورسی لایەکان لە سێ بازنەی هەڵبژاردنی هەرێم بڵاوکردووەتەوە.

یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق" یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023 ی (هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە 12ی ساڵی 2018)" بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ کورسی لایەنەکان دیاریدەکات.

بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ، دەنگی لایەنەکان دابەشدەکرێت بەسەر 1.7، دووبارە دابەشدەکرێت بەسەر کۆلکە هاوبەشەکاندا، کە بریتین لە ژمارە تاکەکان، وەک  3، 5، 7، 9، 11 و 13... بەوشێوەیە بەرەوام دەبێت تا کورسییەکانی ئەو بازنەیە دابەشدەکرێت.

لە هەڵبژاردنی 11ـى 11ـى ئەمساڵدا، هەرێمی کوردستان کراوە بەسێ بازنەی هەڵبژاردنەوە، پارێزگای سلێمانی کە هەڵەبجەیش لەخۆدەگرێت، 18 کورسی پەرلەمانی بۆ دیاریکراوە و پارێزگای هەولێر 15 کورسی و دهۆک 11 کورسی بۆ دیاریکراوە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە، ئەو لایەنانەی کورسییان بردەوە، 642 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا کە بریتیبوون لە یەکێتی، پارتی، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، رەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل، گۆڕان، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان.

ئەگەر ئەو لایەنانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەمان دەنگ بەدەست بهێننەوە  ئەوا کورسییەکان  بەمشێوەیە دابەش دەبێت بەسەریاندا:

سلێمانی و هەڵەبجە:
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، 269 هەزار دەنگی بەدەسهێنا و بە 12هەزار دەنگیش دوو کاندیدی تورکمان و مەسیحی دەرچواند، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی هەشت کورسی بەدەست دەهێنێت.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی و هەڵەبجە 141 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی چوار کورسی بەدەست دەهێنێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان 62 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی دوو کورسی بەدەست دەهێنێت.
یەکگرتووی ئیسلامی 50 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی دوو کورسی بەدەست دەهێنێت
کۆمەڵی دادگەری 40 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی یەک کورسی بەدەست دەهێنێت.
رەوتی هەڵوێست 30 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی یەک کورسی بەدەست دەهێنێت
بەرەی گەل 21 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی ناتوانێت هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت.
گۆڕان نۆ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی ناتوانێت هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت.
هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان کە لە حزبی سۆسیالتست و حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشان پێکهاتبوو هەشت هەزار و ٥٠٠ دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی سلێمانی ناتوانێت هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت.


هەولێر:
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانەی هەولێر 347 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەیە نۆ کورسی بەدەست دەهێنێت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان 111هەزار دەنگی بەدەسهێناوە و بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی هەولێر 3 کورسی بەدەست دەهێنێت.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ 104 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی هەولێر 3 کورسی بەدەست دەهێنێت.
یەکگرتووی ئیسلامی 24 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی هەولێر هیچ کورسییەک بەدەست ناهێنێت.
کۆمەڵی دادگەری 20 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی هەولێر هیچ کورسییەک بەدەست ناهێنێت.
رەوتی هەڵوێست 16 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی هەولێر هیچ کورسییەک بەدەست ناهێنێت.
بەرەی گەل نۆ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی هەولێر هیچ کورسییەک بەدەست ناهێنێت.



دهۆک:
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانەی دهۆک 402 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ لەو بازنەیە 8 کورسی بەدەست دەهێنێت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان 8 هەزار دەنگی بەدەسهێناوە و بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی دهۆک 1کورسی بەدەست دەهێنێت.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ 46 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی دهۆک 1 کورسی بەدەست دەهێنێت.
یەکگرتووی ئیسلامی 42 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بە پێی سیستەمی سانتلیگۆ لە بازنەی دهۆک 1 کورسی بەدەست دەهێنێت.


بەپێی شیکارییەکە لە ئەگەری یەک لیستی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی یەکێتی ئەوا لە هەولێر پارتی کورسییەک لەدەست دەدات و کورسییەکە لە بەرژەوەندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان یەکلایی دەبێتەوە.


لە پارێزگای دهۆک هاوپەیمانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان رێگە دەگرێت لەوەی یەکێتی ئەو یەک کورسییە بەدەستبهێنێت و کورسییەکە لە بەرژەوەندی پارتی یەکلایی دەبێتەوە.



More News

Most Popular

هەواڵ

دوای چەکدانانی پەکەکە؛ چارەنووسی زیندانیەکان، قەییومەکان و کورد لە ئەوروپا

Mic
2025-05-13

کاتێک ئەنجامی کۆنگرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە راگەیاندرا، وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان و 12 سەرکردەی دیکەی کوژراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر دیوارەکەی پشتی سەرپەرشتیاری کۆنگرەکە هەڵواسرابوو، بەڵام لەسەر مێزەکە تەنها وێنەی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و هاوسەرۆکی (دەم پارتی) هەبوو کە سەرەتای ئەم مانگە کۆچی دواییکرد.

