هەواڵ

یەکێتی …گێمی دووەمی یارییەکە بە بەرزکردنەوەی کارتی سوور دەستیپێکرد

Mic
2021-11-02

هێشتا پەیامە تەلەفزیۆنییەکەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەتەواوی نەگەیشتە بەرچاو و گوێی خەڵک و هەوادارەکانی، دەسەڵاتدارانی دەباشان، لە میدیاکانی پارتییەوە، هەواڵی دوورخستنەوەی لاهور جەنگی و پێنج سەرکردەی دیکەی ئەو حزبەیان راگەیاند.

حاڵی حازر، گێمی یەکلایکردنەوەی یاریەکە دەستیپێکردوە، یارییەک کە گێمی یەکەمی لە ٨ ی تەمووز دەستپێکرد و تائێستا گرووپی دەباشان براوەین.

دوورخستنەوە لاهور جەنگی و پشتیوانانی، دۆخی ناوخۆیی حزبەکەی بردە قۆناغێکی قوڵتر، کە بەتەواوی گریمانە و ئەگەری نزیکبوونەوە و ئاشتبوونەوەی لەڕەگەوە هەڵکەند.

ئێستا چاوەکان لەسەر کاردانەوەکانی لاهور جەنگین، هەرچەندە هەر زوو هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی رەخنەیان لەو بڕیارانە گرت کە بەناوی مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە دەرکران.

ئەوان دەڵێن بڕیاری دەکردن و دوورخستنەوەی هەر ئەندامێکی سەرکردایەتی، دەبێت ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسەندی بکات،
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی لەسەر داوای ٥١ ئەندامی سەرکردایەتی، لێسەندنەوەی متمانە لە هاوسەرۆک دەخرێتە دەنگدانەوە و بۆ جێبەجێکردنیشی پێویستی بە ٢\٣ دەنگی ئەندامەکان دەبێت.

لەسەر ئەو بنەمایە، بڕیارەکان لەبارەی دەرکردنی هاوسەرۆک و ئەندامانی دیکەوە، بە نایاسایی و کارپێنەکراو دەزانن.

تائێستا مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەفەرمی بڕیاری دەکردنی ئەو سەرکردانەی خۆی پشتڕاست یان رەتنەکردۆتەوە، بەڵام سەرچاوە نافەرمییەکان دەڵێن بڕیارەکە دراوە.
هێشتا رووننیە، کە لەکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا بۆ دەکردنی بڕیارەکان، چەند ئەندام ئامادەیی بوون، بەڵام زانیاری هەیە کە ئەوانەی بەشداربوون، بڕیارەکەیان بەلاوە پەسەند بووە.

رەنگە لەم گێمەدا یاریزانی دەرەکیش بێنە ناو یارییەکەوە، دوای ئەوەی لەیارییەکەدا کارتی سور بەڕووی کاپتنی یەکێک لەتیمەکان و پێنج یاریزانی سەرەکیدا بەرزکرانەوە، کە ئەوەش وادەکات ئەگەری توڕەبوونی جمهوری لێبکەوێتیەوە و یارییەکە بەرەو ئاڵۆزیی بڕوات.ئاڵۆزی نێوان یاریزانەکان لەلایەک و جمهور و لایەنگرانیان لەلایەکی دیکە.


More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.