رۆژی 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکان و بزوتنەوە چەکدارییەکەی خۆی راگەیاند و داواکاریی عەبدوڵا ئۆجەلانی لەوبارەیەوە پەسەندکرد، بۆ کۆتایی هێنان بە 52 ساڵ خەباتی چەکداریی دژی سوپای تورکیا.
بڕیارەکەی پەکەکە و ئەو مشتومڕانەی لەپشتی پەردەوە ئەنجام دەدرێن بۆ بەدیهێنانی پرۆسەی ئاشتی و رەنگڕێژکردنی ئاشتی سەرتاسەری لە تورکیا، هێندە نهێنین کە چاودێرانی سەرسامکردووە.

لەناو تورکیادا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، جەختی لەسەر هەوڵەکان بۆ بەدیهاتنی ئاشتیی و نەماتی تیرۆرکرد لە تورکیا و بە ئەندامانی پارتەکەی راگەیاند، خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغی سەختی داهاتوو، بۆئەوەی پرسەکان بەلاڕێدا نەبرێت و بەرپرسیارێتی مێژویی بڕیارەکە هەڵدەگرن.

ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایکردووە، ئەردۆغان، پلانێکی هەیە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی 2028 بۆ جارێکی دیکە پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەدەستبهێنێتەوە و ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبەریەکهەڵوەشێنێت و هێزە کوردییەکان بخاتە بەرەی خۆیەوە.

بەگشتی کوردەکان بەشدارییان نەکرد لە خۆپیشاندانەکانی 19ی ئازاری ئۆپۆزسیۆن دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و سەرکردەی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا، ئەوەش وەکو سەرکەوتنێک بۆ سیاسەت و بڕیاری نوێی ئەردۆغان لێکدرایەوە بۆ نزیکبوونەوە لە کوردەکان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای بانگەوازێکی مێژوویی ڕێبەرەکەی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە زیندانی کراوە، بۆ دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە. ئەمەش زەمینەی بۆ کۆتایی هاتنی ململانێی چل ساڵەی نێوان چەکدارانی کورد و دەوڵەتی تورکیا خۆش کرد.

چاوەڕوانکراوەکان:
چارەنوسی ئۆجەلان: هێشتا چارەنوسی ئۆجەلان بە هەڵپەسێدراوی ماوەتەوە و لێدوانی جیاجیا بەدیدەکرێن، بۆ نمونە، پارتی داد و گەشەپێدان لە رۆژنامەی "تورکیا"ی زمانحاڵی حکومەت، ئاشکرایکردووە کە سیستمی بەندکردنی ئۆجەلان پاش هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، "هێوردەکرێتەوە"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئازادکردنی بدات.

 یەکەمجار دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی حیزبی نەتەوەپەرستی تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، دەستپێشخەری ئاشتی کرد، بۆئەوەی لە پەرلەمانەوە بە یاسا گۆڕانکاریی لە بڕیاری سزای سەر ئۆجەلاندا بکرێت و ئاشتی بەرقەراربکرێت و کۆتایی بە تیرۆربهێنرێت.

هەر بۆیە شاندێکی دەم پارتی کە سری سورەیا ئۆندەر سەرپەرشتیی دەکرد، سەردانی دورگە ئیمرالیان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە و پرۆسەی ئاشتییان گەیاندە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو.

شاندی دانوستانکاری ئیمرالی، چەندینجار ئەوەیان راگەیاندووە کە ئیتر تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی تورکیادایە کە هەنگاو هەڵگرێت بۆ دەرکردنی یاسایەک کە کۆتایی بە دۆسیەی تیرۆر بهێنێت لە وڵاتەکەیان و ئۆجەلان ئازادبکرێت.

کوژراو یان شەهید؟
لەو یاسایەدا کە پەرلەمانی تورکیا دەریدەکات، دەبێت ئەو تێڕوانینەش راست بکرێتەوە کە 41 ساڵە هێزی خێر و شەڕی لەیەکتریی جیاکردووەتەوە.

لەمەودوا هەردوو لایەنی ناکۆکیی و بەشەڕهاتوو (پەکەکە و سوپای تورکیا) دەبنەوە یەک هێز و کۆتایی بە خوێنڕشتن دەهێنرێت، هەروەها ئەو خوێنەی کەڕژاوە دەبێت مامەڵەیەکی دیکەی لەگەڵ بکرێت و کەسوکاری شەهیدەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش خۆیان بە هاوبەشی پرۆسەی ئاشتی بزانن و بە چاوی دوژمن لە شەهیدەکان و کەسوکاریان نەڕوانرێت.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاریگەریی لەسەر رێسا جێبەجێکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت، لەمەودوا بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە، نابێت سزای لەسەربێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی تورکیا ئەو سکاڵا و داخوازاییانەی خۆی لە کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا دەکێشێتەوە.

ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، زۆرێک لەو سزایانەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕی ئینتەرنێت، بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سەپێنرابوون بەسەر زاراوە کوردییەکاندا، هەڵدەگیرێن و قۆناغێکی نوێ لەو بوارەدا دەستپێدەکات.

ئەو مەترسیەی مام جەلال ئاماژەی پێکردبوو
لە یەکێک لە چاوپێکەتنەکانی پێشوویدا، مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژەی بەوەکردبوو، دۆزی کورد زۆر زیانی پێگەیشتووە بەهۆی تۆمارکردنی پەکەکە لە ریزی گروپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا.

مام جەلال بە خاوەنی یەکەم دەستپێشخەری دەناسرێت کە کاری بۆ ئاشتیی نێوان پەکەکە و تورکیا کرد لە سەردەمی تورکوت ئۆزالی سەرۆکی پێشووتری تورکیا لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، بەڵام گفتوگۆکان نەگەیشتنە قۆناغی دانوستاندن و چارەسەریی بنەڕەتی، هەر بۆیە مام جەلام دەیزانی ئەگەر کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە  تورکیا چارەسەر نەکرێت، لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەربەستی زۆر بۆ دیپلۆماسیەت و دۆزی کوردی دروستدەبێت.

لەمەودوا کورد لە تورکیا دەتوانن وەکو هێزێکی سیاسی کاریگەر بەشداریی لە پرۆسەی سیاسییدا بکەن و پەیوەندیی بە گەلانی دونیاوە بکەن.

زیندانییەکان:
بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، لەمەودوا دەبێت بە زیاتر لە 40 هەزار زیندانییکراو و بەندکراو لە تورکیا ئازادبکرێن، ئەوەش ئومێد دەگێڕێتەوە بۆ دەیان هەزار خێزانی کورد لە باکوری کوردستان و کۆتایی بە گۆشەگیرییان دەهێنرێت.

کاتێکیش زیندانییکراوەکان ئازاد دەکرێن، زۆرینەیان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کار و پۆست و پیشەکانی پێشووی خۆیان، کە بەشێکی زۆریان کاربەدەست و سەرۆکی شارەوانی و کەسانی ئیداریی و کارگێڕیی و وەبەرهێنەربوون.

لابردنی قەیومەکان
دەیان شارەوانی لە تورکیا بەهۆی تۆمەتبارکردنی سەرۆکی شارەوانییەکان کە بە هەڵبژاردن دەرچووبوون، لەلارەکانیان لادراون و قەیوم لە جێگایان دانراون، دەبێت ئەم پرۆسەی ئاشتییە ئاسۆیەک لەوبارەیەوە بکاتەوە بۆ گێڕانەوەی بەها بۆ بەشدارییکردنی سیاسی کورد لە تورکیا.

لە بەیاننامەکەی کۆنگرەی پەکەکە، بەهیچ شێوەیەک داوای خۆسەریی، فیدراڵیی و کۆنفیدراڵیی نەکراوە، بەڵکو تەنها نوسراوە "چارەسەری دیموکراتی"، ئەوەش ئەو خاڵەیە کە لە چەقی بەیاننامەکەدا جەختی لێکراوەتەوە.

هەربۆیە گێڕانەوەی بەها بۆ بەشداریی سیاسی و پابەندبوون بە بنەما دیموکراتییەکان، دەبێت لە نەخشەڕێی پرۆسەی ئاشتیدابێت لە تورکیا و کاروباری قەیومەکان بەتەواویی رابگیرێن.

کورد لە ئەوروپا:
تورکیا لەبەرئەوەی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە و گرێدراوە بە ئەوروپا، لەمەودوا کارتی سیاسی کورد لە ئەوروپا بەهێزتر دەبێت، بەوپێیەی زۆرینەی رەهای رەوەندی کوردی خەڵکی باکوری کوردستانن.

هەروەها دەیان هەزار کورد بەهۆی دۆسیەی پەکەکەوە لە تورکیاوە ئاوارەی ئەوروپا و وڵاتانی جیهان بوون، بەڵام دەبێت ئەم پرۆسەیە بەربەستی گەڕانەوەی ئەو کوردانە نەهێڵێت بۆ تورکیا و سودمەندبوون لە ناسنامە و وڵاتینامەی تورکیا.

هەروەها ئەو هەزاران کوردەی بەهۆی سکاڵای تورکیاوە لە ئەوروپا بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆدەرچووە، یان بزنس و سەرمایەکانیان دەستی بەسەرداگیراوە، دەبێت سەرجەمیان چارەسەر بکرێت.

باکوری کوردستان و ئاشتی
بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر و دۆسیەی پەکەکە، دەیان ساڵە ناوچە کوردنشینەکان پشتگوێخراون و جیاوازییەکی زۆر بەدیدەکرێت لەنێوان ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی جوگرافیای تورکیا.

لە ساڵانی داهاتوودا، دەبێت پلانێکی نیشتمانیی هەبێت بۆ دووبارە گێڕانەوەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییە نیشتمانییەکان بۆ باکوری کوردستان، ئەگەرچی لە دوو دەیەی رابردوودا لەو بوارەدا هەوڵی زۆردراوە.

بەدەر لەم خاڵانەی باسکران، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، کاریگەریی لەسەر هەرچوار بەشی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەبێت، لەکاتێکدا کەمترین زانیاریی لەبارەیەوە لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە.